کانونی یه‌که‌م 25, 2023 10:50 Asia/Tehran

خۆپیشاندانی لایەنگرانی فەلەستین لە لەندەن و چەند شارێکی دیکەی ئەورووپا بۆ یازدەهەمین هەفتەی لەسەریەک بەڕێوەچوو.

هەزاران کەس لە چین و توێژە جیاوازەکانی خەڵک لە ئینگلیز، فەرەنسا، ئەڵمان، ئسپانیا، هۆڵەندا، ئیتالیا و... دوێنێ شەممە بۆ یازدەهەمین هەفتەی لەسەریەک و بۆ هاوخەمی و هاودەنگی دەربڕین لەگەڵ فەلەستینییەکان لە سەروبەندی لە دایکبوونی حەزرەتی عیسا (د.خ) ڕژانە سەر شەقامەکان و ئەوپەڕی توڕەیی و بێزاریی خۆیان لە هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنی دژ بە فەلەستینییەکان دەربڕی. بەشداربووانی خۆپیشاندانەکەی لەندەن کە سەربە ئایین و نەتەوەی جۆراوجۆر بوون، ئاڵای فەلەستینیان بە دەستەوە بوو، دروشمیان دەدا و داوای دامەزرانی ئاگربڕی دەستبەجێ لە کەرتی غەززەیان دەکرد. هەروەها خۆپیشاندەران لافیتەگەلێکیان پێ بوو کە لەسەریان درووشمگەلێک بۆ پشتیوانی لە ئازادیی فەلەستین و وەستاندنی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنی لەدژی فەلەستینییەکان نووسرابوو. بەشێک لە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکەی لەندەن، قوماشگەلێکی سپییان بە دەستەوە بوو کە ژەنرابوویە خوێنی سوورەوە؛ وەک نیشانەیەک لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر فەلەستینییەکان.

پێشتریش لە درێژەی ناڕەزایەتیی دەربڕین بەرامبەر بە جەنایەتە دڕندانەکانی ڕژێمی زایۆنی لە کەرتی غەززە، هەزاران لایەنگری فەلەستین لە شارە جۆربەجۆرەکانی وڵاتانی ئەورووپایی خۆپیشاندانیان بەڕێوە بردبوو وبە دانی دروشم داوای دامەزرانی ئاگربڕی دەستبەجێ لە کەرتی غەززەیان کردبوو.

سەرپەیڤ