داوا دەکرێت بڕیاری چونەدەرەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق جێبەجێبکرێت
پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانی فەتح سوربوونیان لەسەر بڕیاری چونەدەرەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق دووپات دەکاتەوە، ئەو بڕیارەش بە بڕیارێک بۆ پاراستنی سەروەری عێراق ناو دەبات.
محەمەد بەلداوی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانی فەتح بە میدیا عێراقییەکانی وتووە، "بڕیاری چونەدەرەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق پێویستە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوەش بڕیارێکی پەرلەمانی عێراقە و حکومەت دەبێت ملکەچی جێبەجێکردنی بێت، بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە کردنە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا".
ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی فەتح کە کوتلەیەکی شیعەیە، ئەوەشی خستوەتەڕوو، "بڕیاری کشانەوەی هێزە ئەمریکییەکان بڕیارێکی تاکەکەسی یان تایفەگەری یان نەتەوەیی نییە، بەڵکو بڕیارێکە بۆ پاراستنی سەروەری خاکی عێراق و ڕێزگرتنە لە خوێنی شەهیدان".
پەرلەمانتارەکەی فەتح ئاماژەی بەوەشکردووە، "گەلی عێراق بە تەواوی بوونی هێزە ئەمریکییەکان لەنێو عێراق ڕەت دەکاتەوە، بەتایبەت ئەو هێزە بیانییانەی دژ بە عێراقییەکان تاوانیان ئەنجامداوە".