لۆس ئەنجلس لەیکەرز بوە پاڵەوانی خولی باسکەی ئەمریکی
بەرەبەیانی ئەمرۆ بە کاتی هەرێمی کوردستان هەردوو یانەی لۆس ئەنجلس لەیکەرز و یانەی میامی هیت، شەشەم یاریی کۆتایی خولی باسکەی ئەمریکایان ئەنجامدا کە تێیدا لیبرۆن جەیمس و هاوڕێکانی توانیان سەرکەوتن لەم یارییەدا تۆماربکەن.
پێش ئەنجامدانی ئەم یارییە هەردو تیم پێنج یاریی دیکەیان لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتیەکە ئەنجامدابوو کە یانەی لۆس ئەنجلس لەیکەرز توانیبوی سێ یاریی بباتەوە و میامی هیتیش دو یاریی لە بەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێهێنابو.لەم یارییەشدا کە شەشەم یاریی نێوانیان بوو لە یاریی کۆتایی خولی باسکەی ئەمریکی، لیبرۆن جەیمس و هاوڕێکانی بە ئاستێکی بەرز دەرکەوتن و توانیان بە ئەنجامی 106 خاڵ بەرامبەر بە 96 خاڵ یارییەکە لە سودی خۆیان کۆتایی پێ بهێنن و ببنە پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولی باسکەی ئەمریکی.
بە بردنەوەی پاڵەوانێتی ئەم وەرزە یانەی لۆس ئەنجلس لەیکەرز بۆ جاری حەڤدەیەم لە مێژودا نازناوی ئەم خولەی بەدەستهێنا و لە ئێستادا ژمارەی پێوانەیی بەدەستهێنانی زۆرترین نازناوی ئەم خولە بە ناوی لۆس ئەنجلس لەیکەرزە و نزیکترین ڕکابەریشی یانەی بۆستن سەلتیکسە کە خاوەنی 16 نازناوە.