وتەبێژی یونیسێف: منداڵانی غەزە بەهۆی بەدخۆراکی گیانیان لەدەست دەدەن
وتەبێژی یونیسێف ڕایگەیاند کە منداڵانی غەزە زۆرترین قوربانی شەڕەکەی ئەو ناوچەن و بەهۆی بەدخۆراکی لەڕادەبەدەر بەردەوام گیانیان لەدەست دەدەن.
سەلیم عەویس"ی وتەبێژی ناوچەیی سندوقی منداڵانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان یونیسێف ڕایگەیاند کە منداڵانی غەزەیی زۆرترین قوربانی شەڕەکەی ئەو ناوچەن و بەهۆی بەدخۆراکی لەڕادەبەدەر بەردەوام گیانیان لەدەست دەدەن.
ناوبراو وتی: نەگەیشتنی یارمەتی فریاگوزاری بە باکوری کەرتی غەزە دۆخی منداڵانی ئەو کەرتەی شپرزە کردوەو هەربۆیە ئێمە پێویستی خێرامان هەیە بەهەنگاونانی نێودەوڵەتی بەئاراستەی ڕزگارکردنی گیانی ئەو منداڵانە، و ئەوەی کە لە غەزە رودەدا تاقیکاریەکە بۆ ویژدانی مرۆڤانەی کۆمەڵگەی جیهانی و ڕێژەی یارمەتیە وەرگیراوەکان لەبەراورد لەگەڵ پێویستی ئەو خەڵکە یەگجار کەمە.
لەلایەکی دیکەوە تیدرۆس ئادهانۆمی سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی"یش وریایی دا کە لەبەر کەمی خواردەمەنی منداڵانی غەزە تووشی مەترسی مەرگ هاتوون و ڕاشیگەیاند ئاکامی سەردانی کاربەدەستانی ڕێکخراوەکەی لە نەخۆشخانەکانی عودەو کەمال عه دوان لە باکوری ئەو کەرتە ڕوداوی ترسناک و نەگبەتی تێدایە کە کەمی خواردن مردنی منداڵانی لێکەوتۆتەوەو ئاستێکی یەگجار زۆر لە بەدخۆراکی لەو دوو نەخۆشخانە بەدی کراوە کە بیناو دامەزراوەکانیان لە ڕەوتی پەلامارەکانی زایۆنیستەکان دا بەتەواوی کاول بوە.