کانونی یه‌که‌م 30, 2018 12:52 Asia/Tehran
  • 12 ساڵ‌ له‌مه‌وبه‌ر سه‌دام حسێن له‌سێداره‌ درا

12 ساڵ‌ له‌مه‌وبه‌ر و له‌ رۆژێکی‌ وه‌ک ئه‌مڕۆدا که‌ رێکه‌وتی‌ یه‌که‌م رۆژی‌ جه‌ژنی‌ قوربانی‌ ده‌کرد، سه‌دام حسێن سه‌رۆکی‌ پێشووتری‌ عیراق دوای‌ ئیمزاکردنی‌ فه‌رمانی‌ له‌سێداره‌دانی‌ له‌لایه‌ن نوری‌ مالیکی‌ سه‌رۆک وه‌زیرانی‌ ئه‌وکاتی‌ عیراقه‌وه‌، له‌سێداره‌ درا.

 

سه‌دام حسێن له‌ ساڵی‌ 1979 تا 2003 سه‌رۆک کۆماری‌ عیراق بوو و له‌و ماوه‌یه‌دا عیراقی‌ رووبه‌ڕووی‌ چه‌ندین شه‌ڕ کرده‌وه‌.سه‌دام حسێن عه‌بدولمه‌جید تکریتی له‌ 28ی‌ نیسانی‌ 1937 له‌ گوندی‌ عۆجه‌ی‌ سه‌ر به‌ شاری‌ تکریت له‌دایک بووه‌ و دوای‌ کۆچی‌ باوکی‌ خاڵی‌ به‌خێوی‌ کردووه‌ و دایکیشی‌ شووی‌ کردووه‌ته‌وه‌ و سێ‌ کوڕی‌ تری‌ بووه‌، دواتر سه‌دام چووه‌ته‌ به‌غدای‌ پایته‌خت و چووه‌ته‌ ناوه‌ندی‌ نیشتمانی‌ و دواتریش کۆلیژی‌ یاسا.

له‌ 1957دا په‌یوه‌ندی‌ به‌ حزبی‌ به‌عسی‌ عه‌ره‌بی‌ ئیشتراکی‌ کردووه‌ و دوای‌ دوو ساڵ‌ به‌شداری‌ له‌ هه‌وڵی‌ تیرۆرکردنی‌ عه‌بدولکه‌ریم قاسم که‌ له‌ 1958دا کۆتایی به‌ رژێمی‌ پاشایه‌تی‌ له‌ عیراق هێنا، کرد و هه‌وڵه‌که‌یان شکستی‌ هێنا به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات هه‌ڵات و له‌ 1963دا دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ حزبی‌ به‌عس عه‌بدولکه‌ریم قاسمی‌ له‌ده‌سه‌ڵات لابرد، سه‌دام گه‌ڕایه‌وه‌ عیراق.

له‌گه‌ڵ‌ هاتنه‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی‌ عه‌بدولسه‌لام عارف ده‌ستی‌ کرد به‌ راوه‌دوونانی‌ به‌عسییه‌کان و له‌ 1964دا سه‌دام ده‌ستگیرکرا و دوای‌ دوو ساڵ‌ هه‌ڵات و له‌ 1968دا به‌شداری‌ کرد له‌و کوده‌تایه‌ی‌ حزبی‌ به‌عسی‌ گه‌یانده‌ ده‌سه‌ڵات و سه‌دام له‌ عیراقدا بوو به‌ که‌سێکی‌ به‌هێز و جێگری‌ ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌کر سه‌رۆک کۆماری‌ عیراق.

