ئەمریکا "دایکی هەموو بۆمبەکان"ی لە ئاسمانی ئەفغانستان داخستە خوارەوە
پاش پەلاماری مووشەکی بۆ سەر سووریا و بەڕێ کردنی هێزی زەربەتی دەریایی بەرەو شێوەدوورگەی کۆریا، ئەم جارە ئەمریکا بۆ یەکەم جار بەهێزترین بۆمبی نائەتۆمیی جیهانی لە ئاسمانی ئەفغانستان داخستە خوارەوە.
وەزارەتی بەرەڤانیی ئەمریکا (پنتاگۆن) ڕایگەیاند گەورەترین بۆمبی نائەتۆمیی لە ئەفغانستان بەکار هێناوە. بۆمبی GBU-43B ناسراو بە "دایکی هەموو بۆمبەکان" ، ١٠ تەن "تی ئن تی" تێدایە و لە هەر بۆمبێکی نائەتۆمی دیکە لە جیهان زیاتر توانای کاول کردنی هەیە. ئەم بۆمبە ساڵی ٢٠٠٣ تاقی کرایەوە بەڵام هەرگیز لە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی سوپای ئەمریکادا تەنانەت لە ساڵانی شەڕی دژ بە ئێراقیش بەکار نەهێنرا.
بە پێی ڕاپۆرتی پنتا گۆن؛ ڕۆژی پێنجشەممە (١٤ی ئاپریل) بۆ یەکەم جار بۆمبی GBU-43B ناسراو بە "دایکی هەموو بۆمبەکان" دژ بە بنکە و حەشارگەکانی هێزەکانی داعش لە دەڤەری شاری "ئاچین"ی سەر بە پارێزگای نەنگەرهاری ئەفغانستان بەکار هێنراوە. دەگوترێ ئەم بۆمبە یەکجار زەبەڵاحە، ئەو تونێلانەی کە تیرۆریستانی داعش بۆ دەسڕاگەیشتن بە ناوچەکانی مەبەستیان هەڵیانکەندوون بە تەواوەتی تیا بردووە. بەم حاڵەشەوە ، چالاکیی تیرۆریستانی داعش لە ئەفغانستان و گرد بوونەوەیان لەم وڵاتە زۆریش لەگەڵ هەڵمەتی خستنەخوارەوەی بۆمبێکی ١١ تەنی ، ئەویش بۆ یەکەم جار لە ئۆپەراسیۆنێکی جەنگیدا نایەتەوە. هەر بۆیە دەکارهێنانی بۆمبی GBU-43B ناسراو بە "دایکی هەموو بۆمبەکان" لە ئەفغانستان دەتوانێ نیشانەیەکی دیکە بێ لە هێزنواندنی ئەمریکا بۆ ترساندن و تۆقاندنی هەموو جیهان.
لە کاتێکدا کە هێشتا تەمەنی دەوڵەتی دۆ ناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا نەگەیشتۆتە ١٠٠ ڕۆژ، سوپای ئەم وڵاتە بە شێوەیەکی کەم وێنە خەریکی هێزنواندن لە بەرە جۆر بەجۆرەکاندایە. لە سووریادا ترەمپ بە بیانووی ئەو پەلامارە شیماییەی کرایە سەر شاری خان شێخوون، گەورەترین فڕۆکەخانەی سەربازیی ئەم وڵاتەی دایە بەر ٥٩ مووشەک. ئەم کردەوەیە بەرەوڕووی ناڕەزایەتی بەربڵاوی ڕووسیا بوویەوە تا ڕادەیەک کە بە وتەی دیمیتری مێدوێدێف، سەرۆک وەزیرانی ڕوسیا دوو وڵات تەنیا یەک ئینچیان مابوو بۆ ئەوەی بچن بە گژی یەکتریدا و ئاگری شەڕ لە نێوانیان هەڵگیرسێت.
