داکۆکیی زیاتر لە ١٠٠ وڵاتی ئەندامی بزووتنەوەی بێلایەن لە هەڵوێستی ئێران لەبارەی سنەپ بەک
وەزیری دەرەوەی ئێران مە بە ئاماژە بە داکۆکیی بزووتنەوەی بێلایەن لە ئێران لە بواری مەسەلەی سنەپ بەک یان هەمان گەڕانەوەی بایکۆتەکان بۆ سەر ئێران لە بەیاننامەی کۆتایی ئەم کۆبوونەوانەدا وتی: نزیکەی هەر هەموو ئەندامانی بزووتنەوەی بێلایەن کە زیاتر لە سەد وڵاتن داکۆکیان کرد لە هەڵوێستەکەی ئێمە.
سەید عەبباس عەراقچی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی بزووتنەوەی بێلایەن لە کامپالا وتی: بە پێشنیاری ئێران چەن بڕگەیەک زێدەکرا بە بەیاننامەی کۆتایی ئەم کۆبوونەوەیە کە گرنگترینیان شەرمەزارکردنی توندی پەلامارەکانی ڕژێمی زایۆنی و ئەمریکا بۆ سەر ئێرانە و ئەندامانی ئەم بزووتنەوەیە هاوخەمی و یەکدەنگیی خۆیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دەربڕی.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی: بڕگەیەکی دیکەش لە بەیاننامەی کۆبوونەوەی بزووتنەوەی بێلایەن هاتووە کە گەلێک گرنگە، ئەویش ڕاگەیاندنی پشتیوانییان لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە لە مەسەلەی گەڕانەوەی بایکۆتەکان بۆ سەر ئێراندا. لە ڕوانگەی بزووتنەوەی بێ لایەنەوە پێبەندی بە بڕیارنامەی ٢٢٣١ ئێستاش هەر لە جێی خۆیەتی و دەبێ بڕگەکانی و خشتەی زەمەنییەکەی جێبەجێ بکرێت و بە پێی بڕگەی هەشتی ئەم بڕیارنامەیە لە کاتی دیاریکراودا واتە دوو سێ ڕۆژی دیکە دەبێ ئەم بڕیارنامەیە هەڵوەشێتەوە. ئەمە بەڕاستی دەسکەوتێکی گەورەیە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران، واتە نزیکەی هەر هەموو ئەندامانی بزووتنەوەی بێلایەن کە زیاتر لە سەد وڵاتن، داکۆکیان لەم مەسەلەیە کرد.