ئاب 07, 2024 07:15 Asia/Tehran

کۆمیسەری باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەو یەکگرتووەکان بە پێداگری لەسەر گوێزرانەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات لە بەنگلادش، خوازیاری وەڵامدەر بوونی بەرپرسانی ئەم وڵاتە بوو سەبارەت بە کوژران و بریندار بوونی هەزاران خۆپیشاندەر لە ناڕەزایەتی دەربڕینەکانی ئەمدواییەدا.

«فولکەر تورک» کۆمیسەری باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەو یەکگرتووەکان بە ئاماژە بەوەی کە  گوێزرانەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات لە بەنگلادش لە ئاراستەی بەڵێن و ئەستۆگرییە نێودەوڵەتییەکانی ئەم وڵاتە مەسەلەیەکی یەکجار گرینگ و پێویستە، وتیشی:  گوێزرانەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات لە بەنگلادش دەبێ بە شێوەیەکی ڕوون و شەفاف جێبەجێ بکرێ و بە وەلانانی تووند و تیژی، هەلی بەشداربوونی هەموو خەڵکی ئەم وڵاتە لەم پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات بڕەخسێ.

ئانتۆنیۆ گۆتێرێش سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانیش بە داخ و مەخابن دەربڕین بەرامبەر بە گیان لە دەستدانی ژمارێکی زۆر لە خەڵکی ناڕازی لە خۆپیشاندانەکانی بەنگلادشدا، پێیداگرت لە سەر پێویستیی پاراستنی کەشی ئارام و دان بەخۆداگرتن و هەرەوها گوێزرانەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات. ناڕەزایەتی دەربڕینەکان لە بەنگلادش کۆتاڕۆژانی مانگی جوڵای دژ بە سسیتەمی کۆتای کاروپیشەی حکومی لەم وڵاتە دەست پێ بوو و بە شەڕ و پێکدادانی پۆلیس و لایەنگرانی حکومەت لەگەڵ خوێندکارانی زانکۆی داکا کە گەورەترین زانکۆی ئەم وڵاتەیە ، تەشەنەی سەند. سەرۆک وەزیرانی وازلەکارهێناوی بەنگلادش کە خۆپیشاندەرانی بە تیرۆریست ناوبردبوو، بە گەیشتنی هەژماری کوژراوانی خۆپیشاندانەکان بە زیاتر لە سێسەد کەس و هێرشی خەڵک بۆ سەر کۆشکی سەرۆکوەزیرانی ناچار بوو ئەم وڵاتە بەجێبێڵێ. 

سەرپەیڤ