بە سەفەری "ڕێکس تیلەرسۆن"ی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ مۆسکۆ و دیداری لەگەل کاربەدەستانی ڕووسیش هیچ لە بێ متمانەیی قووڵی نێوان دوو وڵات کەم نەبوویەوە. وێرای سەفەری تیلەرسۆن بۆ مۆسکۆ، ڕووسیا ڕەشنووسی بڕیارنامەی پێشنیاریی ئەمریکا، بەریتانیا و فەرانسا دژ بە سووریای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ڤیتۆ کرد و چەن کاژێر دواتریش ئەمریکاییەکان بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە ئەفغانستان گەورەترین بۆمبی نائەتۆمی خۆیان لە ئاسمانی ئەفغانستان خستە خوارەوە. ئەم کردەوەی ئەمریکاییەکان دەتوانێ پەیامێکی ئاشکرا بێ بۆ ڕووسیا تا واز لە داکۆکی لە حکومەتی سووریا بێنێ.
هاوکات لەگەڵ ڕووداو و گۆڕانکارییە خێراکانی ڕۆژاوای ئاسیا، ئەمریکاییەکان پەرەیان داوە بە شەڕەزار و دەمەقڕەی خۆیان دژ بە کۆریای باکوور. ئەوان کۆریای باکووریان تۆمەتبار کرد بە جم و جۆڵی دنەدەرانە بە تاقیکردنەوەی ئەتۆمی و مووشەکی و بۆ ئەوەش بە پیونگ یانگ نیشان بدەن چەندە لێبڕاوانە بەرامبەر بە کۆریای باکوور ڕاوەستاون کۆپاپۆڕێکی جەنگی دیکەیان کە پاپۆڕێکی هەڵگری فڕۆکە و ژمارێک پاپۆڕی جەنگی دیکەیان بەڕێ کرد بۆ شێوەدوورگەی کۆریا.
دۆناڵد ترەمپیش لە لێدوانێکی پڕ هەڕەشە و گوڕەشەدا وتی: ئەگەر کاربەدەستانی چینی، دەوڵەتی پیونگ یانگ بۆ وازهێنان لە بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی وەبن گوشار نەنێن، واشینگتۆن خۆی راستەوخۆ دێتە مەیدانەوە و کێشەی کۆریای باکوور چارەسەر دەکات. بەکارهێنانی بەهێزترین بۆمبی نائەتۆمیی جیهان لە لایەن ئەمریکاییەکانەوە لە ئەفغانستان، وڵاتی هاوسنوور لەگەڵ چین، دەتوانێ هەڵگری پەیامێک بێ بۆ کاربەدەستانی پکەن تا بۆ وەبن گوشار نانی کۆریای باکوور ببنە هاوپەیمان و یارمەتیدەری واشینگتۆن.
ئەوەی هیچ گومانی تێدا نییە کە لە ماوەی چەن هەفتەی ڕابردوودا، ئەمریکا بە شێوازێکی زۆر زەقتر و بە بێ بێ هیچ چوارچێوێکی دیپلۆماسییانە، ئامرازە سەر بازییەکانی خۆی بۆ ترساندن و هەروەها هەڕەشە و گوڕەشە لە وڵاتانی دیکە بەکار دێنێ.
ترەمپ هەروا کە لە درووشمە هەڵبژاردەییەکانیدا یەکسەر دووپاتی دەکردەوە دەیهەوێ سەر لە نوێ ئەمریکا بەهێز و شکۆدار بکاتەوە. بۆ گەیشتن بە وەها ئامانجێکیش ترەمپ بە نوێنەرایەتی لە لایەن باڵی شەڕخوازەوە لە ئەمریکا لە پەلاماری مووشەکی بۆ سەر سووریاوە تا بەڕێ کردنی کۆپاپۆڕی جەنگی دیکە بەرەو شێوەدوورگەی کۆریا و داخستنی بۆمبی GBU-43B ناسراو بە "دایکی هەموو بۆمبەکان" لە ئاسمانی ئەفغانستان هەر هەمووی بە هاسانی تاقی دەکاتەوە؛ کردەوەگەلێک کە بێتوو لە کۆنترۆڵ دەرچن، ئاوری شەڕێکی کاولکەر لە جیهان هەڵدەگیرسێنن.