ناتۆ: هیچ پلانێک لە ئارادا نییە بۆ بەڕێکردنی هێزی جەنگاوەری بۆ ئوکراین
https://kurdish.sahartv.ir/news/جیهان-i425491-ناتۆ_هیچ_پلانێک_لە_ئارادا_نییە_بۆ_بەڕێکردنی_هێزی_جەنگاوەری_بۆ_ئوکراین
سکرتێری گشتیی ناتۆ دوابەدوای قسەکانی سەرۆک کۆماری فەرەنسا سەبارەت بە ئەگەری بەڕێکرانی هێزی سەربازیی وڵاتانی ئەورووپایی بۆ ئوکرایین وتی کە هیچ پلانێک لەئارادا نییە بۆ بەڕێ کردنی هێزی جەنگاوەری بۆ ئەم وڵاتە.
(last modified 2026-02-14T07:05:55+00:00 )
شوبات 28, 2024 08:00 Asia/Tehran

سکرتێری گشتیی ناتۆ دوابەدوای قسەکانی سەرۆک کۆماری فەرەنسا سەبارەت بە ئەگەری بەڕێکرانی هێزی سەربازیی وڵاتانی ئەورووپایی بۆ ئوکرایین وتی کە هیچ پلانێک لەئارادا نییە بۆ بەڕێ کردنی هێزی جەنگاوەری بۆ ئەم وڵاتە.

"یەنس ستۆلتێنبێرگ" وتی کە ئەم هاوپەیمانییە سەربازییە بەنیازی ئەوە نییە هێزی سەربازی  بەڕێکات بۆ بەرەکانی شەڕ لە ئوکرایین.

ستۆلتێنبێرگ وتیشی: هاوپەیمانانی ناتۆ، پشتیوانییەکی بێوێنە لە ئوکرایین دەکەن. ئێمە ئەم کارەمان لە ساڵی دووهەزار و چواردەوە کردووە و لەو کاتەوەیش کە ڕووسیایش هێرشی کردووە، زیاتر پەرەمان پێداوە. بەڵام هیچ پلان و بەرنامەیەک بۆ ناردنی هێزی جەنگاوەری بۆ بەرەکانی شەڕ لە ئوکرایین لە ئارادا نییە.

قسەکانی ستولتێنبێرگ لە کاردانەوە بە قسەکانی ڕۆژی رابردووی "ئیمانۆئێل مەکرۆن"ی سەرۆک کۆماری فەرەنسایە کە پاش میواندارێتی کردنی کۆبوونەوەی ڕێبەرانی ئەورووپایی لە پاریس وتبووی: ئەمڕۆ هیچ یەکدەنگییەک  بۆ ناردنی هێز، بەشێوەی فەرمی لە ئارادا نییە. بەڵام هەوڵەکانمان هەر بەردەوام دەبن.

سەرۆک کۆماری فەرەنسا وتی: ئێمە دەبێ ڕەوشەکە لێک بدەینەوە و وشیار بین کە ئاسیشی هەر هەموومان بە گشتی لە مەترسیدایە. ئێمە دەبێ خێراتر بجوڵێینەوە.

لە کاردانەوە بەم قسانەی مەکرۆن، "دیمیتری پسکۆف" وتەبێژی کۆشکی کرێملینیش وتی: کرێملین، قسەکانی مەکرۆن سەبارەت بەوەی کە ناردنی هێزی سەربازی بۆ ئوکرایین، لە نێو وڵاتانی ئەورووپاییدا خراوەتە بەر ناس و لێکدانەوە، بە هەند وەردەگرێ.