وتەبێژی کرێملین: ڕووسیا و ئەمریکا سەبارەت بە ئاشتی قسە دەکەن نە شەڕ
وتەبێژی کرێملین وتی: وتووێژی تەلەفونی نێوان ویلادمیر پۆتینی سەرۆک کۆماری ڕووسیا و دۆناڵد ترەمپی هاوشانی ئەمریکایی بەو مانایەیە کە مۆسکۆ و واشینگتۆن ئێستا کێشەکانیان لە ڕێگەی وتووێژەوە چارەسەر دەکەن و سەبارەت بە ئاشتی قسە دەکەن نە شەڕ.
دیمیتری پسکۆف وتیشی: ئەوە سیگناڵێکی بەهێزە کە ئێمە ئێستا هەوڵ دەدەین کێشەکان لە ڕێگای وتووێژەوە چارەسەر بکەین و ئێستا لە بارەی ئاشتی قسە دەکەین نە شەڕ. ڕووسیا هیچ وتووێژێکی لەگەڵ حکومەتی پێشووی ئەمریکا نەبوو، بەڵام هەڵوێستی ترەمپ سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەکان لە ڕێگای وتووێژەوە لە باری تیۆرییەوە دەبێ بۆ هەر کەسێکی ئاوەزمەند یان هەر حکوومەتێک سەرنجڕاکێش بێ. ناوبراو وتیشی: "شەڕ؛ بەبێ دانووستان" هەڵوێستی فەرمیی حکومەتی پێشووی ئەمریکا بوو.
پسکۆف هەروەها وتی: دیداری سەرانی ڕووسیا و ئەمریکا ئێستا کە خاوەنی گرنگایەتییەکی تایبەتە و تەنانەت بەدەر لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی مۆسکۆ و واشینگتۆن پێویستی بە هەندێ ئامادەکاریی تایبەت هەیە، کەوایە ئەم دیدارە پێویستی بە هەوڵی تایبەتە لە بواری ئامادەکردنی بەستێن ، داڕشتنی پلانی کار ، باس و لێکدانەوەی بەرایی و هەروەها بیروڕاگۆڕینەوە لە ئاستی جۆراوجۆری کاریدایە.