پشتیوانی بەبڕشتانە لە فەلەستین لە دانیشتنی کۆگەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان
٨٠هەمین دانیشتنی کۆگەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان شەوی ڕابردوو بە وتاردانی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش سکرتێری گشتیی ئەو ڕێکخراوەیە بە ئامادە بوونی زیاتر لە ١٥٠ وڵاتی جیهان دەستیپێکرد.
پرسی فەلەستین و تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنی لە کەرتی غەززە تەوەری سەرەکی دانیشتنی کۆگەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەکان بوون. ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاماژەدان بە بارودۆخی نالەباری کەرتی غەززە، لە دۆسیەیەکی بەناوی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی قەدەغە و سزادانی تاوانی جینۆساید لە کەرتی غەززە، خوازیاری جێبەجێکردنی خێرا و تەواوەتی کردەوەکانی دادگای نێودەوڵەتی بوو. سیریل ڕامافۆسا، سەرۆکی ئەفریقای باشووریش، وێڕای ڕەخنەگرتن لە گرینگی نەدانی ڕژێمی زایۆنی بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارەکانی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، خوازیاری هەنگاوی جیهانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی جینۆسایدی ڕژێمی زایۆنی لە غەززە بوو. شای ئیسپانیا ش بە ئاماژەدان بەوەی کە ناتوانین بێدەنگ بین لە حاند وێرانکردنی قوتابخانەکان و نەخۆشخانەکان، کوشتن و برسیکردنی خەڵکی سڤیل و ئاوارەبوونی زۆرەملێی سەدان هەزار کەس لە غەززە، وتی: بۆ ئێمە قورسە لەوە تێبگەین لە و شتەی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە ئەنجامی ئەدات . ئێمە دەمانەوێت کوشتنی ئەو کەسانە ی وا لە مێژوودا خۆیان ئازاریان بینیوە ڕابگرن . هەروەها کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش دەبێ بەرپرسیارێتی خۆی بۆ بەرفەرمی ناسینی حکومەتی فەلەستین” جێبەجێ بکەن . هەروەها گابرێل بوریک سەرۆک کۆماری شیلی داوای کرد ناتانیاهۆ بە تاوانی جینۆساید لە کەرتی غەززە دادگایی بکرێت و ئەم دۆخەی بە قەیرانی مرۆیی ناوبرد. عەبدولفەتاح ئەلڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق هەروەها وتی: ئەو تاوانانەی کە لە دژی گەلی فەلەستین ئەنجام دراون، پەڵەیەکی ڕەشە لە ناو چاوانی مرۆڤایەتی. جەختیشی لەوە کردەوە کە دامەزراندنی حکومەتی سەربەخۆی فەلەستین تاکە ڕێگایە بۆ گەیشتن بە ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهاندا. عەزیز ئاخنوش سەرۆکوەزیرانی مەغریب، گوستاڤۆ پێدرۆ، سەرۆککۆماری کۆڵۆمبیا و چەند بەرپرسێکی دیکە، خوازیاری ئاگربەستی دەستبەجێ لە کەرتی غەززە و دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لە کۆبوونەوەکەدا بوون.