ناڕەزایەتیی بەرامبەر شەڕخوازیی حکومەتی ترەمپ
هاوکات لەگەڵ هەڕەشەو گوڕەشەی ترەمپ بۆ هێرشکردنەسەر ڤەنزۆئێلا، خەڵک لە زیاتر لە شەست و پێنج شاری ئەمریکا هاتنەسەر شەقامەکان هەتا شێوازی شەڕخوازانەی سەرۆک کۆماری وڵاتەکەیان ئیدانە بکەن.
ژمارێکی زۆری خۆپێشاندەرانی ئەمریکی دژی هەڕەشەکانی حکومەتی "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا وێڕای ڕەت کردنەوەی هەڵایسانی هەرچەشنە شەڕێکی تازە لەلایەن واشنگتۆنەوە، دروشمیان دا: "نا بۆ خوێن ڕشتن لەبەر نەوت". خۆپێشاندەرانی ئەمریکی داوایان لە واشنگتۆن کرد، دەست هەڵگرێ لە تاوپێدانی گرژییەکان بە گفت ولفتی توندی و پێش بگرێ بە ڕوودانی شەڕ پێش ئەوەی دەس پێ ببێت. ناڕازییان نیگەرانیان دەربڕی بەرامبەر ئەگەری هەڵایسانی شەڕ لەنێوان ڤەنزۆئێلاو ئەمریکا. حکومەتی ترەمپ بەهێنانەئارای ئەو ئیدیعایە کە "نیکۆلاس مادۆرۆ" سەرۆک کۆماری ڤەنزۆئێلا پەیوەندیی بووە بە کارتێلێکی مەزنی قاچاخی ماددەی هۆشبەر، خوازیاری لەسەردەسەڵات لادرانی سەرۆک کۆماری ڤەنزۆئێلا بووە.