ھۆکارەکانی دەست پێ بوونی ھێرشی چڵەزەیتوونی تورکیا لە باکووری سووریا
تورکیا بە شێوەی فەرمیانە لە بیستەمی ژانویەوە ھێرشی بەناو چڵەزەیتوونی لە باکووری سووریا دەست پێ کردووە.
باکووری سووریا داگری سێ کانتۆنی گرینگی جزیرە، کۆبانی و عەفرینە. لە نێو ھەر کام لەم کانتۆنانەش پارێزگاو شاری جۆربەجۆر ھەن. بەشی ھەرە زۆری حەشیمەتی ئەم ناوچانە کوردەکانی سووریسا پێکی دێنن. تورکیا لە دیسامبەری ٢٠١٦ ئۆپراسیۆنی ناسراو بە قەڵغانی فۆراتی لە باکووری سووریا ئەنجام داو ئێستاش ھێرشی چڵەزەیتوونی دەست پێ کردووە. ئێستاش لێرەدا ئەو پرسیارە گرینگەی کە دێتە ئاراوە ئەمەیە کە ئامانجەکانی تورکیا لەو ھەموو پەلەقاژەو ھێرشانە چین ؟
دەوڵەتی تورکیا دوو ھۆکارو پاڵنەری بۆ دەست پێکردنی ھێرشەکانی ھێناوەتەوە. یەکەم ھۆکار، بەرەڤانی کردنی ڕەوا بە گوێرەی بڕگەی ٥١ی جاڕنامەی ڕێکخراوەی نەتەوەکانە. تورکیا لەو باوەڕەدایە کە ھەنگاوەکانی ئەمریکا لە باکووری سووریا ھەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە دژی سەروەری و ئاسایشتی تورکیا.
لەم پەیوەندییەدا حەسەن شوکری پوور کارناسی کاروباری ستراتژی و لێکۆڵەری ڕووداوەکانی ڕۆژئاوای ئاسیا وتوویەتی : دەوڵەتی ئەمریکا لەم دواییەدا گەڵاڵەی پێکھێنانی سوپایەکی سی ھەزار کەسیی لە باکووری سووریادا ھێناوەتە ئاراوە کە ١٣ ھەزار کەس لەو ھێزانە لە سنووری نێوان تورکیاو سووریا جێگیر دەبن. زۆربەی ئەندامانی ئەم سوپایە و بە تایبەت ئەندامانی ڕیزی خوارەوەی سوپاکە کوردەکان پێکی دێنن و دیارە تورکیاش بە گەورەترین و گرینگترین ھەڕەشەو مەترسی بۆ سەر خۆی دەزانێت. بە سەرنجدانی ئەم ھەل و مەرجە تورکیا ھێزشی چڵەزەیتونی لە باکووری سووریادا دەست پێ کردووە کە ئامانجیشی کۆمەڵگای کوردانی ئەم وڵاتەن.
ھۆکارێکی دیکە کە دەوڵەتی ئانکارا بۆ دەست پێکردنی ئۆپرسیۆنی چڵەزەیتوون لە باکووری سووریاو دژی کانتۆنی عەفرین باسی کردووە خۆی وتەنی خەباتی دژی تیرۆریزمە. دەوڵەتی تورکیا باسی ئەوە دەکات ئەو شەڕڤانە کوردانەی کە دەستەڵاتی باکووری سووریایان گرتووە بە دەستەوەو لە لایەن ئەمریکاوە داکۆکییان لێ دەکرێت، ھێزێکی تیرۆریستن کە بۆ تورکیا وەک مەترسی دێنە ئەژمار . بەم پێیە دەوڵەتی ئانکارا وا دەنوێنێ کە گوایە ئۆپراسیۆنی چڵەزەیتوون بە گوێرەی بڕیارنامەکانی خەباتی دژی تیرۆریزمی ١٦٢٤ ی ساڵی ٢٠٠٥ و ٢١٧٠ ی ساڵی ٢٠١٤ و بڕیارنامەی ٢١٧٨ی ساڵی ٢٠١٤ ئەنجام دەگڕێت.
