بەردەوامیی کێشەی نێوان ئەوروپا و ئەمریکا لەسەر گرینلاند
بەهۆی زیادبوونی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان ئەوروپا و ئەمریکا لەسەر گرینلاند، دەنیمارک هێزی زیاتر دەنێرێت بۆ ئەم دوورگەیە.
میدیا نێودەوڵەتییەکان ڕاپۆرتیان داوە کە هێزە سەربازییەکانی دەنیمارک، بە فەرماندەی سوپای ئەم وڵاتەشەوە، لە چوارچێوەی "ئۆپەراسیۆنی بەرگەگرتنی جەمسەری باکوور"دا گەیشتوونەتە گرینلاند و چوونەتە ڕیزی دەیان هێزەوە کە ئێستاکە لە مانۆڕە فرەنەتەوەییەکانی ناوچەی جەمسەری باکووربەشداری دەکەن.
لە لایەکی دیکەوە بەرپرسانی دەنیمارک بڕیاریان داوە کە لەم هەفتەیەدا لە کۆبوونەوە ئابووریی جیهانیی داڤووس بەشداری نەکەن، ئەو کۆبوونەوەیەی کە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بەشداریی تێدا دەکات.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوەی ئەوروپییەکان دژی دەستبەسەرداگیرانی گرینلاند لەلایەن ئەمریکاوە وەستان، هەڕەشەی داسەپاندنی باجی لە هەشت وڵاتی ئەندامی ناتۆ کرد. ئەم کارە وایکرد یەکێتی ئەوروپا بیر لە ئەگەری سەپاندنی باج لەسەر کاڵا ئەمریکییەکان بکاتەوە کە بەهای ١٠٨ ملیار دۆلارە. هەروەها ترەمپ وێنەیەکی خۆی و جێگری سەرۆکەکەی، جەی دی ڤەنس و مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکای بڵاوکردەوە کە خەریکی دانانی ئاڵای ئەمریکا لە سەر دوورگەی گرینلاندن. هاوکات وەزیری دەرەوەی دەنیمارک جەختی کردەوە کە سەرۆک کۆماری ئەمریکا ناتوانێت بە هەڕەشە و گوڕەشە دەست بگرێ بە سەر گرینلەند.