ئیرەڤانی: ئێران، هیچ کارێکی دژ بە هێزی ئەمریکایی نێو سوریا و عێراق نەکردووە
ئەمیرسەعید ئیرەوانی باڵوێز و نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەموو بانگەشەکانی ئەمریکای لە نامەکەیدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی بە بێ بنەما زانی و وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران هەرگیز دەستی نەبووە لە هیچ کردەوە یان پەلامارێکی دژ بە هێزی سەربازیی ئەمریکا لە سوریا و عێراقدا.
ئەمیرسەعید ئیرەوانی باڵوێز و نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە لە نامەیەکدا بۆ ئانتۆنیۆ گۆتێرێشی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ئەم ڕێکخراوەیە نووسی: هەوڵی ئەمریکا بۆ بەڵگەهێنانەوە و پشت بەست بە مافی بەرگری لە خۆ بە پێی بڕگەی پەنجا و یەکی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە شەرعییەتدان بە کردوە سەربازییە نایاساییەکانی لەوان پەلاماردانی خەڵکی مەدەنی و تیابردنی ژێرخانە گرینگ و بنەڕەتییەکانی سوریا ، هیچ پێگەیەکی یاسایی نییە و شیکردنەوەیەکی سەرەڕۆیانە و نادرووستە لە بڕگەی پەنجا و یەکی ئەم جاڕنامەیە. ناوبراو وتیشی: ئامانجی ئاشکرای وەها بانگەشەگەلێکی بێ بنەما، پاساودانی بنپێکردنی بێوچانی یاساو ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لایەن ئەمریکاوە لە نێو خاکی سوریادایە.
باڵوێز و نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: بە پێی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان، وڵاتێکی داگیرکەر مافی ئەوەی نییە پشت بە مافی بەرگری لە خۆی وەکوو پاساوێک بۆ کردەوە نایاساییەکانی لەو خاکەی ببەستێ کە داگیری کردووە. ئیرەوانی وتیشی: نوێنەری هەمیشەیی کۆماری عەرەبی سوریا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە جاران نەیارەتیی تووندی ئەم وڵاتە دژ بە مانەوەی نایاسایی هێزی سەربازیی ئەمریکا لە خاکی سوریای ڕاگەیاندووە و ئەوەی بە بنپێکردنی ئاشکرای یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و بایەخ نەدانی ئاشکرا بە مافی سەروەریی نیشتمانی، یەکپارچەیی خاک ، یەکێتی و سەربەخۆیی سیاسیی سوریا زانیوە.