کان، فستیڤاڵێکی بە سیاسەت پێکراو
فستیڤاڵی کان جارێکی تر ھەرای نایەوە، براوەکانی ئەم فستیڤاڵە لە ھەل و مەرجێکدا ناسێندران کە لە ھەڵبژاردنیاندا ڕەھەندی پڕۆفشناڵی لەبەرچاو نەگیراوەو زاڵ بوونی ڕوانگەی سیاسی بە سەر ھونەردا تەواو ھەستی پێ دەکرا.
چوار خاڵی گرینگ لە بارەی فستیڤاڵی ٢٠٢٢ی کان تەواو ئاشکرایە:
یەکەم، بە سیاسەت پێکرانی ئاشکرای فستیڤاڵی کان کە لوتکەکەشی لێدوانی سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا لە ئاھەنگی دەستپێکی فستیڤاڵەکە بوو. «ڤلۆدیمیر زلێنسکی» بە شێوەی ئۆنلاین بەشداریی کۆڕەجێژنەکەی کردو بە بیانووی پرسی شەڕو سینەما لە بارەی ئەو نەھامەتییەی کە بەشەڕ ھاتنی دژی ڕووسیا بە سەر وڵاتەکەی و خەڵکەکەی ھاتووە قسەی کرد. لە ڕاستی دا زلێنێسکی نەک وەکو کەسایەتییەکی ھونەری و بە فیلێمێکی ھەڵگری ناوەڕۆکی شەڕ، بەڵکو وەکو سەرکردەیەک کە لە ھەمبەر ڕووسیا لە لایەن ڕۆژئاواوە داکۆکیی لێ دەکرێت لە فستیڤاڵەکەدا قسەی کرد و دیارە ئەم ھەڵوێستەش لە درێژەی سیاسەتەکانی دژی ڕووسیی مانگەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی بووە.
خاڵی دووھەم، بە ھەند نەگرتنی فەکتەرە ھونەری و پرۆفشناڵەکان لە ھەڵسەنگاندنی فیلمەکانە. ھەر لە بنەرەت دا فەلسەفەی فستیڤاڵە ھونەرییەکان ئەمەیە کە بەرھەمە ناوازەکانی وڵاتانی جیھان لە کێبەرکێیەکی ھونەری و پڕۆفشناڵ تاقی دەکرێنەوە. بەڵام فستیڤاڵی کان کە ٧٥ خول لە بەرپاکرانی تێ دەپەڕێت و پێشینەیەکی درێژی ھەیە جارێکی تر سەلماندی کە بە تێپەڕینی زەمەن و ھەڵبەت ھەرچی بەرەو پێشتر دەڕۆین، زیاتر توانەوەی بایەخە ھونەری و ڕەھەندە پڕۆفشناڵەکانی فستیڤاڵ و فیلمە نمایش کراوەکان دەبینین.
خاڵی سێھەم، ئەوەی وا لە ماوەی ٧٥ـەمین فستیڤاڵ فیلیمی کان لە فەرەنسا بینرا، درێژەی ھەمان ڕوانگەی دژی دینیی ڕۆژئاوا بە تایبەت وڵاتانی ئەورووپییە. فیلیمی «جاڵجاڵۆکەی پیرۆز» کە لەم فستیڤاڵەدا پیشان درا و ئەکتەرە ژنەکەی بوو بە باشترین ئەکتەری ئافرەتی فستیڤاڵەکە، بەردەوامیی ڕوانگەی «سەلمان ڕوشدییەکان» لە ئایاتی شەیتانی و سوتاندنی قورئانی کەریم لە وڵاتانی ئەورووپییە. فیلمی «جاڵجاڵۆکەی پیرۆز» سوکایەتی کردن بە گڵکۆی پیرۆزی ئیمامی ھەشتەم لە مەشھەدی پیرۆزی پیشان دا. ڕاستییەکەی ئەمەیە کە ئیسلامخوازی لە نێو جەماوەری وڵاتانی ئەورووپی دا پەرەی سەندووەو دەوڵەتە ئەورووپییەکان کە لە ھەمبەری دا دۆش داماون، دژایەتیی کردنی ئیسلامیان بە بە شێوازی جۆربەجۆر لەوانە سوکایەتی کردن بە پێغەمبەری ئیسلام (ص) و ئیمامانی شێعە خستووەتە نێو بەرنامەی خۆیانەوە. بەم پێیە فیلمگەلێکی بێ ناوەڕۆک و ھەروەھا بە کەمترین داھێنانی ھونەری و تەنیا بە مەبەستی سوکایەتی کردن بە ئاینی پیرۆزی ئیسلام بەرھەم دەھێندرێت و بڵاو دەبێتەوە. واتە ھەنگاوێک کە ھەستی تەواوی موسڵمانان لە سەرتاسەری جیھان و بە تایبەت لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەڕوشێنێ.
خاڵی چوارەم، لێکدانەوەی کرداری فستیڤاڵە نێونەتەوەییە ھونەرییەکان لە ماوەی ساڵانی ئەم دواییە لەوانە فستیڤاڵی کان وا دەردەخات کە ئەم فستیڤاڵانە سەربەخۆو جیالە سیاسەتی دەوڵەتەکان نین و دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکان بەڕێوەبەرانی سەرەکیی ئەم چەشنە فستیڤاڵانەن. ھەر بۆیە لە ھەڵسەنگاندنی فیلیمەکان و ناساندنی براوەکانیش ڕوانگەو سیاسەتی دەوڵەتە ڕۆژئاوایەکان و لۆبیی کنەداری زایونییەکان تۆخترە. لە کاتێکدا لە خەفتاوپێنجەمین فستیڤاڵی کان فیلیمی دژەئایینی و سوکایەتی کەر بە ئیمانی ھەشتەم خەڵات دەکرێت کە ڕۆژئاواییەکان ڕێزنان لە ئایینەکان و نەبوونی ھەڵاواردنی ئایینی وەک بنەمایەکی سەرەکی و حاشاھەڵنەگری مافی مرۆڤی باس دەکەن. کردەوەی فستیڤاڵی کان جارێکی تر ئەوەی سەلماند کە مافی مرۆڤ بەس لە قسەدا سەرنجی دەردێ و لە کردەوەدا بە ئاشکرا بەس ئامێرێکە لە خزمەتی بەرژەوەندی و سیاسەتی ھێزەکانی ڕۆژئاوا.