لاڤرۆف: کۆبوونەوەی ئاستانە دەتوانێ بەسوود بێ
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وتی: ڕووسیا، تورکیا و ئێران لەسەر ئەوە یەکبیروڕان کە پرۆسەی ئاستانە دەتوانێ لە قۆناغی هەنووکەدا پاش گۆڕدرانی حکومەت لە سوریا دەور و ڕۆڵێکی بەسوود ببینێ.
سێرگەیی لاڤرۆف ڕۆژی پێنجشەممە لە پرێسکۆنفراسێکدا لە مۆسکۆ وتیشی: دیپلۆماتە باڵاکانی سێ وڵات پێشتر زیاتر لە ٢٠ جار لە چوارچێوی دانوستانەکانی ئاستانەدا پێکەوە دیدار و تووێژیان هەبووە کە دوایین کۆبوونەوەیان لە دۆحە بوو، ڕێک پێش ڕووداوەکانی سوریا.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا وتی: ئێمە ئەو دەرفەتەمان هەبوو تا لەگەڵ هاوکارانمان لە تورکیا، ئێران و بە بەشداریی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری سوریا سەبارەت بە باروودۆخی دیمەشق بیروڕا بگۆڕینەوە. ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە "ئەحمەد ئەشەرع" فەرماندەری گرووپی بەرهەڵستکاری چەکداری "تەحریروشام" پێوەندییەکانی نێوان سوریا و ڕووسیای بە درێژماوە و ستراتژیک وەسف کردووە وتیشی: حکومەتی تازەی سوریا دەتوانێ بڕیاری ئەوە بدات کە پرۆسەی ئاستانە بە چ شێوەیەکی یارمەتیدەری ئەو پرۆسانەی بێ کە لە سوریادا دەست پێکراون.