ئادار 26, 2019 15:04 Asia/Tehran
  • پێداگریی ئێران لەسەر پێویستیی کۆتایی ھێنان بە شەڕ و خوێنڕشتن لە یەمەن

چوار ساڵ بەسەر دەستدرێژی و شەڕی بێ ئەنجام بە دژی خەڵکی یەمەن تێدەپەڕێ.

ئەم شەڕە لە حاڵێکدا پێ دەنێتە   پێنجەمین ساڵی خۆیەوە کە  بەپێی  دانپێدانانی کاربەدەستان و ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتی زۆرتر لە بیست و چوار ملوێن  یەمەنی پێویستیان بە یارمەتی بووە، زۆرتر لە پازدە ملوێنی تریش  تووشی کەمخۆراکین و ملوێنان منداڵ  بەرەوڕووی  برسیەتین  کە هەموویان  نەک لەبەر قەیران و بەڵای سرووشتی بەڵکوولەبەر شەڕ و درێژ بوونەوەی ئەم شەڕە بۆ چوارساڵ  و بێ دەنگی و کەمتەرخەمیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ڕووی داوە .

 وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی  دووشەممە لە ساڵوەگەڕی  دەسپێکرانی  پەلاماری  هێزی هاوپەیمانی  بە سەرکردایەتیی عەرەبستانی سعودی  بۆسەریەمەن، وێڕای ئاماژە کردن بۆ ئەم ڕاستییە تاڵانە، دەستدرێژی ئاشکرا بۆسەر یەمەنی ئیدانە کرد و خوازیاری کۆتایی ھێنانی خێرا بە شەڕو خوێنڕێژی لەو وڵاتە دا بوو  . 

عەرەبستان بە داکۆکیی ئەمریکا، ئیمارات و چەند وڵاتی دیکە لە مارسی ساڵی 2015  ەوە  دەستی داوەتە دەستدرێژکاریی سەربازی بۆسەر یەمەن و گەمارۆی زەوینی، دەریایی و ئاسمانیی  ئەم وڵاتە.

لەماوەی چوار ساڵ شەڕخوازیی عەرەبستان و هاوپەیمانانی لە یەمەن  بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی تەندوروستیی یەمەن، دوازدە هەزار یەمەنی کوژراون و نیزیکەی  بیست و شەش هەزار کەسیش لەبەر  پەلاماری هاوپەیمانیی سعودی بریندار بوونە.

لەم ژومارەیە زۆرتر لە شەش هەزار کەسیان ئافرەت و منداڵن.

ڕژێمی سعودی بە خەون و خەیاڵی  زاڵ بوون بەسەر یەمەن و پارچەپارچە کردنی ئەم وڵاتە  خۆی بە شەڕێکی نایەکسانەوە تێوە گلاند، بەڵام  سەرباری چاوەڕوانییەکانی ، تووشی شکستی پەیتاپەیتا ھات و زیانی قورسی لەبەرامبەر هێزی سوپا و لیژنەکانی جەماوەری  یەمەن بینی .

بڵاو کراوەی ئەمریکایی هیل  وێڕای  شی کرنەوەی ڕەوتی  گۆڕانکارییەکانی یەمەن دەنووسێت : عەرەبستان لە یەمەن  بەرەوڕووی چەقبەستوویی بووەتەوە. ڕاستیەکەی ئەمەیە کە عەرەبستان لەباری سەربازییەوە  لەم وڵاتەدا تووشی  کێشە بووە و تەنیا ڕێگەی چوونەدەری عەرەبستان لە کێشەی یەمەن، وەستانی شەڕ  بە دژی یەمەنە.

گەڵاڵە چوار خاڵییەکەی ئێران کە ئاپریلی دووهەزارو پازدە بۆ چارەسەرکرانی قەیرانی یەمەن پێشکەشی کرد، یەکێک لەو ڕێگایانەیە  کە دەتوانێ  کۆتایی بەم  دەستدرێژکارییە بێنێ . 

 گەڵاڵەکەی ئێران لە سەر  چواربنەمای سەرەکی داگری  ، وازھێنان لە شەڕو دامەزرانی ئاگربڕی خێرا، ناردنی یارمەتیی مرۆڤدۆستانە، دەستپێکرانی وتووێژی سیاسی لەنێوان هەموو لایەنەکانی یەمەنی و پێکهێنانی دەوڵەتی گشت داگری نەتەوەیی، پێشکەش کراوە.

تائێستا چەندین جار بۆ کۆتایی ھێنان بە شەڕی یەمەن هەوڵ دراوە  .لە نموونەی ئەم هەوڵانە وتووێژی تاقمەکانی یەمەنی لە ستکهۆلمی سویدە کە دیسەمبەری ساڵی 2018  بە ئامادەبوونی لایەنەکانی یەمەنی بەڕێوە چوو .  ئەم وتوێژانە ڕێککەوتنی بەرایی  دامەزرانی ئاگربڕ  لە بەندەری حودەیدە و گۆڕینەوەی  دیلەکان لە نێوان دوولایەن، کرانەوەی هێڵی ئاسمانی  بۆ ناردنی دەرمان و پێداویستیی گشتیی خەڵکی لێ کەوتەوە، بەڵام  ئەم ڕێککەوتنە بە جاران لەلایەن عەرەبستانەوە بن پێ کراوە.

کۆتایی شەڕ لەیەمەن بێ گومان پێویستی بە خواستی جیهانی  بەتایبەت لە لایەن وڵاتانی ڕۆژاوایی بۆ وەستانی کردەوەکانی نامرۆڤانەی عەرەبستان لە یەمەنە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران بڕوای بە ڕێگەچارەی سیاسییە بۆ کۆتایی ھێنان بەشەڕی یەمەن. هەر بەم پێیە وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە  بەیاننامەکەی دا  دیسانەوە وێڕای داکۆکی کردن لە ڕێککەوتنەکانی ستکهۆلم،  داوا لە وڵاتانی کاریگەر لە قەیرانی یەمەن دەکات بواری پێویست بۆ  جێبەجێ کرانی  تۆکمەوتەواوی ڕێککەوتنەکان، بڕەخسێنن.

کۆماری ئیسلامیی ئێران هیوادارە جێبەجێ کرانی تۆکمەوتەواوی ڕێککەوتنەکانی ستکهۆڵم  ، بە داکۆکی  کومەڵگەی جیهانی ببێتە  هۆی کەم بوونی ئێش و ئازاری خەڵکی یەمەن بەتایبەت منداڵان و ئافرەتانی ئەو وڵاتە و یەکەم هەنگاو بێت بۆ چارەسەرکرانی قەیرانی یەمەن.