شوبات 03, 2024 13:30 Asia/Tehran

خۆپیشاندەرانی ئەمریکایی ناڕەزایەتییان دەربڕی بەرامبەر بە پشتیوانی کردنی واشینگتۆن لە جەنایەتەکانی ڕژیمی زایۆنی لە کەرتی غەززە و خوازیاری کۆتایی هاتنی خێرای شەڕ لە فەلەستین بوون.

خۆپیشاندەرانی ئەمریکایی بە بەدەستەوەگرتنی لافیتە و پارچەنووس کە درووشمی کۆتایی هاتنی پشتیوانییەکانی کۆشکی سپی لە ڕژێمی زایۆنییان لەسەر نووسرابوو، خوازیاری دامەزرانی ئاگربڕی خێرا لە غەززە بوون. سەدان کەس لە موسڵمانان و ئەمریکاییە بەڕەچەڵەک عەرەبەکانی دانیشتووی ئەیالەتی میشیگانیش لە کاتی سەردانی "جۆ بایدێن"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەم ئەیالەتە ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ ئەوەی ناڕەزایەتی دەرببڕن بەرامبەر بە سیاسەتەکانی بایدێن سەبارەت بە پشتیوانی کردنی ژینوسایدی ڕژێمی زایۆنی لە غەززە.

ناڕەزایەتیی جەماوەری دژ بە پشتیوانییەکانی واشینگتۆن لە جەنایەتەکانی ڕژێمی زایۆنی لە کاتێکدا ڕووی لە پەرە ناوە کە ڕەوشی مرۆیی لە کەرتی غەززە لەبەر بێدەنگەکردنی زلهێزانی ڕۆژاوایی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا تا دێ ئاڵۆزکاوتر دەبێ. هەر لەم ئاراستەیەدا،  ئانڕوا دوابەدوای تۆمەتبارکرانی دوازدە فەرمانبەری لە لایەن ئیسراییلەوە  و بڕانی یارمەتیدرانی ئەم ڕێکخراوەیە ، وشداری دا کە ئەگەری زۆرە ناچار بێ دواڕۆژانی فێڤرییە چالاکییەکانی لە سەرانسەری ڕۆژاوای ئاسیا ڕابگرێ. لە لایەکی دیکەشەوە ئانتۆنیۆ گۆتێرێش سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئەمدواییە داوای لە حکومەتەکانی جیهان کردووە بە سەرنجدانی ڕەوشی کارەساتباری کەرتی غەززە لەبەر بەردەوام بوونی پەلامارەکانی ڕژێمی زایۆنی، درێژە بدەن بە یارمەتیدانی دراویی ئانڕوا.

سەرپەیڤ