کانونی دوھەم 25, 2024 15:30 Asia/Tehran

دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە تەوەری شەڕی غەززە بەڕێوە چوو و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی جۆربەجۆر، وێڕای ڕەخنەگرتن لە داکۆکییەکانی ئەمریکا لە تاوانکارییەکانی رژیمی ئیسرائیل، جەختیان کردلەسەر وەستاندنی ژینۆساید وکۆمەڵکوژیی فەلەستینیەکان.

"سێرگئی لاڤرۆف"ی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دوێنێ سێ شەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش بە تەوەری فەلەستین و غەززە، وتی: ئەمریکا لەهەمبەر کەرتی غەززەدا، ستاندار وپێوەرێکی دووفاقیی ڕەچاو دەکا و ڕێ دەگرێ لە هاتنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆئەو ناوچەیە.

لاڤرۆف بەئاماژە بەوەی کە دەسوەردانەکانی ئەمریکا لە ناوچەی رۆژاوای ئاسیا، بووەتەهۆی سەرهەڵدانی کارەسات، شەڕ و پێکدادان، پێی داگرت: سێناریۆی پەرتەوازە بوونی فەلەستینیان لە غەززە، سێناریۆیەکی سامناک و تۆقێنەرە و نابێ جێبەجێ بکرێ.

حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان -ی وەزیری دەرەوەی ئێرانیش وتی: لەڕێی بەکارهێنانی زانیاریی ناڕاست، رژیمی زایۆنی هەوڵ دەدا سەرنجی جیهانی لە ژینۆساید و ئەو کۆمەڵکوژییانەی بەپاڵپشتیی ئەمریکا لە غەززەو لێواری رۆژاوا دەیکا، بەلاڕێدا ببات، رژیمی ئیسرائیل بەرپرسایەتی تەواوی تاوانکاراییەکان لە فەلەستینی داگیرکراوی لەئەستۆیەو تاوانە جەنگییەکانی بەشێوەی بەرفراوان لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و گشت ڕێکخراوەکانی مافی مرۆیی، بەڵگەمەند کراوەو وەک تۆمارکراوترین ژینۆساید لە مێژووی هاوچەرخ دەیناسێنن.

"زەمبری عبدالقادر" وەزیری دەرەوەی مالێزیش لە دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ، بەئاماژە بەوەی کە ئەو دەزگە گرینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەستاندنی شەڕی غەززە، لاوازە، وتی: ٨٥ لەسەتی حەشیمەتی کەرتی غەززە ئاوارە بوون و ئیسرائیل خوێندنگەو پەناگەکانیش بۆردومان دەکا.

وەزیری دەرەوەی مالێزی بەئاماژە بەوەی کە ئەوەی وا رژیمی ئیسرائیل لە غەززەدا دەیکا، ژینۆسایدە، وتی: دەبێ رژیمی ئیسرائیل لەبەر پێشێلکردن و بەزاندنیی جیددیی یاساوڕێسا نێودەوڵەتییەکان، وەڵامدەر بێ، چونکە ئەو رژیمە خەریکی سزادانی بەکۆمەڵی گەلی فەلەستینە.

"رتێنۆ مەرسودی" وەزیری دەرەوەی ئەندۆنزیاش لە دانیشتنی ئەنجومەنی ئاسایش، بەئاماژە بەوەی کە رژیمی ئیسرائیل هەروا درێژە دەدا بە قڕکردن و کوشتنی فەلەستینیان لە کەرتی غەززە، وتی: دەبێ پێش بگیردرێ بە ڕەوتی ناردنی چەکەمەنی بۆ رژیمی زایۆنی و ئەو رژیم دەبێ وەڵامدەری کردەکانی بێ.

وەزیری دەرەوەی ئەندۆنزیا بەئاماژە بەوەی کە ئامانجی رژیمی ئیسرائیل، سڕینەوەی فەلەستین لە نەخشەی جیهانە، پێی داگرت: فەلەستین دەبێ ئەندامەتی تەواوی بێ لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا.

سەرپەیڤ