لە ڕاستی دا ئەوەی وا ئەمڕۆکە تورکیا بە ھەڕەشەی دژی خۆی دەزانێ دەرەنجامی سیاسەتەکانی ئانکارا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو لە ھەمبەر سووریادا بووە. تورکیا لە حاڵێکدا ھێزەکانی پارتی یەکێتیی دیموکراتیکی سووریا کە پارتێکی کوردییە وەک تیرۆریست دەناسێنێ کە بە تایبەتی لە ماوەی ساڵانی ٢٠١١ ھەتا سەرەتاکانی ساڵی ٢٠١٧ سنوورەکانی خۆی بۆ ھاتوچۆی تیرۆریستان کردبووەوە. چەکدارانی تیرۆریست لە نێو خاکی تورکیادا مەشقیان پێ دەکراو پاشان بۆ شەڕی دژی دەوڵەتی سووریا ڕەوانەی خاکی ئەم وڵاتە دەکران. دەوڵەتی دیمەشق ھەتاکو ئێستا گەلێک جار ڕایگەیاندووە کە تورکیا لە لایەنگران و پاڵپشتە سەرەکییەکانی تاقمە تیرۆریستەکانی سەقامگرتووی سووریایە.
بە سەرنجدانی ئەوەی کە ئۆپراسیۆنی چڵەزەیتون لە خاکی سووریادا ئەنجام دەگرێت، دەوڵەتی سووریا بە شێوەی فەرمیانە بەرامبەر بۆ ھێرشانەی سوپای تورکیا ناڕەزامەندیی دەربڕیوەو بە پێشێلکردنی سەروەری و دەستەڵاتی خۆی دەزانێت.
ڕووداوەکان و ئەوەی وا بە چاو دەبیندرێت لە باکووری سووریا دەربڕی ئەوەن کە تورکیا بە پەیڕەو کردنی سیاسەتەکانی دژی سووریی دەوڵەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ماوەی شەش ساڵی سەرەتای شەڕی سووریا فریوی ئەو سیاسەتانەی خواردو کەوتە داوی ئەمریکاوە. بەڵام لەگەڵ ئەمەش دا ئێستاکە دەوڵەتی ئانکارا بۆ دەرباز بوون لەو زۆنگاوەی ئەو بەھۆی ئەمریکاوە تێی چەقیوە نابێ ھانا بۆ ھەنگاوگەلی یەک لایەنەو سەرەڕۆیانە ببات و دژی سووریا بجوڵێتەوە، چونکو باشترین ڕێگا بۆ خۆدەربازکردن لەو کابوس و دڵەخورپانەی لە بەر گرتنی ھەڵوێستێکی ھاوبەش لەگەڵ دەوڵەتی سووریاو یارمەتی وەرگرتن لە دەوڵەتی دیمەشقە بۆ خەباتی دژی تیرۆریستانی سەربە تەوەرەی عەرەبی و عیبری و ڕۆژئاوایی.
قەیرانی سووریا لە ساڵی 2011 بە هێرشی بەربڵاوی ئەو تاقمە تیرۆریستانەی کە لە لایەن عەرەبستان و ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیان لەوانە تورکیاوە بە مەبەستی ڕوخاندنی دەوڵەتی یاسایی بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە پشتیوانییان لێ دەکرێت، سەری هەڵدا. لە ئەنجامی ئەم هێرشانە هەتاکوو ئێستا سەدان هەزار کەس کوژراون و یان بریندار بوونەو ملوێنان کەسیش ئاوارەو هەڵوەدا کراون ، سەرباری ئەمەش ئەمریکاو چەند وڵاتی هاوپەیمانی خۆی، لە مانگی ئوتی ساڵی 2014 بە بیانووی خەباتی دژی تاقمی تیرۆریستی داعش بەدەر لە چوارچێوەی ڕێکخراوەی نەتەوەکان و بە بێ هاواهەنگی لەگەڵ دەوڵەتی سووریا هاوپەیمانییان پێک هێنا .ئەم هاوپەیمانییە ئەمریکییە هەتا ئێستا زۆرێک لە شارومەندانی بێ دەرەتانی سووری و عێراقییان لە پارێزگا جۆربەجۆرەکانی ئەم دو وڵاتە لە خاک و خوێن دا گەوزاندووە.