ئاب 10, 2018 15:48 Asia/Tehran
  • بەیاننامەی دژە ئێرانیی دانیشتنی جەددە، چەواشەکاریی هاوپەیمانیی سەعوودی لەشەڕی یەمەن

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەڕەت کردنەوەی بڕگەکانی بەیاننامەی یازدە ماددەیی دانیشتنی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە جەددەی عەرەبستان، وتی: وڵاتانی دەسدرێژکاری سەر یەمەن بۆ شاردنەوەی تاوانکارییەکانیان ڕوویان کردۆتە دەرکردنی بەیاننامەگەلی بێ بایخ و کەڵک وەرگرتنی ناڕەوا لە دەم و دەزگا و میکانیزمە ناوچەیی و جیهانییەکان.

بەهرام قاسمی سەرلەئێوارەی دوێنێ پێنج شەممە وتی: دەسدرێژکارانی سەر یەمەن، بەرپرسی قەیرانی مرۆیی چەندساڵان و کوشت وبڕی ڕۆژانەی خەڵکی بێتاوانی یەمەنن بە بەکارهێنانی بە پێشکەوتەترین چەکئامێرەکان و وێران کردنی ژێرخانەکانی ئەو وڵاتە.

دانیشتنی یەکلایەنەی ڕێکخراوی هاوکاریی ئیسلامی بۆ تاووتوێی پەلاماری ئەم دواییەی هێزەکانی بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن بۆسەر دوو نەوتبەری عەرەبستانی سەعوودی لەدەریای سوور، رۆژی چوارشەممە بەڕێوە چوو.

لەو دانیشتنەدا، ئەو پەلامارە و چەندین تۆمەتی دیکە پاڵدرایە ئێران.

بە دەسپێبوونی شەڕی یەمەن لەمارسی٢٠١٥ هەر کۆبوونەوەو دانیشتنێک لەبارەی قەیرانی ئەو وڵاتە لەسەر داوای رژیمی سەعوودیا بەڕێوە چوو، تۆمەت وبوختان دراوەتە پاڵ ئێران.

"چەواشەکاری" و"هێنانەئارای تۆمەتی پڕووپووچ" لەدژ ئێران، دوو ئامرازی سیاسی هاوپەیمانی سەعوودیا هاوکات لەگەڵ شەڕهەڵایساندنی لەیەمەندایە. رژیمی سەعوودیا کە بەهۆی حیساباتی هەڵەی، شەڕی یەمەنی دەسپێکرد و ئیدیعای دەکرد کەمتر لە یەک مانگ قەیرانی ئەو وڵاتە چارەسەردەبێ، ئەمڕۆ لەچوارەمین ساڵی شەڕدا، جگە لەبەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی و هێنانەئارای تۆمەت و بوختانی پڕووپووچ بۆ دەربازبوون لەدۆخی شکست هێناوی لەشەڕدا، ڕێگایەکی دیکەی لەبەردەمدانییە.

ئەمڕۆ هاوکێشەکانی شەڕ لە یەمەن گۆڕدراوەو دەسەڵاتی سوپاو لێژنە جەماوەرییەکانی یەمەن لەشەڕی دژ بە دەسدرێژکاران، جۆراوجۆری ئامێرە جەنگییەکانی لێکەوتووەتەوە. 

پەلاماری مووشەکیی سەر بنکەو پێگە جۆراوجۆرەکان سەعوودیا تەنانەت لەخاکی عەرەبستان، ئۆپراسیۆنی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی هێزە یەمەنییەکان و سەرەنجام شەڕی دەریایی، دەریخستووە، هێزە یەمەنییەکان بەپاڵپشتی بەتوانا ناوخۆییەکان، هاوپەیمانی سەعوودیایان بەرەوڕووی کێشەو ئاستەنگ کردەوە.

هەرلەوبارەوە، "احمد القنع" وەزیری ڕاوێژکاری لە دەوڵەتی ڕزگاریی نیشتمانیی یەمەن ڕۆژی سێ شەممە وتی: "پێشکەوتنی پیشەسازییەکانی ئەسلەحەسازی و بەخۆماڵی کردن لەیەمەن، بووەتە هۆی سەرلێشێواویی هاوپەیمانی دەسدرێژکاری سەعوودی." ئەوە ڕاستییەکە کە بەکردەوە سەری گرتووەو رژیمی سەعوودیا بۆ دەربازبوون لەو قۆناخەو پاسادانی تاوانکارییەکانی لە یەمەن، ڕێگایەکی جگە لە چەواشەکاری و بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی لەبەردەمدا نییە.

تەنیا دەسکەوتی شەڕخوازیی رژیمی سەعوودیا لە یەمەن، کوشت و بڕی رۆژانەی ژنان و منداڵانی یەمەنی، وێران کرانی ژێرخانەکان، ناوەندە پزشکی و دەرمانییەکان، وێرانی و سەرەنجام، ڕوودانی کارەساتی مرۆیی و پزشکی لە یەمەندا بووە. قەیرانی یەمەن، نالەبارترین کارەساتی مرۆیی لەجیهانە کە لەسای ڕەوتی دووفاقیی رۆژاوا بەرامبەر پرسەکانی مافی مرۆڤ ڕوویداوە.

وڵاتانی جاڕدەری مافی مرۆڤ لەتەنیشت ڕژیمی سەعوود هاوبەشی تاوانکاریی ئەو رژیمە لەکوشت و بڕی خەڵکی یەمەندان، چونکە ئەمڕۆ چەشنی جۆراوجۆری چەکئامێری ڕۆژاوایی و تەنانەت قەدەغەکراویش لەدەست هاوپەیمانی سەعوودی دایە. نوێترین نموونەی کەڵک وەرگرتن لەو چەکئامێرانە، کوشتاری منداڵانی یەمەنی لە هێرشی هاوپەیمانی سەعوودی بۆسەر پاسی هەڵگریان لەشاری"ضیحان"ی سەربەپارێزگای سەعدە لەباکووری یەمەنە. لەو پەلامارەدا، پەنجا منداڵی یەمەنی گیانیان لەدەست دا.

ئەمڕۆکە بۆ گشت جیهانیان سەلمێندراوە کە هاوپەیمانی سەعوودی و لاگرانی رۆژاوایی ئەو هاوپەیمانییە، دەوری ڕاستەوخۆیان هەیە لە ڕوودانی تاوانکارییەکان لە یەمەن.

هەرلەو چوارچێوەدا، ڕێکخراوی نادەوڵەتیی نێودەوڵەتی لەژێرناوی "کەیر"(Care) (هاوکاری بۆ یارمەتی لەهەر شوێنێک) لە بەیاننامەیەکدا کە لە سێی ئاگۆستدا بڵاوی کردەوە، وشداریی دا: "رەوشی مرۆیی لە یەمەن زۆر کارەساتبارەو دەبێ کۆتایی بهێنرێ بە توندوتیژییەکان".

ڕێکخراوی کۆمیساریای باڵای کاروباری پەناخوازانی ڕێکخراوی نەتەوەکانیش قەیران لە یەمەنی بە "خرابترین قەیرانی مرۆیی لەجیهان" زانی و ڕایگەیاند: "قەیرانی یەمەن، بووەتە هۆی ئەوەی بیست و دوو ملوێن و٢٠٠هەزار یەمەنی، واتە سەتا ٧٥ی دانشتوانیی گشت ئەو وڵاتە پێویستیان بەیارمەتییە مرۆییەکان بێ و گیانی بەملوێنان کەسیشی خستووەتە مەترسی."

سەرپەیڤ