غەززە نوقمی نالەبارترین قەیرانی تەندرووستی لە دەسپێکی شەڕەوە
https://kurdish.sahartv.ir/news/فەلەستین-i443464-غەززە_نوقمی_نالەبارترین_قەیرانی_تەندرووستی_لە_دەسپێکی_شەڕەوە
دوابەدوای بەردەوامی قەیرانی تەندروستی لە غەززە لە سایەی بەردەوامی گەمارۆی دڕندانەی ڕژێمی داگیرکەر بۆ سەر ئەم کەرتە، تەنانەت سەرەڕای ڕاگەیەندرانی ئاگربەس، سەرچاوە تەندروستی و پزیشکییەکان لە غەززە ڕایانگەیاندووە کە کەرتی غەززە لە ئێستادا خراپترین قەیرانی تەندروستی خۆی لە دەسپێکی شەڕی کۆمەڵکوژیی ڕژێمی زایۆنی لە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵی ڕابردوو بەخۆیەوە دەبینێ.
(last modified 2026-02-24T13:12:24+00:00 )
تشرینی دووه‌م 30, -0001 00:00 Asia/Tehran

دوابەدوای بەردەوامی قەیرانی تەندروستی لە غەززە لە سایەی بەردەوامی گەمارۆی دڕندانەی ڕژێمی داگیرکەر بۆ سەر ئەم کەرتە، تەنانەت سەرەڕای ڕاگەیەندرانی ئاگربەس، سەرچاوە تەندروستی و پزیشکییەکان لە غەززە ڕایانگەیاندووە کە کەرتی غەززە لە ئێستادا خراپترین قەیرانی تەندروستی خۆی لە دەسپێکی شەڕی کۆمەڵکوژیی ڕژێمی زایۆنی لە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵی ڕابردوو بەخۆیەوە دەبینێ.

 وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین ڕایگەیاند کە نەخۆشخانە و کلینیکە پزیشکییەکان لە کەرتی غەززە بە هۆی داخرنی دەروازە سنوورییەکان لە لایەن ڕژێمی زایۆنییەوە و پێشگیری ڕژێم لە هاتنەناوەوەی ڕادەی پێویست لە دەرمان و کەرەستەی پزیشکی، لە هەموو ئاستێکدا ڕووبەڕووی کەم و کوڕییەکی زۆر بوونەتەوە و دوو سەد هەزار نەخۆش لە خزمەتگوزاریی پزیشکیی پێویست بێبەشن. هەروەها باس لەوەش کرا کە ١١٠ هەزار منداڵ لە کەرتی غەززە بەدەست بەدخۆراکییەوە دەناڵێنن و ٩ هەزار و ٥٠٠ کەس لەو منداڵانە بەدخۆراکییەکییەکەیان یەکجار نالەبارە. لە هەمان کاتدا بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاریی تەندروستییەوە ژماری گیانلەدەستدانی منداڵان لە غەززە هەڵکشاوە. هاوکات وتەبێژی بزووتنەوەی حەماس بە دەربڕینی نیگەرانی سەبارەت بە بارودۆخی ناجێگیری کەرتی غەززە ڕایگەیاند کە زۆربوونی حاڵەتەکانی پێشێلکاریی ئاگربەس لە لایەن زایۆنییەکانەوە و کوشتنی ڕۆژانەی هاووڵاتیانی فەلەستینی، دۆخی مرۆیی لەم کەرتەی بەرەو کارەساتێکی تەواو بردووە. 

حازم قاسم ئاماژەی بەوەشکرد، بەردەوامبوونی داڕمانی ئەو باڵەخانە بۆردومانکراوەکانی زەمانی شەڕ بە سەر دانیشتووانیان، لە تەنیشت قورسترکردنەوەی گەمارۆکان، قەدەغەکرانی هاتنە ژوورەوەی کەرەستەی ئاوەدانکردنەوە، و ڕێگریکردن لە هاتنە ژوورەوەی پێداویستییەکانی نیشتەجێکردنی خێرا لەلایەن داگیرکەرانەوە، ئەوپەڕی مەترسی لەسەر خەڵكی کەرتی غەززە دەردەخات.  

خەلیل ئەدەقران، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی غەززەیش وتی: دۆخی تەندروستی لە کەرتی غەززە بە هۆی پابەندنەبوونی داگیرکەران بە بڕگەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەس ئێستایش هەر کارەساتبارە و ڕژێمی زایۆنی بەردەوامە لە ڕێگریکردن لە هاتنی دەرمان و کەرەستەی پزیشکی بۆ ناو کەرتی غەززە و ڕێگری لە چوونەدەرەوەی نەخۆش و بریندارانیش لە کەرتی غەززە دەکات.