داخۆم دەبێ کەنگێ لە چەمکی ڕاستەقینەی ھەڕەشەو مەترسی تێ بگەین؟
وشداری دانی ئێران لە کۆبوونەوەی وەرزانەی ناوەندی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی لە بارەی سێبەری ھەڕەشەی ناڤۆکییانەی ئیسرائیل لە سەر ناوچەکە.
داخۆم دەبێ کەنگێ لە چەمکی ڕاستەقینەی ھەڕەشەو مەترسی تێ بگەین؟ ئایا ھەروا دەبێ چاوەڕوانی ڕوودانی کارەساتی دڵتەزێن بین ھەتا بە تێگەییشتنێکی ھاوبەش بگەین لە بارەی ھەڕەشەو مەترسییەوە؟ یان ئەوەی کە دەبێ ھەوڵ بدرێت بۆ ئەوەی پێش بە دووپات بوونەوەی کارەساتەکان بە لە ڕوودان بگیردرێت؟ چیرۆکی ھەڕەشە ناڤۆکییەکان لە جیھانیش دا ھەروایە.
مارک گوبراد پسپۆڕ لە بواری چەک و چۆڵی ناڤۆکی لە زانکۆی کارۆلینای باکوورییەوە لە بارەیەوە وتوویەتی: جیھان لە گەڕاندنەوەی ئەم گورگە بەرەڵایەی ناڤۆکی بۆ کونەکەی شکستی ھێناوەو ئەوەتا گورگی دیکەشمان لێ پەیدا بوون.
بەرنامەی چەکی ناڤۆکیی ڕژێمی زایونی لە ڕیزی ئەم ھەڕەشانەیە کە ئاسایشتی ناوچەکەی خستووەتە مەترسییەوە.
وانۆنۆ زانستوەری ناڤۆکیی ئیسرائیل لە وتەگەلێکی لەقاودەرانەی خۆی دا ئەم بابەتە پشتڕاست دەکاتەوە کە ئیسرائیل سەرەتای دەیەی ١٩٧٠ ژێرخانە ناڤۆکییەکانی خۆی لە دامەزراوەی دیمۆنادا پەرە پێ دا ھەتا لەم ڕێگایەوە بتوانێ چەک و چۆڵی ناڤۆکی بە ھێزێکی کاولکەرانەی زیاتر بەرھەم بێنێ.
بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی دامەزراوەی ئاشتیی ستۆکھۆڵم، ڕژێمی زایونی خاوەنی نزیکەی ٣٠٠ کڵاوەی ناڤۆکییە.
ڕەزا نەجەفی نوێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوەندی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی ڕۆژی پێنج شەممە لە وتاردانێکدا لە دوایین دانیشتنی وەرزانەی ئەنجومەنی بڕیاردەرانی ناوەندی نێونەتەوەیی وزەی ناڤۆکی، وێڕای ڕەخنەگرتنی توندوتیژ لە سیاسیکاری و ھەڵس و کەوتی دووفاقانەی ڕۆژئاوا لەم بوارەدا، خوازیاری قەدەغەی تۆکمەوتەواوی ھەرچەشنە ھاوکاری و گوێزرانەوەی کەرەستەو ھەوێنی ناڤۆکی بۆ ئیسرائیل بوو. ناوبراو لە بارە کاریگەریی نەرێنیی بەرنامەی ناڤۆکیی ناڕەوای ئەم ڕژێمە لە سەر ئاسایشتی ناوچەکەو خەوشێندرانی سیماو جێ و شوێنی پەیمانی قەدەغەی پەرە پێدانی چەک و چۆڵی ناڤۆکی وشداری دا.
نوام چامسکی، مامۆستای زانکۆو کارناسی ھەڵکەوتەی ئەمریکیش لەم بارەیەوە وتوویەتی: بۆ کۆمەڵگای جیھانی ئەمەی کە لەوانەیە ئێران دەستی بە توانایی ناڤۆکی ڕابگات ھەڕەشەیە، بەڵام بۆ زۆرێک لە خەڵکانی جیھان ھەڕەشەی ڕاستەقینە لە ناوچەکەدا لە لایەن ئیسرائیلەوەیە کە ھەرلە ئێستاوە خاوەنی چەک و چۆڵی ناڤۆکییەو مێژووییەکی دووروردێژیشی لە ڕووی دەست درێژکاری و پشتیوانی لێکرانی لە لایەن زلھێزەکانی جیھانەوە ھەیە.
دنیا جارێکیان شایەتی بوردمتنی ناڤۆکیی ھیرۆشیماو ناکازاکیی ژاپۆن بووە. لەو کارەساتە دڕندانەیەدا ھەزاران کەس بوون بە قوربانیی بوردومانی ناڤۆکیی ئەمریکاو ئەم تاوانکارییە بۆ ھەتاھەتایە لە مێژووی دا تۆمار کرا. لەو کاتەوە ھەتاکو ئێستا ھەوڵێکی زۆر دراوە بۆ پێشگرتن بە دووپات بوونەوەی ئاوا کارەساتێک. کەچی ھەڕەشەو گوڕەشە ھەروا بەردەوامن و ھەزاران کڵاڤۆکی ناڤۆکی لە جبەخانەکانی جیھاندا ھەڕەشە لە مرۆڤایەتی دەکەن . ئێستاکە لە دیمۆنادا تاقیگەیەکی ناڤۆکی ھەیە کە کارگێڕو ستافەکەی وەک ھیرۆشیمای چکۆلە ناوی دەبەن.
ڕۆژنامەی فەرەنسیی گاردییەن لەم بارەیەوە نووسیویەتی: وا مەزەندە دەکرێت کە ئیسرائیل نزیکەی نیو تەن پلۆتۆنیۆم و ڕادەیەکی نادیار ئۆرانیۆمی بۆ چێکردنی چەک پاشەکەوت کردبێت.
ھەڵوێستی ئێران لە بارەی قەدەغەی بەکارھێنرانی چەکی ناڤۆکی لە فەتواکەی حەزرەتی ئایەتوڵڵا عوزما خامەنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی دا بە ڕوونی دەرکەوتووە. بەڕێزی سیھەمی ئاگۆستی ٢٠١٢ لە وتاردانی دەستپێکی شانزەھەمین کۆبوونەوەی بزوتنەوەی بێ لایەنەکان لە تاران دا، پێی داگرت: کۆماری ئیسلامی لە ڕووی لۆژیک، ئایینی و بڕوایی، ھەبوونی چەک و چۆڵی ناڤۆکی بە گوناحێکی گەورە دەزانێ و لەو باوەڕەدایە کە پەرە پێ درانی وەھا چەک و چۆڵگەلێک بێ سوود و کاولکەرو پڕمەترسییە.
ئێران پێشنیاری ڕۆژھەڵاتی ناڤینێکی بەبێ چەک و چۆڵی ناڤۆکیی ھێناوەتە ئاراوەو دیارە پێبەندیشیەتی و لەم ڕووەوە وشداری دان لە بارەی ھەڕەشەی ناڤۆکیی ئیسرائیلیش بە بەشێک لە ئەرک و بەرپرسایەتییە جیھانییەکانی خۆی دەزانێت.