May 27, 2022 13:59 Asia/Tehran
  • جەختی شەمخانی لە سەر ھەوڵدان بۆ چەسپاندنی سەقام و ئاشتی لە ئەفغانستان

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشتی نیشتیمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی: سەقام و ئاشتی لە ئەفغانستان بۆ تەواوی وڵاتانی ناوچەکە پێویستە.

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشتی نیشتیمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ بەشداری لە چوارەمین دانیشتنی ئاسایشتی ناوچەیی دوێنێ پێنج شەممە گەییشتە «دووشەنبە»ی پێتەختی تاجیکستان.

چوارەمین دانیشتنی وتووێژی ئاسایشتی ناوچەیی، ئەمڕۆ ھەینی بە ئامادە بوونی کاربەدەستانی ئاسایشتی نیشتیمانیی وڵاتانی کۆماری ئیسلامیی ئێران،  ڕووسیا، چین، هیند، تاجیکستان، کازاخستان، قڕقیزستان، تورکمەنستان و ئزبەکستان لە شاری «دووشەنبە» دەست بەکار بوو.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی ئێران پرێس، «عەلی شەمخانی»سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشتی نیشتیمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوارەمین دانیشتنی وتووێژی ئاسایشتی ناوچەیی لە «دووشەنبە»ی پێتەختی تاجیکستان، وێڕای ڕوون کردنەوەی ھەل و مەرجی ناوچەکە بە تایبەت گۆڕانکارییەکانی ئەفغانستان لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوو، تیشکی خستەسەر شکست ھێنان و ھەڵاتنی ئابڕوبەرانەی ئەمریکا لە ئەفغانستان و وتی: کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام خوازیاری چەسپێندرانی ئاسایشت و سەقام و ئاشتی لە ئەفغانستان بووەو بە بەستێنێکی پێویستی دەزانێ بۆ گەشەو خۆش گوزەرانیی خەڵکی ئەم وڵاتەو ھەروەھا جەماوەری ناوچەکە.

شەمخانی وێڕای ئاماژە کردن بەمەی کە ئێران بە درێژایی ساڵانێکی دوورودێژ میوانداری نزیکەی پێنج ملوێن کەس لە جەماوەری بەشەرەفی ئەفغانستان بووە، وتیشی: بە بێ بوونی یارمەتییە کاریگەرە نێونەتەوەییەکان و لە ھەل و مەرجی بایکۆتی ستەمکارانەدا میوانداری کردنی ئەم پەناخوازانە گرفتی زۆری بە سەر وڵاتی ئێراندا سەپاندووە.

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشتی نیشتیمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە دەربڕینی ئەمەی کە تاوانباری سەرەکی لە سەرھەڵدانی دوو کارەساتی وەک سەرھەڵدانی شەڕی بیست ساڵە لە ئەفغانستان و شەڕی ئۆکرانیا، سیاسەتەکانی ھەڵەو پاوانخوازانەی ئەمریکایە، وتیشی: ئەمریکا نەک ھەر نەک ھەر دەبێ سامانی جەماوەری ئەفغانستان ئازاد کات، بەڵکو دەبێ زیانە ماددییەکانیش کە بەسەر ئەفغانستانی سەپاندووە قەرەبوو کاتەوە.

شەمخانی، تیرۆریزم و توندئاژۆیی بە ھۆکارگەلێکی گرینگی ناھێمنی لە ئەفغانستان زانی و وتیشی: بە داخەوە بەڵگەو دەرکەوتەی جێی نیگەرانیی زۆر لە بارەی ئامادەمەندی و دەستوەردانی ھێندێک لە وڵاتانی ناوچەکەو واوەناوچەیی لە مەڕ گواستنەوەو جڵەوکێش کردنی تیرۆریستان لە ئەفغانستاندا لە بەر دەست دایە.

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشتی نیشتیمانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران وێڕای ئاماژە کردن بە بەردەوامیی دەستوەردانەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان وتیشی: ئەگەر بمانەوێ بەستێنی دەستوەردانی ئەمریکا لە ئەفغانستان بەرتەسک کەینەوە، دەبێ بە ھاوکاریی یەکتر بۆ چارەسەریی گرفتی خەڵکی ئەم وڵاتە بە تایبەت گرفتی ئابووری ڕێگاچارەی گونجاو بگرینە بەر.

شەمخانی ھەوڵی ھەمووانیی بۆ بەرنگاربوونەوەی تیرۆریزم و یارمەتی دانی پێکھێنانی میکانیزمێک بۆ گەڕانەوەی کۆچبەرانی ئەفغانستانی بۆ وڵاتی خۆیانی بە ڕێگایەکی دیکەی یارمەتی دانی چەسپێندرانی سەقام و ھێوری لەو وڵاتە زانی.

سەرپەیڤ