هۆشداری كۆمەڵگای سیاسیی عێراق بە ترەمپ سەبارەت بە دەسوەردان لە كاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتە
كۆمەڵگا سیاسییەکانی عێراق هۆشدارییان داوە لە دەستوەردانەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەیان و بێ دەنگ بوون لە هەمبەر داواکارییەکانی دۆناڵد ترەمپیان وەك تەسلیم بوون لە هەمبەر دەستوەردانی زیاتری واشنتۆن بە تایبەت لە هەڵبژاردنی ئەندامانی کابینەی عێراق زانیوە.
محەممەد بەیاتی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق هۆشداریی داوە لە حاند هەوڵی ترەمپ بۆ سەپاندنی ئیرادەی خۆی بەسەر ئەو وڵاتە و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەی، هەروەها قبوڵکردنی ئەو جۆرە دەستوەردان و فەرمانانەی وەك دەستوەردانی زیاتر لە هەڵبژاردنی ئەندامانی کابینەكەی زانی. جەختیشی لەوە کردەوە: تەسلیمبوون لە هەمبەر ترەمپ دەتوانێت ببێتە هۆی دەستوەردانی ئەمریکا لە هەڵبژاردنی وەزیرەکانی کابینەی نوێی عێراق .
هاوکات حسێن عەتوانی، لە نوێنەرانی هەنووكەی پارلەمانی عێراق ڕایگەیاند: چوارچێوەی هەماهەنگی پابەندە بە کاندیدکردنی نوری مالیکی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق. ئەم هەڵوێستە نیشاندەری یەکڕیزی گروپە نیشتمانییەكان لە بەرامبەر فشارە دەرەکییەكانە. ناوبراو وتیشی : هەوڵی بەشێک لە سیاسەتمەدارە دیارەکان بۆ ڕێگریکردن لە کاندیدبوونی مالیكی بە پشتبەستن بە دەسەڵاتە دەرەکییەکان پێشێلکردنی ئاشکرای مافی فراکسیۆنی زۆرینەیە. کێشانی نەخشەی حکومەت پرسێکی تەواو نیشتمانییە كە ناتوانرێت لەسەر بنەمای پلانی دەرەکی بکێشرێت.
هەروەها عامر فایز، ئەندامی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکانی عێراقیش، هەر جۆرە گفتوگۆیەکی لەم چوارچێوەیەدا سەبارەت بە جێنشینی نوری مالیکی ڕەتکردەوە و جەختی لەوە کردەوە: "ئەم بابەتە بووەتە تەنگژەیەكی نیشتمانی، بەتایبەتی دوای دەستوەردانی ئاشکرا لە کاروباری ناوخۆی عێراق. مالیکی کەسێکی گونجاوە بۆ ئەم قۆناغە و پێویستە لە ساڵانی داهاتوودا سەرکردایەتی ئەم حکومەتە بکا .
هەروەها سەید عەمار حەکیم، ڕێبەری ڕەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق، ڕەخنەی لە لێدوانەکانی ئەم دواییەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا گرت سەبارەت بە کاندیدی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق و جەختی لە سەر پێویستی پابەندبوون بە كاتبەندییەكانی دەستوور و پێویستیی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق کردەوە.