راپۆرێک لەسەر پرسی بەرنەدانی پۆست لەهەرێمی کوردستان
مانەوەی 12 ساڵی مەسعود بارزانی لەپۆستی سەرۆکی هەرێمدا بەتەنیا نییەو پێنج بەرپرسی تری هەرێمی کوردستانیش زیاتر لە 10 ساڵە لەپۆستەکانیاندان، کە هەریەک لەنێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتو کەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ پشکی شێریان بەردەکەوێتو زیاتر لە 17 ساڵە لەپۆستەکانیاندان.
پرسی بەرنەدانی پۆست لەهەرێم کوردستان لەکاتێکدایە، کە لەماوەی چارەکەسەدەیەکی تەمەنی ئیداریی کوردیی هەرێمدا پێنج هەڵبژاردنی گشتی کراوە، کە بنەمای ئاڵۆگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵاتە، بەڵام بەشێک لەبەرپرسان لەپۆستەکانیان ماونەتەوە، لەوانە نێچیرڤان بارزانی.
پۆستی سیاسی بەپێی هەڵبژاردن دەبێت چوار ساڵ جارێک دەستاودەست بکرێت، بەڵام "لەهەرێمی کوردستاندا دەستاودەستی دەسەڵات" پرسیاری گەورەی لەسەرە، بەتایبەتی پۆستە باڵاکانی وەک سەرۆک وەزیران.
مەسعود بارزانی،لە 2005 بۆ 2017
سەرۆکی هەرێم بوومەسعود بارزانی لەدوای سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆو درووستبوونی دووئیداری لەساڵی 1994دا لەڕێگەی بڕیارێکی پەرلەمانەوە، کە ئەوکات یەکێتیو بەشێک لەلایەنەکانی تر بایکۆتیان کردبوو وەک سەرۆکی کوردستان دیاریکرا، بۆ یەکەمجار لەهەڵبژاردنی 31-12-2005دا وەک یەکەم سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵبژێردرا، لە 25/7/ 2009 بۆ جاری دووەم لەهەڵبژاردنی گشتیدا وەک سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردرایەوە.
لە 30ی حوزەیرانی ساڵی 2013 کاتێک ویلایەتەکەی کۆتایی هاتبوو لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە بەبڕیارێک دوو ساڵی تری بۆ درێژ کرایەوە، لەمانگی ئابی ساڵی 2015دا، کە وادەی کۆتایی ویلایەتە دووساڵییەکەی بوو پۆستەکەی کێشەی یاسایی تێکەوتو بەهۆی هەوڵی چوار فراکسیۆن بۆ هەمواری یاسایی سەرۆکایەتیی هەرێم قەیرانی یاساییو سیاسی لێکەوتەوە، کە لەو کاتەوە لەپۆستەکەیادا ماوەتەوە، لەگەڵ ئەوەی وادەکەی کۆتایی هاتو دەستبەرداری پۆستەکەی لەمانگی 11ی ساڵی رابردوو بوو، بەوەش بارزانی 12 ساڵە لەو پۆستە مایەوە.
نێچیرڤان بارزانی،شانزە ساڵ لەیەک پۆستدا
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئێستای حکومەتی هەرێمی کوردستان لەساڵی 1996، پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، لەساڵی 1999 بەسەرۆکوەزیران دەستنیشان کرا، لەئازاری 2006 نێچیرڤان بارزانی بۆ جاری دووەم پۆستی سەرۆکی کابینەی پێنجەمی یەکگرتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی وەرگرتەوە.
لەساڵی 2009 بەرهەم ئەحمەد ساڵح بۆ ماوەی دوو ساڵ پۆستی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی وەرگرت لەکابینەی شەشەمداو دواتر و لە 2012 تا 2014 نێچیرڤان بارزانی بووەوە بەسەرۆکی حکوومەت لەکابینەی حەوتەمدا، لەو کاتەشەوە تا ئێستا زیاتر لە 17 ساڵە لەو پۆستەدایەو هەموو ئەگەرەکانیش بۆ ئەوەیە، کە چوار ساڵی تر سەرۆک وەزیران بێت لەکابینەی نوێ.
فوئاد حوسێن 13ساڵ لەدیواندا
فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێم لەسەر پشکی پارتی لە 1/8/2005ـەوە لەو کاتەوە تا ئێستا بەردەوامە لەپۆستەکەیدا، کە 13 ساڵ دەکاتو بەم دوایانە پۆستی وەزیری دارایی عێراقی وەرگرتو بەوەش دەستبەرداری پۆستەکەی پێشووی دەبێت.
دەسەڵاتی ئەو پۆستە لەدیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمدا لەدوای جێگری سەرۆک باڵاترینە، بەو پێیەی بەگوێرەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی ساڵی 2005 ئەرکی سەرپەرشتیکردنی بەڕێوەبەرایەتییەکانی دیوانو ڕێکخستنی پەیوەندی لەنێوان سەرۆکایەتیی هەرێمو سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانو سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانە، ئەوە جگە لەڕێکخستنی پەیوەندیی لەنێوان سەرۆکایەتی هەرێمو دەسەڵاتەکانی عێراقی فیدراڵو ڕێکخستنی چالاکیو پەیوەندییەکانی سەرۆکی هەرێم لەناوەوەو دەرەوەی هەرێمی کوردستاندا.
ئاشتی هەورامی، 12 ساڵی نەوتی بەدەستەوەیە
عەبدوڵڵا عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا، ناسراو بەئاشتی هەورامی تەمەن (69) ساڵ، لە ئایاری 2006ـەوە وەک وەزیری سامانەسرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستنیشان کراوەو لە 28-10-2009دا لەکابینەی شەشەمی حکومەتدا بۆ دووەم جار هەمان وەزارەتی وەرگرتەوە، لە 5-4-2012دا لەحەوتەم کابینەی حکومەت بۆ سێیەم جار کرایەوە بەوەزیری سامانە سرووشتییەکانو لەکابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمیشدا بۆ سێیەم جار ئەو پۆستەی وەرگرتەوە، کە ماوەی 12 ساڵە لەو پۆستەدایە.
فەلاح مستەفا، پەیوەندییەکی 13 ساڵە
فەلاح مستەفا، تەمەن (53) ساڵ، کە لەساڵی 1999وە لەسەر پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەکابینەی سێیەمی حکومەتی ئیدارەی هەولێر پۆستی بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵو ئاودێریی وەرگرتووەو لەساڵی 2002 تا 2004 ڕاوێژکاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بووەو لە ساڵی 2004 لەکابینەی چوارەمی حکووەت پۆستی وەزیری هەرێمی وەرگرتووە و لەکابینەی پێنجەمی حکوومەتی هەرێمدا بە پلەی وەزیر بووە بە بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم و تا ئێستاش لە کارەکەی بەردەوامە کە ماوەی 13 ساڵ دەکات.
کەریم سنجاری، 17 ساڵە ناوخۆ نادات بە دەستەوە
عەبدولکەریم سوڵتان عەبدوڵڵا ناسراو بەکەریم سنجاری تەمەن (67 ساڵ)، لە ساڵی 2001ـەوە پۆستی وەزیری ناوخۆ ئیدارەی هەولێری وەرگرتووە، لە ساڵی 2005 لە کابینەی هاوبەشی حکومەتی هەرێم بۆ جاری دووە پۆستەکەی وەرگرتووەتەوەو بە هەمان شێوە لە ساڵی 2009 و 2013دا بۆ سێیەمو چوارەم جار هەمان پۆستی وەرگرتووەتەوە و تا ئێستا بەردەوامە، کە 17 ساڵە وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمە.