ته‌مووز 04, 2025 19:59 Asia/Tehran
  • یونیسێف: هەزاران منداڵی غەززە تووشی کەم خۆراکی بوون

جێگری نوێنەری تایبەتی یونیسێف لە فەلەستین ڕایگەیاند: هەزاران منداڵ لە کەرتی غەززە بەهۆی بەردەوامیی گەمارۆ توندەکان، ڕووبەڕووی کەم خۆراکی دەبنەوە.

ماجد ئەتواڵ جێگری نوێنەری تایبەتی یونیسێف ڕایگەیاندووە: گەمارۆ وایکردووە هەزاران منداڵ لە غەززە لە خۆراکی گونجاو بێبەش بن و ئەم دۆخە جێگەی پەرۆشیە.

ئەم بەرپرسەی یونیسێف هەروەها  دەڵێت : کەمبوونی سووتەمەنی و ئاو، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر توانای کارکردنی دامەزراوە مرۆڤدۆستەکان بۆ یارمەتیدانی دانیشتووانی غەززە داناوە و بەردەوامیی ئەم ڕەوتە، قەیرانی مرۆیی توندتر دەکات.

ئانڕوا هەروەها ڕایگەیاند کە برسێتی لە کەرتی غەززە لە زیادبووندایە و خەڵک بەهۆی برسێتی لە شەقامەکان لەهۆش خۆیان دەچن. ئانڕوا ڕایگەیاند: هەموو شتێک بۆ دانیشتووانی کەرتی غەززە کۆتایی هاتووە؛ کات، خۆراک، دەرمان و شوێنە ئارامەکان چیتر بوونیان نییە. سیستەمی ئێستای دابەشکردنی یارمەتییە مرۆڤدۆستەکان لە غەززە لە ڕاستیدا سووکایەتییە بە خێزانە برسی، نیگەران، پەرتەوازە و ماندووەکان.

لە هەفتەکانی ڕابردوودا، سەدان فەلەستینی لە هەوڵی وەرگرتنی خۆراک لە خاڵەکانی دابەشکردنی یارمەتییە مرۆڤدۆستەکان کە لەلایەن دامەزراوەیەک بە ناوی «بنکەی مرۆڤدۆستی غەززە»  کە  بە پشتیوانیی ئەمریکا و ئیسرائیل بەڕێوەدەبرێت، گیانیان لەدەستداوە.

وەزارەتی تەندروستیی غەززە ڕایگەیاندووە لە ١٨ی مارسی ٢٠٢٥ەوە کە ئاگربەست لە غەززە پێشێلکرا، ژمارەی شەهیدان گەیشتووەتە ٦ هەزار و ٥٧٢ کەس و ژمارەی بریندارانیش گەیشتووەتە ٢٣ هەزار و ١٣٢ کەس.

وەزارەتی تەندروستیی غەززە زیادی کرد: بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ئامارە، ژمارەی شەهیدان لە حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ەوە تا ئێستا گەیشتووەتە ٥٧ هەزار و ١٣٠ کەس و ژمارەی بریندارانیش گەیشتووەتە ١٣٥ هەزار و ١٧٣ کەس.

سەرپەیڤ