حوزه‌یران 15, 2020 19:13 Asia/Tehran
  • سەردانەکەی زەریف بۆ تورکیا ، درێژەی گەشەی پێوەندیی ستراتژیکی تاران - ئانکارا

محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ وتووێژ لە گەڵ کاربەدەستانی تورکیا لە بواری پێوەندیی دوو قۆڵی و پرسە نێودەوڵەتیەکان لە سەرووی شاندێکدا سەردانی تورکیای کردووە .

وەزاڕەتی دەرەوەی تورکیا رۆژی یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند لەم سەفەرەدا ھەموو لایەنەکانی پێوەندیی دوو قۆڵی تاووتوێ و لە بارەی پرسە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکانەوە وتووێژ دەکرێ . 

وەزیری دەرەوەی ئێران دوای  سەردانی تورکیا  ، سەردانی مسکۆش دەکات تا لە گەڵ وەزیری دەرەوەی روسیاش لە بارەی دوایین گۆڕانکاریەکانی ناوچەکە و ھەروەھا پێوەندیەکانی تاران - مسکۆ وتووێژ بکات . 

پێوەندیی تاران - ئانکارا لە ساڵانی رابردوودا پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ . لەم ئاڕاستەیەدا ، دیپلۆماسیی چەند لایەنەی دوو وڵات لە کۆی دانیشتنەکانی ئاستانە و سوچی بۆ دەربازبوون لە قەیرانی سوریا ، ھەنگاوی ھاوبەش بۆ دامەزرانی ئاگربەس و بەدیھێنانی ناوچەی بێ بارگرژیی لە سوریا و ھاریکاریی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریسم لە گرنگ ترین بابەتەکانی ھاریکاریی دوو وڵاتی تورکیا و ئێران بووە لە ساڵانی رابردوودا . 

گرنگایەتیی دانوستانەکانی زەریف لە ئانکارا و لە درێژەی ئەم سەفەرە لە مسکۆ ، دەبێ لە چوارچێوەی بەدواداچوونی رێککەوتنی ستراتژیک لە دانیشتنە سێ قۆڵیەکانی ئێران و تورکیا و روسیادا لێک بدرێتەوە .