کانونی دوھەم 10, 2024 15:50 Asia/Tehran

وتەبێژی وەزارەتی بەرەڤانیی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە سەربازەکانیان عێراق بەجێناهێڵن.

پاتریک ڕایدەر بە کردنەبیانووی داعش وتی: ئێستا هیچ پلانێکی کشانەوەمان نییە کە من ئاگاداری بم. ئێمە جارێ چڕمان کردۆتە سەر شکستپێهێنانی داعش.

ناوبراو بە بانگەشەی ئەوەی کە دوو هەزار و پێنسەد سەربازی ئەمریکایی لەسەر بانگهێشتی حکومەتی عێراق لەم وڵاتەدا ماونەتەوە، ئیدیعایشی کرد کە هیچ ئاگادارکردنەوەیەک لە بەغداوە نەگەیشتۆتە وەزارەتی بەرەڤانیی ئەمریکا سەبارەت بە بڕیاری دەرکردنی سەربازانی ئەم وڵاتە. ئەوە لەکاتێکدایە هەفتەی ڕابردوو حکومەتی عێراق ڕایگەیاند کە بەنیازە پرۆسەی دەرکردنی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا لەم وڵاتە دەست پێبکات. محمد شیاع السودانی» سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کاردانەوە بە بنپێکرانی بەردەوامی سەروەری و سیادەی ئەم وڵاتە  لەلایەن هاوپەیمانی ئەمریکاییەوە باسی ویست و ورەی لێبڕاوانە و نەگۆڕی حکومەتی عێراقی کرد بۆ دەرکردنی داگیرکەرانی ئەمریکایی؛ گروپەکانی خۆڕاگریش داوای گەرەنتییان لە بەغدا کرد بۆ جێبەجێکردنی ئەم بەڵێنە.

هەروەها سەرچاوە سیاسییەکانی عێراق باسی کۆبوونەوەی محەمەد شیاع سودانییان کردووە لە ڕۆژی چوارشەممەدا لەگەڵ سەرکردە و نوێنەرانی هاوپەیمانی چوارچێوی هەواهەنگیی سیاسیی شیعەکانی عێراق بۆ بەلێکدانەوەی کێشەی بوونی هێزی ئەمریکایی و هێرشە ئاسمانییەکانی ئەم دواییەی بۆ سەر پێگەکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی.

ئەم ژێدەرانە هەروەها ڕایانگەیاندووە کە سوودانی لەم کۆبوونەوەیەدا ، سەرانی چوارچێوی هەواهەنگی لە دوایین پێشهاتەکان ئاگادار دەکاتەوە، لەوانەش ئەو لیژنە سەربازی و دیپلۆماسییەی کە بڕیارە کاربکات بۆ کۆتاییهێنان بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.

سەرپەیڤ