ڤیکتۆر ئوربان: ئەندامەتیی ئوکراین لە یەکێتیی ئەورووپا دواهاتی نالەباری دەبێ
سەرۆکوەزیرانی هنگاریا وشداری دا لە حاند ئەندامەتیی ئوکراین لە یەکێتیی ئەورووپا و ڕایگەیاند بێتوو ئەوە ڕوو بدات دواهاتی نالەباری دەبێ بۆ ئەم یەکێتییە.
ڤیکتۆر ئوربان ڕایگەیاند کە بیر و ڕای گشتی لە ئەورووپا بەو قەناعەتە گەیشتوون کە ئەندامەتیی ئوکراین لە یەکێتیی ئەورووپا کێشە و گرفتی قورسیان بۆ دەنێتەوە کە دەربازبوون لێی گەلێک ئەستەم دەبێ. ئوربان وتیشی: "ئەوروپاییەکان بڕوایان وایە کە بە ئەندامبوونی ئوکراین لە یەکێتیی ئەورووپا بارێکی قورس دەبێ لە سەر شانی ئەورووپا. بەڵام لێرەدا گرینگ ئەوەیە کە بیر و ڕای گشتی چەندە کاریگەری دادەنێتە سەر سیاسەتەکانی ڕێبەرانی ئەورووپایی." سەرۆک وەزیرانی هنگاریا وشداری دا لە حاند دواهاتە نالەبارە ئابوورییەکانی بە ئەندامبوونی ئوکراین و وتی: ئەم بڕیارە بە مانای کارەساتی دراوی و خۆکوژیی ئابوورییە و لە درێژماوەدا دواهاتی کاولکەری بۆ ئابووری ئەورووپا دەبێ.