لێدوانەکانی ئەردۆغان پێناسەیەکی نوێ لە سیاسەتی دەرەوەیی تورکیا
سەرۆک کۆماری تورکیا بەپێداگری لەسەر پاراستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکاو ڕۆژاوا، وتی: پەیوەندیی لەگەڵ ڕووسیا، ئێران و چین کەمڵێنەری پەیوەندییەکانی ئانکاڕایە.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئانادۆلی، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان رۆژی پێنج شەممە(دوانزەی ئاڤریل) پێی داگرت: ئانکارا دەست هەڵناگرێ لە یەکگرتن لەگەڵ ئەمریکا، هاوبەشیی لەگەڵ ڕووسیاو هاکاریی کردنی ئێران.
ئەردۆغان لەوتاردانێک لەنێو لایەنگرانی لە ئانکارا، وتی: "بەتەما نیم لە یەکگرتوویی لەگەڵ ئەمریکا، پەیوەندییە ستراتژیکەکان لەگەڵ ڕووسیا لەبوارگەلی ئابووری و ئاسایشی یان هاوکاریی لەگەڵ ئێران لەپێناو چارەسەریی گیروگرفتەکانی ناوچە دەست هەڵبگرین". ناوبراو هەروەها وتی: لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین هاوشانە ڕووسەکەی لەبارەی پەلاماری شیمیایی سەر دوما لەغوتەی ڕۆژهەڵاتیی سووریا وتووێژ دەکا هەربەوجۆرەی کە بەرلەوەش لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا قسەی کردووە.
ئەردۆغان پێی داگرت: پەیوەندیی لەگەڵ ڕووسیا، ئێران و چین، جێی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕۆژاوا ناگرنەوە، بەڵکوو کەمڵێنەریانن.
ناوبراو وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی لەوەی کە"ژمارێک وڵات سووریایان کردۆتە گۆڕەپانی تاقیکردنەوەی زۆر"، وتی: "تورکیا ئامادەبوون وچالاکییەکانی لەسووریا تاکاتێک کە هەمووی ئەو سەرزەوینە بۆ هەمووان هێمن بکرێ، بەردەوام دەکات".
ئەو لێدوانانەی ئەردۆغان بۆ بەرپرسانی وڵاتانی کۆمەڵگای جیهانی ئەوەندە سەیر نییە چونکە لەبنەڕەتڕا ماکی سیاسەتی دەرەوەیی ئەو وڵاتە ، جێگیرییەکی پێش بینی کراوی نییەو دێوجامەیەکە چ لە واری ناوخۆداو چ لەواری دەرەوەییدا زاتی سیاسەتی تورکیا بەتایبەت لەسەردەمانێک کە ڕەخنەگرەکانی لەناوخۆی وڵات وەک ئەردۆغانیزم ناوی دەبەن، هەردەم وەک دێوجامە وا بووە. بەم جیاوازییەوە کە دێوجامە بوونی سیاسەتی دەرەوەیی تورکیا تەنیا لەلایەن هەندێ کۆڕ و نێوەندی سیاسیەوە باسی دەکرا، بەڵام لێدوانەکانی ئەم دواییەی ئەردۆغان مۆرکی ئەرێنی دا لەو ڕەوتەی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا کە زیاتر لەڕابردوو ، خەست بووەتەوەو ڕەنگاڵەیی تر بووە. کەمتر دیپلۆماتێک ھەیە کە لەجەنگەی گۆڕانکارییەکانی سووریادا مانای ئەو ڕەنگ گۆڕینەی سیاسەتی دەرەوەیی تورکیا نەزانێت و ڕەنگە هەرلەبەر ئەوەش بووبێ کە بەرپرسانی تورکیا هەرجار بۆ قەرەبووی شکستی سیاسەتی دەرەوەیی خۆیان وێڕای پاراستنی گشتیاتی سیاسەتی ستراتژیکی ڕابردوو، بەشێوەیەکی سەرنجڕاکێش ڕەوتەکەیان گۆڕیوە. بەڵام ئێستا لەبەرەوڕووبوونەوەی نوێی ئەمریکاو ڕووسیا، بەرپرسانی تورک دەبێ شەفافتر لەڕابردوو بجوڵێنەوە. ڕەنگە هەرلەبەر ئەوەبێ کە ئەردۆغان بەسەرلێشێواویی ناچارە سیمای بەڕواڵەت شاراوەی سیاسەتی دەرەوەیی تورکیا پێشان بدات و بەئاشکرا باسی پاراستنی پەیوەندیی لەگەڵ ئەمریکاو ڕۆژاواو پەیوەندیی ستراتژیک لەگەڵ ڕووسیاو هەروەها پەیوەندیی لەگەڵ ئێران و چین وەک ئاڵقەگەلی کەمڵێنەری پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەو وڵاتانە بکات.
بەبڕوای دوکتور ڕەزا سەولەت؛ ئەگەرچی ئەو ڕەوتەی سیاسەتی دەرەوەیی تورکیا هاوڕەوت و سازگارە لەگەڵ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی تورکیا بەڵام بەقسەی ناوبراو، ئەو ڕەوتە لەهەمان کاتدا دەتوانێ پێشاندەری سەرلێشێواوی و هەروەها هەوڵی بەرپرسانی تورک بێ بۆ شاردنەوەی سەرلێشێواویی سیاسەتی دەرەوەیی و پێناسەیەک بێ بۆ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی تورکیا. بەتایبەت کە ئەردۆغان لە پێناسەکردنی هاوکاریی ستراتژیکی تورکیا لەگەڵ ڕووسیا لەبنەڕەتڕا پێناسەیەکی نوێی لە پەیوەندییە ستراتژیکییەکان خستووتە ڕوو کە لەدژ ماناو چەمکی ئەو سیاسەتەیە کە لە وێژەو ئەدەبی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا ھەیە.