لاڤرۆڤ: رووسیا بەدوای ئاشتییەکی سەقامگیر دایە، نەک ئاگربەستێکی کاتی
وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، مۆسکۆ بەدوای دامەزراندنی ئاشتییەکی سەقامگیر دایە نەک ئاگربەستێکی کاتی کە ببێتە هۆی نوێکردنەوەی هێزەکانی ئۆکراین.
“سێرگی لاڤرۆڤ” وەزیری دەرەوەی رووسیا لە چاوپێکەوتنێکدا سەبارەت بە هەڵوێستی ڕاستەقینەی وڵاتەکەی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی ئۆکراین گوتی: رووسیا هەمیشە پێشوازی لە چارەسەری سیاسی و دیپلۆماتی لەبارەی ئۆکراینەوە کردووە و دەکات. بەڵام، ئەمە دەبێت لەبری ئاگربەستێکی کاتی، ئاشتییەکی سەقامگیر بەدی بهێنێت.
وەزیری دەرەوەی رووسیا جەختی کردەوە: “ئێمە پێویستیمان بە وەستانێک نییە کە رژێمی کیێڤ و لایەنگرە بیانییەکانی بۆ نوێکردنەوەی هێز و بنیاتنانەوەی توانای سەربازی خۆیان بەکاری بهێنن.”
لاڤرۆڤ گوتی: بەبێ نەهێشتنی هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم ململانێیە، ناتوانرێت چارەسەرێکی سەقامگیر بەدەست بهێنرێت و لابردنی هەڕەشەکان دژی ئاسایشی رووسیا کە بەهۆی پەرەسەندنی ناتۆ و راکێشانی ئۆکراین بۆ ئەم بلۆکە سەربازییەوە دروست بووە، زۆر گرنگە.