قۆڵبەست کرانی ٩١ کەس لە تورکیا بە تۆمەتی دژایەتی لەگەڵ ھێرشەکانی ئەم وڵاتە بۆ سەر عەفرین
ھێزە ئاسایشتییەکانی تورکیا لەم دواییەدا دەیان کەسی دیکەیان بە تۆمەتی بانگەواز کردن دژی ھێرشی لەشکریانی ئەم وڵاتە بۆ سەر باکووری سووریا قۆڵبەست کرد.
ژمارەی قۆڵبەستکراوان لە لایەن ھێزە ئاسایشتییەکانی تورکیا لە سەرەتای ھێرشی سەربازیی ئانکارا لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا گەییشتووەتە نزیکەی سەد کەس و سیاسەتڤانان، ڕۆژنامەنووسان و پەیامنێران و ھەڵسوڕاوانی سیاسیش لە ڕیزی قۆڵبەستکراوانی ئەم دواییە لە تورکیادان.
شەپۆلی قۆڵبەست کردنەکانی ئەم دواییەی نەیارانی ھێرشی لەشکریانی تورکیا بۆ سەر سووریاو بەتایبەت شاری عەفرین بووەتە بیانوویەکی دیکە بۆ ھەڵمەتی ڕاپێچ کردنی شارومەندانی تورک. ئەگەر ھەتاکوو دوێنێ نەیارانی سیاسیی دەوڵەتی تورکیا ببوونە نێچیری ڕاوەدوونان و بیگرەو بەردەی ھێزە ئاسایشتییەکانی تورکیا، ئەوەتا ئێستا ئەم دیاردەیە گشتداگر بووەو تەواوی کۆمەڵگای ئەم وڵاتەی گرتووەتەوە. لە ڕابردوودا نەیارانی دەوڵەتی تورکیا تەنانەت ئەگەر ئەندامی پارتەکانی ئەم وڵاتەش بوونایە کە لە دامەزراوەی یاسادانانی تورکیا خاوەنی کورسیی پەرلەمانی بوون دەکەوتنە بەر شەپۆلی ڕاپێچ کردن و زەبرو زەنگی ھێزە ئاسایشتییەکان، ئێستامە ڕەوشتەکە گۆڕدراوە. دیاردەیەک کە بە درێژایی دەستەڵات گرتنی پارتی دەستەڵات داری تورکیا بەردەوام بەدی کراوە و گۆڕانی بەسەردا ھاتووە بەڵام قەت دانەمرکاوەتەوە. گرتنی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و پاشان ئەندامانی پارتی دیموکراتیکی گەلان، ڕاپێچ کردنی ئەندامانی پارتی کۆماریخوازی گەلی تورکیا لە ڕیزی ئەو کەسانە بوونەو ھەن کە بەردەوام بەرەوڕووی شەپۆلی ڕاپێچ کردنەکانن. بەڵام دوای کودەتا سەرنەگرتووەکەی 15ی ژولای، ئەم ڕەوتە نەک ھەر خاو نەبووەوە بەڵکو دەستەیەکی دیکەی چینە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیاشی لێ زیاد کرا. ئەندامانی تاقمەکەی گوێلەن وەک ھۆکارانی کودەتاکە لە ڕیزی ئەو کەسانە بوون کە کەوتنە بەر شەپۆلی گرتن و ڕاپێچ کرانەکان و ھێشتاش ھەر بەرەو ڕووی ڕق و بێزاریی دەزگای دەستەڵاتدارو ئامانجی زەبرو زەنگ و شاڵاوە لە ناکاوەکانی ھێزەکانی ئاسایشتی تورکیان.
دەوڵەتی ئانکارا دوای ئەو کودەتا شکست ھێناوەی ژولای، لە ئۆپراسیۆنێکی بەربڵاودا دژی لایەنگرانی فەتحوڵڵا گوێلەن، دەیان هەزار کەس لە لەشکریان ، پۆلیس، دادوەران، مامۆستایانی زانکۆو فێرکاران و کارمەندانی دەوڵەتی ڕاپێچ کردووەو یان لە کار هەڵیپەساردوون و یاخود خستوونیەتە بەر پەیگەڕی یاسایی و دادەڤانی.
