نیسان 12, 2018 14:26 Asia/Tehran
  • نەیارەتی لەگەڵ پەلاماری سەربازی بۆ سەر سووریا

هاوکات لەگەڵ ڕاگەیەندرانی شەڕی ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەورووپاییەکانی دژ بە سووریا نەیارەتی دژ بەم کردەوە سەربازییە لەم وڵاتانەدا درێژەی هەیە.

لە دوایین نەیارەتییەکان  ؛ بێرنێ سەندێرز ئەندامی سێنای ئەمریکا جەختی کرد؛ "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە، ئیزنی یاسایی بۆ زیاتر کردنی ڕادەی خۆوەردانی سەربازیی ئەمریکا لە سووریای نییە.

سەندێرز شەوی پێنجشەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ کۆنگرێسی ئەمریکا دیاری دەکات کە ئەم وڵاتە بەشداری شەڕ بێ  و  ئەو ئەرک و  بەرپرسایەتییە نابێ لە ئەستۆی خۆی لابات.

"مایک لی" سناتۆری کۆماریخواز لە ئەیالەتی "یۆتا"یش ڕۆژی دووشەممە وتبووی ترەمپ پێش هەر هەنگاوێکی سەربازیی نوێ دژ بە سووریا دەبێ داوای ئیزن بکات لە کۆنگرێس.

لە تەنیشت ئەو نەیارەتییە زارەکییانە، نەیارەتیی بنەڕەتی دژ بە پەلاماری سەربازیی بۆ سەر سووریایش لە ئەمریکا و ئەورووپا خەریکە خۆی دەردەخات.

"جۆرج میچێل" نوێنەری تایبەتی پێشووی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناڤین وتوویەتی: زۆربەی خەڵکی ئەمریکا  و هەروەها کۆنگرێسی ئەم وڵاتە بە لەبەرچاو گرتنی دوو ئەزموونی دیکەی شەڕی ئەفغانستان و ئێراق، ڕازی نین بەوەی کە واشینگتۆن پێ بنێتە نێو شەڕێکی دیکە لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین.

میچێل بە نیگەرانی دەربڕین بەرامبەر بە ئەگەری ڕوودانی شەڕ و پێکدادان لە نێوان ئەمریکا و ڕووسیا لە سووریا ڕاشکاوانە ڕایگەیاند؛ کردەوەی سەربازیی ئەمریکا دژ بە سووریا، بە بێ مەترسی نابێ و کەس ناتوانێ گەرەنتیی سەرکەوتوو بوونی ئەو شەڕە بکات.

لە بەریتانیاشدا کە سەرەکیترین هاوپەیمانی ئەمریکا بەتایبەت لە هاوپەیمانییەکانی شەڕ دێتە ئەژمار، "جێرێمی کوربین" ڕێبەری پارتی کرێکار بە پڕمەترسی وەسف کردنی باروودۆخەکە، جەختی کردووە لە سەر ئەوەی کە دەبێ ڕێگاچارەیەکی سیاسی بۆ ئەو قەیرانە ببینرێتەوە و هەموو لایەنەکان خۆیان دوور بگرن لە تەشەنە پێدانی ئاگری شەڕ لە سووریا.

ئەم ڕێبەرەی گەورەترین پارتی نەیاری دەوڵەت لە بەریتانیا وتوویەتی کە پەرلەمانی ئەم وڵاتە دەبێ سەبارەت بە هەرچەشنە کردەوەیەکی سەربازیی دەوڵەتی "ترێزا مەی"ی سەرۆک وەزیران لە سووریا  بیر و ڕا دەرببڕێ و لەندەن ناتوانێ لەوە زیاتر خۆی تووشی مەترسیی تەشەنە سەندنی شەڕ و قەیران بکات.

هەروەها هاوپەیمانیی دژە شەڕ لە بەریتانیا تومارێکی ئێلێکترۆنیکی وەڕێ خستووە بۆ ئەوەی خەڵک بە واژۆ کردنی پێشگری بکەن بە بەشداری کردنی وڵاتەکەیان لە پەلاماری سەربازیی بۆ سەر سووریا.

لە لەندەنەوە هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا خۆپیشاندانی بەربڵاو دژ بە پەلاماردانی سووریا لە بەردەم نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئینگلیز بەڕێوە بچێ.

هەر لەم ئاراستەیەدا ڕۆژنامەی بەریتانیایی "تایمز" رۆژی چوارشەممە لە هەواڵێکی جیاوازدا نووسی: "ترێزا مەی" لە وتووێژی تەلەفوونی لەگەڵ ترەمپ وتوویەتی بەریتانیا بۆ بەشداری لە پەلاماری سەربازیی بۆ سەرسووریا ، پێویستی بە بەڵگە و کات و ساتی زیاتر هەیە.

تایمز بە ئاماژە بەوەی کە ترەمپ ڕۆژی دووشەممە وتبووی کە ئەمریکا تا ٤٨ کاژێری دیکە سەبارەت بە کاردانەوە بەرامبەر بە پەلاماری شیمانەیی شیمیایی لە سووریا بڕیار دەدات وتیشی: ترەمپ نەیتوانیوە "ترێزا مەی" ڕازی بکات بە بەشداری لە پەلاماردانی سووریا.

بانگەشە و تۆمەت لێدانی بێ بەڵگە و بنەمای تیرۆریستان و داکۆکیکارانی ڕۆژاواییان سەبارەت بەوەی کە سوپای سووریا پەلاماری شیمیایی کردۆتە سەر شاری "دوما" لە نزیکی دیمەشق، کەشێکی پڕ ترس و نیگەرانی بەرامبەر بە ڕوودانی شەڕێکی دیکەی زاڵ کردووە بە سەر هەموو جیهاندا؛ شەڕێک کە لەبەر شەڕنانەوەکانی ترەمپ و پشتیوانانی ئەورووپایی ، ئەگەری زۆرە ڕوو بدات؛ بەڵام کەمترین پشتیوانی و پاسادانەوەی لای بیر و ڕای گشتی جیهان و کۆڕە نێودەوڵەتییەکاندا دەبێ.

قسە شەڕخوزانەکانی "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەبارەت بە پەلاماردانی سووریا لە کاتێکدایە کە ناوبراو ساڵی ٢٠١٣ لە جەنگەی قەیرانی سووریا لە تویتێکدا نووسیبووی کە بێتوو رێبەرانی گەمژە و نەزانی ئەمریکا پەلاماری سووریا بدەن ڕووداوی یەکجار خراپتر و نالەبارتر دەقەومێ.

سەرپەیڤ