ئه‌یلوول 01, 2020 12:16 Asia/Tehran
  • بڕیاری گرتن بۆ بەڕێوەبەری کەناڵی دیجلەی عێراق دەرچوو

دوابەدوای کرداری سوکایەتیی کارانەی تەلەفزیۆنی «دیجلە» لە عێراق لە شەوی عاشوورادا، دادگەیەکی بەغدا بڕیاری گرتنی بۆ بەڕێوەبەرو خاوەنی کەناڵەکە دەرکرد.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، ئەنجومەنی باڵای دادەڤانیی عێراق ڕۆژی دووشەممە بە دەرکردنی بەیاننامەیەک لەم بارەیەوە نووسی: بە پێی سکاڵای کۆمەڵێک لە پارێزەران لای دادگەی لێکۆڵینەوەی «ڕەسافە»ی بەغدا سەبارەت بە سوکایەتی کردنی بەئەنقەست بە ڕێ و ڕەسمەکانی ئایینزایەکی عێراق و بە پێی ماددەی (۱/۳۷۲) یاسای سزادان، دادگە بڕیاری گرتنی بۆ «جەمال کەربولی» خاوەنی کەناڵی ئاسمانیی «دیجلە» دەرکرد.

کرداری سوکایەتی کارانەی کەناڵی دیجلەی عێراق کە لە شەوی عاشورای حسەینی فیلیمی سەماوگۆرانیی بڵاوکردەوە، ھەستی بیروڕای گشتی بە تایبەت شێعەکانی ئەم وڵاتەی بریندار کرد.

زۆرێک لە خەڵک و چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە عێراق وێڕای ئیدانەکردنی بەربڵاوی ئەم کردرە، داوای داخران و سزادانی بەڕێوەبەرانی کەناڵەکەیان کردووە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتانە، دوابەدوای ئەو کردارە سوکایەتی کارانەیە ھەتا ئێستا پارێزگارییەکانی کەربەلا، نەجەف، بابل، زیقاڕو میسان نووسینگەکانی ئەو کەناڵەیان داخستووە.

کەناڵی دیجلە وەک میدیایەکی ئاژاوەگێڕ لە عێراق دا ناسراوەو تۆمەتی ھەبوونی بیروڕای بەعسیانەی لە سەرە. لە سەرماوەزی ساڵی پاریش فەرمانبەرانی وەزارەتی نێوخۆی عێراق نووسینگەی تەلەفزیۆنی دیجلە لە بەغدایان داخست.

سەرپەیڤ