ئێستاش دەستەیەکی دیکە پەیوەست کراوان بەو کەسانەی کە دەوڵەتی غەزەبی لێ گرتوون و ئەوانەش کەسانێکن کە نەیاری ھێرشەکانی دڕندانەی سوپای تورکیا بۆ سەر سووریا و بە تایبەت شاری کوردنشینی عەفرینن. ڕاستییەکەی ئەمەیە کە ھەڵوێستە سیاسییە نێوخۆیی و دەرەوەییەکانی تورکیا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر لەگەڵ نەیارەتیی نێوخۆیی و دەرەوەییش دا بەرەوڕوو دەبێتەوەو کەچی کاربەدەستانی دەوڵەتی تورکیا لە باتی پیادا چوونەوەو ساغ کردنەوەی ھەڵس و کەوتە ناشیرین و دزێوەکانی ڕابردوویان کە بووەتە ھۆی دابەزینی ئاستی دڵخوازی و ڕەوایەتییان لە نێو کۆمەڵگاکەیاندا، ڕوویان لە بەرنگار بوونەوەو کوشت و بڕی نەیارانی خۆیان کردووە تەنانەت ئەگەر ناڕازییانی ھێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر سووریاش بن. لەم ڕووەوە نیگەرانیی گشتی لە بارەی ھەڵوێست و ھەڵس و کەوتەکانی پارتی دەستەڵاتدار، چارەنووسی کۆمەڵگاو داھاتووی سیاسی و حکومەت و ئاسایشتی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی لە کۆمەڵگای تورکیا بووە بە دوو ھێندە. ئەم نیگەرانییانەش تەواوی چینەکانی کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا دەگرێتەوە. چ ئەو دەستەیەی کە خۆیان بە لایەنگری پارتی دەستەڵاتدار د ەزانن و پەرۆشی دابەزینی ئاستی ڕەوایەتیی پارتی دەستەڵاتدار و ڕێبەرەکانینی و چ ڕەخنەگرە سیاسییەکانی سەربە پارتەکانی نەیاریش کە پەرۆشی ئاسایشت و سەقام و پاوەجێیی ئابوورییە سستەکەکەی کۆمەڵگان و چ ئەو چینەی نەیارانی سەر بە تەواوی پارت و لایەن و تاقمە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان کە ئایندەی سیاسەت و حکومەت و ئاسایشتی دەروون و ئابووریی کۆمەڵگاو ھێمنایەتیی سەرمایەنانەوە لە گرێوەی ھەڵس و کەوتی دەوڵەتی د ەستەڵاتداردا دەبیننەوە. ڕەوشتێک کە بە باوەری ئەم چینە سێرەی بۆ تەواوی داڕشتە دیموکراسی و ئابوورییەکان و بە کورتی ژێرخانەکانی گەشەکردن لە تورکیاداگرتووە.
نەیارانی ھەڵس و کەوتی سوپای تورکیا لە عەفرین بەرامبەر بە توندوتیژی نواندنی ئەم ھێزانە ناڕەزامەندییان دەربڕیوەو ئێستاش بۆ خۆیان بوونەتە قوربانیی توندوتیژی نواندنی ھێزەکانی ئاسایشتی وڵاتی خۆیان. ئامانجی دەوڵەتی تورکیا لەم ڕاپچ کردن و گرتنانە ڕەت کردنەوەی بانگەشەی توندوتیژی نواندنی سوپای تورکیا لە سووریادا بووەو کەچی حاشا کردن لەو بابەتە لە قەواخس توندوتیژی نواندن بەرامبەر بە شارومەندانی خۆی و بە تایبەت تورکەکان بووە. دیارە ئەمەش شێوە ھەڵس و کەوت و ھەڵوێستێکە کە ھەر لە بنەڕەت دا تەواوی بانگەشەکانی نەیارانی توندوتیژی نواندنی سوپای دەوڵەتی بەناو دادوگەشەی تورکیا لە عەفرین دا دەسەلمێنێ.