له‌ 16ی‌ ته‌مموزی‌ 1979 دوای‌ لادانی‌ ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌کر، سه‌دام بوو به‌ سه‌رۆکی‌ وڵات و سه‌رۆک وه‌زیران و ئه‌مینداری‌ گشتی‌ حزبی‌ به‌عس و سه‌رۆکی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ سه‌رکردایه‌تی‌ شۆڕش و فه‌رمانده‌ی‌ گشتی‌ هێزه‌ چه‌کداره‌کان.هه‌رزوو له‌ناو حزبی‌ به‌عسدا هه‌ڵمه‌تی‌ پاکتاوکردنی‌ ده‌ست پێکرد و به‌تۆمه‌تی‌ ئه‌نجامدانی‌ کوده‌تا له‌ دژی،‌ 23 به‌رپرسی‌ حزبه‌که‌ی‌ له‌سێداره‌ دا.

له‌ 1980دا و ته‌نها ساڵێک دوای‌ هاتنه‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ شه‌ڕی‌ له‌گه‌ڵ‌ کۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران ده‌ستپێکرد که‌ ماوه‌ی‌ هه‌شت ساڵ‌ به‌رده‌وام بوو، دواتر له‌ 1990دا وڵاتی‌ کوه‌یتی‌ داگیر کرد، له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌مریکا هاوپه‌یمانییه‌کی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌ دژ دروست کرد و له‌ 1991دا سوپای‌ عیراقی‌ له‌ کوه‌یت ده‌رکرد و له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانیشه‌وه‌ ئابڵوقه‌ی‌ ئابووری‌ به‌سه‌ر عیراقدا سه‌پێنرا که‌ ماوه‌ی‌ 13 ساڵ‌ به‌رده‌وام بوو.

له‌ 15ی‌ ئۆکتۆبه‌ری‌ 1995دا ویلایه‌تی‌ سه‌دام حسێن بۆ ماوه‌ی‌ حه‌وت ساڵ‌ درێژکرایه‌وه‌، له‌ 15ی‌ ئۆکتۆبه‌ری‌ 2002دا بۆ حه‌وت ساڵی‌ تر ماوه‌ی‌ سه‌رۆکایه‌تییه‌که‌ی‌ درێژکرایه‌وه‌، له‌ 17ی‌ ئازاری‌ 2003دا جۆرج بوشی‌ کوڕ سه‌رۆکی‌ ئه‌و کاتی‌ ئه‌مریکا 48 سه‌عات مۆڵه‌تی‌ دا به‌ سه‌دام تا ده‌سه‌ڵات به‌جێبێڵێت و بچێته‌ وڵاتێکی‌ تر، به‌ڵام سه‌دام ئه‌و ئاگادارکردنه‌وه‌یه‌ی‌ ره‌تکرده‌وه‌ و هێزه‌کانی‌ ئه‌مریکا و به‌ریتانیا هاتنه‌ عیراق.

له‌ 2003/12/13 دا، له‌دوای‌ خۆحه‌شاردان بۆ ماوه‌ی‌ نزیکه‌ی‌ هه‌شت مانگ سه‌دام حسێن له‌لایه‌ن هێزێکی‌ تایبه‌تی‌ ئه‌مریکاوه‌ له‌گوندێکی‌ ناوچه‌ی‌ تکریت ده‌ستگیرکرا و رووبه‌ڕوی‌ دادگا کرایه‌وه‌.

له‌ رۆژی 30-12-2006 دا سه‌دام حسێن دوای دادگاییکردنی و ده‌رکردنی سزای له‌سێداره‌دان، له‌کاتژمێر 6:10 خوله‌کی به‌ره‌به‌یانی که‌ هاوکات یه‌که‌م رۆژی جه‌ژنی قوربان بوو، له‌سێداره‌ درا.له‌و به‌ره‌به‌یانییه‌دا کۆتایی به‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سه‌دام حسێن هێنرا که‌ بۆ ماوه‌ی زیاتر له‌ 30 ساڵ حوکمی عیراقی کرد و چه‌ندین تاوانی دژی گه‌له‌که‌ی ئه‌نجام دا هه‌ر له‌ کیمیابارانکردن و ئه‌نفالکردنی کورد و کوشتنی پێکهاته‌کانی تری عیراق به‌تایبه‌ت عه‌ره‌به‌ شیعه‌کانی پارێزگاکانی ناوه‌ڕاست و باشوور.