تشرینی دووه‌م 25, 2023 10:00 Asia/Tehran

ئەفسەرێکی پێشووی هەواڵگریی هێزی دەریایی ئەمریکا، وێڕای ڕوونکردنەوەی ڕەھەندە جۆربەجۆرەکانی هەوڵی بڵاوکردنەوەی درۆو دەلەسە لەلایەن ڕژێمی داگیرکەری قودسەوە لە جەنگەی شەڕی غەززە، وتی: ئۆپەراسیۆنی ٧ی ئۆکتۆبەر بە واتای ڕاستەقینە ئیسرائیلی سوک و زەلیل کرد.

«سکات ڕیتەر» ئەفسەری پێشووی هەواڵگریی هێزی دەریایی ئەمریکا و پشکێنەری پێشووی چەکەمەنیی سەربە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی پرێس تیڤی وتی: ئۆپەراسیۆنی حەوتی ئۆکتۆبەری بزوتنەوەی حەماس دژی ڕژێمی ئیسرائیل کاردانەوەی گەلی فەلەستین بوو بەرامبەر بە چەندین ساڵ تاوانکاریی ئیسرائیل دژی ئەم نەتەوەیە. بێگومان بەرخۆدانی فەلەستین لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا گەلێک جار شکستی بە ڕژێمی ئیسرائیل و دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی هێناوە.

ئەم ئەفسەرەی پێشووی هەواڵگریی ئەمریکا ڕاشیگەیاند: ئۆپەراسیۆنی ٧ی ئۆکتۆبەری خۆڕاگریی فەلەستین بە واتای ڕاستەقینە ئیسرائیلی سوک و زەلیل کرد. وتیشی: هێرشە بەرفراوانەکانی ئەم دواییەی ڕژێمی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە ، ئابڕوچوون و شکست ھێنانی ڕەوشتی  بۆ ئیسرائیل لێ کەوتەوەو  سیمای ڕاستەقینەی ئەم ڕژێمەی بۆ ڕای گشتی جیهان ئاشکرا کرد.

پشکێنەری پێشووی چەکەمەنیی نەتەوە یەکگرتووەکان وتیشی: لەئێستادا درۆو دەلەسەکانی ئیسرائیل سەبارەت بە فەلەستینییەکان زۆر خێرا ئاشکرا دەبن و ئەم ڕژێمە بێ ئابڕووتر دەکەن. لە جەنگەی شەڕی غەززەدا بە ئاشکرا دەبینین کە ئیسرائیلییەکان چیتر ناتوانن ڕاستییەکان سەرکوت بکەن. دیارە ئەمەش پرسێکی گرنگە. بابەتێک کە لە شێوەی پشتیوانیی بیروڕای گشتیی نێونەتەوەیی بۆ خۆڕاگری و نەتەوەی فەلەستین دەردەکەوێت.

سەرپەیڤ