وشداری یونیسێف لەحاند مەترسیی بڵاوبوونەوەی کولێرا لە غەززە
"جەیمز ئێلدێر" وتەبێژی سنووقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) وشداری دا سەبارەت بە مەترسیی بڵاوبوونەوەی کولێرا لە غەززە و هەڵکشانی ڕێژەیی مردنی منداڵان، بێتوو ئەم نەخۆشییە لەم کەرتە بڵاو ببێتەوە.
"جەیمز ئێلدێر" وتەبێژی (یونیسێف) وشداری دا، بە بێ سووتەمەنیی پێویست، ئێمە پەککەوتن و تیاچوونی دام و دەزگە و ناوەندەکانی تەندرووستی و دەرمان لە غەززە دەبینین. کەوایە، جگە لە گوللەهاوەن و بۆمب، هەلێکی بێ وێنە دەڕەخسێ بۆ بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە. ئێلدێر وتیشی: ئەگەری زیاتر بوونی هەژماری گیان لە دەستدان لە غەززە بەشێوەیەکی بەرچاو زیاتر بووە، لەبەر ئەوەی کە مەزەندە دەکرێ هەشتسەد هەزار منداڵی ئەم ناوچەیە لە ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە بوونە.
ئەوە لەکاتێکدایە کە نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکومەتی فەلەستین لە غەززە شەوی ڕابردوو رایگەیاند؛ چواردە هەزار و سەد و بیست و هەشت کەس لەوان پێنج هەزار و ٨٤٠ منداڵ و سێ هەزار و ٩٢٠ ژن لە دەسپێکی دەسدرێژییەکەی ڕژێمی زایۆنییەوە بۆ سەر غەززە شەهید بوونە. ئەم نووسینگە وتیشی: زیاتر لە شەش هەزار و ٨٠٠ کەس بێ سەر و شوێنن و یان لە ژێر دار و پەردوودا ماونەتەوە. هەروەها ژماری بریندارانیش لە سی و سێ هەزار کەس تێپەڕیوە و زیاتر لە سەدی حەفتا و پێنجیشیان ژن و منداڵن.