حوزه‌یران 30, 2024 20:43 Asia/Tehran
  • کۆماریخوازەکان ئامادەی کشانەوەی بایدێن بن

ئەندامێکی پارتی کۆماریخوازی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە کشانەوەی بایدێن لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ئەم وڵاتە پێشبینی دەکرێ.

"نیکی هەیلی" خەنیمی پێشووی "دۆناڵد ترەمپ" جەختی کرد کە پارتی دیموکراتی ئەمریکا پاش شکستهێنانی "جۆ بایدێن" لە دۆناڵد ترەمپ لە دیبەیتی تەلەڤزیۆنیدا، بەربژارێکی کەمتەمەنتر لە جێگای دادەنێ و کۆماریخوازەکان دەبێ ئامادەی ئەوە بن.

هەیلی وتیشی: بایدێن لەم دیبەیتەدا تەواو پەرێشان و ئاڵۆز ببوو، تا ڕادەیەک کە ئەو بابەتانەی لە بیرچوو کە بڕیار بوو قسەیان لەسەر بکات. 

کارنامەی لاوازی بایدێن لە دیبەیتی ئەمدواییەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری پێشوو و بەربژاری هەڵبژاردنەکانی بەردەمی ئەمریکا، بۆتە هۆی ئەوەی ژمارێک لە دیموکراتەکان بیر لە دانانی کەسێکی تر لە جێگای بایدێن بکەنەوە.

ناوەندی هەڵبژاردەیی بایدێن رایگەیاندووە کە ئەو بەنیازی کشانەوە نییە، بەڵام بێتوو بکشێتەوە ئەگەری زۆرە کامێلا هەریس لە سەرووی لیستی بەربژارانی دیموکرات بێ بۆ دانران لە جێگای بایدێن.

یەکەم خولی دیبەیتی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ٢٠٢٤، بە میواندارێتیی ئاتلانتا لە ئەیالەتی جۆرجیا ڕۆژی هەینی بەڕێوەچوو. جۆ بایدێن لەو دیبەیتەدا وتی: لە سەردەمی سەرۆک کۆمارەتیی ترەمپ، ئێران هێرشی کردە سەر بنکەکەی ئێمە لە عەینولئەسەدی عێراق و ترمپ هیچی لە دەست نەهات.