درێژەی گوشاری ئەمریکا بەئامانجی تەسلیم بوونی ئۆکراین
سەرچاوە ئەمریکییەکان دەڵێن؛ ئۆکرانییەکان ڕەزامەندییان دەربڕیوە لەگەڵ پلانی ئاشتیی ئەمریکا بەڵام چەند وردەبابەت جارێ هەر ماوەتەوە.
ئەی بی سی نیوز بەگێڕانەوە لەزمان بەرپرسێکی ئەمریکی ئیدیعای کرد: ئۆکراین ڕەزامەندیی دەربڕیوە لەگەڵ دەقی ڕێککەوتنی ئاشتی باسکراو لەلایەن ئەمریکاوە بەڵام هەندێ وردەبابەت هەیە کە دەبێ تاووتوێ بکرێن. ئەوە لەکاتێکدایە کە رۆژنامەی گاردیەن بەگێرانەوە لە سەرچاوە ئاگادارەکان نووسی : ئۆکراین لەهەوڵدایە بوارخۆش بکا بۆ هاوبەشیی هاوپەیمانە ئورووپیەکانی لە دانوستانی لەگەڵ واشنگتۆن سەبارەت بە پلانی ئاشتیی "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا. هەڵبەت پاش بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا وتی: سیاسەتوانان و میدیا ئوروپییەکان لەهەوڵی تەگەرەنانەوەن لەبەردەم پرۆسەی چارەسەریی کێشەی ئۆکرایندا. "ماریا زاخارۆڤا" وتی: هاوکات لەگەڵ دەسپێشخەریی و پەردەلادران لە پلانی ئاشتیی ئەمریکا، "هەرایەکی میدیایی" دروست بووە؛ ئەو چەشنە کردانە، هەمیشە کاتێک ڕوو دەدەن کە بەرنامەی وڵاتانی رۆژاوایی هاوتەریب لەگەڵ چاوەڕوانییەکانیان ناچێتەپێش. زاخارۆڤا وتیشی: ئورووپییەکان هەرکە دەستەواژەی وەک "پلانی ئاشتی"، "دانوستان" یان "پەیوەندیی پێوەکران" دەبیسن، تووشی سەرلێشێواویی دەبن چونکە بابەتی لەو چەشنە بەپێچەوانەی ویست و مەیلی ئەوانە. لەهەمان کاتدا، "دیمیتری پسکۆف"ی گوتەبێژی کرێملین خوازیاری ئەوە بوو بەپارێزەوە لێدوان بدەن و قسە بکەن سەبارەت بە کۆتایی شەڕی ئۆکراین و وتیشی: "جارێ زوویە بگوترێ کە ئاشتی لە ئۆکراین نزیکە و دەبێ لەباسکردنی ئەو بابەتە، بەپارێزەوە بجوڵێنەوە". میدیا رۆژاواییەکان وێڕای ئاماژە بە درێژەی راوێژکاریی تەلەفۆنیی نێوان کی یێف و واشنگتۆن، ڕایانگەیاند: لەوانەیە "ڤلۆدیمیر زێلێنسکی" سەرۆک کۆماری ئۆکراین لەکۆتایی ئەم حەفتەداو لە کۆشکی سپی چاوی بە ترەمپ بکەوێ .