شوبات 04, 2025 18:55 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی ئەورووپا بە هەڕەشەکانی ترەمپ

سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا وشداری داوە، بێتوو یەکێتی ئەورووپا بکەوێتە بەر شاڵاوی باج و گومرگەکانی ئەمریکا، بەبڕشتانە وەڵام دەداتەوە.

ئورسولا فۆندرلاین پاش کۆبوونەوەی سەرانی یەکێتی ئەورووپا لە برۆکسێل وتی: ئێمە لەبارەی هاوکاریی ئەم بەر و ئەوبەری ئۆقیانووسی ئەتڵەس و ڕێگاکانی بەهێز و بتەوکردنی هاریکاری واقعیبینانە لەگەڵ ئەمریکا وتووێژمان کردووە. ترەمپ باج و گومرگێکی قورسی داناوە لەسەر کەلوپەلی هاوردەکراو لە وڵاتانی کەنەدا، مەکسیک و چین، و هەڕەشەیشی کردووە کە باج و گومرک لەسەر کەلوپەل و شتومەکی وڵاتانی یەکێتی ئەورووپایش دادەنێت. دوابەدوای هەڕەشە و گوڕەشەکانی ترەمپ و نیگەرانبوونی ئەورووپاییەکان، سەرانی یەکێتی ئەورووپا لە برۆکسێل کۆبوونەوەیەکیان بەڕێوە برد کە مەسەلەی باج و گومرکەکانی ئەمریکا لە گرنگترین تەوەرەکانی باس و وتووێژیان بوو. ئیمانوێل مەکرۆنی سەرۆک کۆماری فەرەنسا وتوویەتی: بێتوو سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەڕەشە و گوڕەشەکانی سەبارەت بە داسەپاندنی باج و گومرک بە کردەوە جێبەجێ بکات، یەکێتیی ئەورووپا دەبێ توانا و دەسەڵاتی خۆی نیشان بدات.

"ئولاف شوڵتس"ی ڕاوێژکاری  ئەڵمانیاش ڕایگەیاندووە؛ هاریکاریی واوە ئەتلانتیکی بە سوودی هەموومانە، و شەڕی بازرگانی هەم بە زیانی ئەمریکایە وهەم بە زیانی ئەورووپا. ئانتۆنیۆ کاستا سەرۆکی ئەنجومەنی ئەورووپایش دوای کۆبوونەوەی سەرانی یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسێل وتی: سەرانی ئەورووپا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی کە تەرکیز بکەنە سەر کەلێنی نێوان توانای بەرەڤانییان لە بواری بەرگریی ئاسمانی و دژەمووشەکی،  کەرەستەی جەنگی،  مووشەک و هەروەها گواستنەوەی سەربازیش.

کاستا جەختیشی کرد کە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی یەکێتی ئەورووپا لەوانە پاراستنی دوورگەی گرینلەندی دەنیمارک گەلێک گرینگە بۆ ئەندامانی یەکێتیی ئەورووپا.

سەرپەیڤ