جەبووری: سوورین لە سەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە کاتی دیاریکراودا
سەرۆک پەرلەمانی ئێراق ڕایگەیاند: بەرپرسانی ئەم وڵاتە سوور و پێداگرن لە سەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە کاتی دیاریکراودا.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی سپۆتنیک لە بەغداوە، سەلیم جەبووری ئێوارەی شەممە لە دیداری "یان کوبیش" Yan Kubish نێردراوی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئێراق ، خوازیاری ئەوە بوو کە کۆمەلگەی نیودەوڵەتی لە بواری بنیات نانەوەی ئەم وڵاتە و یارمەتیدانی ئاوارەکان پشتیوانی لە ئێراق بکات.
جەبووری وتیشی: پەرلەمانی ئێراق هەوڵ دەدات بۆ چاکسازی لە یاسای هەڵبژاردنەکان و گرتنە بەری تەگبیری پێویست بۆ بەڕێوە بردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە چوارچێوی یاسای بنەڕەتی و لەکاتی دیاریکراو بە لەونێک کە مافەکانی هەموو کۆتلە و پارتەکان بپارێزێ.
سەرۆک پەرلەمانی ئێراق پێی داگرت لە سەر پێویستیی بەردەوام بوونی داکۆکی و پشتیوانی نێودەوڵەتی لە ئێراق بەتایبەت لە بواری یارمەتیدانی ئاوارەکان و ئاوەدان کرانەوەی ناوچە ئازاد کراوەکان و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و زێدی خۆیان لە خێراترین کاتی گونجاودا.
بەرپرسانی ئێراقی ڕایانگەیاندووە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی و ئەنجومەنی شار ١٢ی مانگی مەی لەم وڵاتە بەڕێوە دەچێ. ئەوە یەکەم هەڵبژاردن لە ئێراقە لەو کاتەوەی کە سەرکەوتن بە سەر گرووپی تیرۆریستیی داعش لەم وڵاتەدا راگەیەندراوە.
شەڕ لە ئێراق بووە هۆی ئاوارە بوونی بە ملوێنان ئێراقی لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەم وڵاتەدا و کاربەدەستانی ئێراقی ڕایانگەیاندووە کە هێشتا نیوەی ئاوارەکان نەگەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی سەرەکیی خۆیان.