ته‌مووز 08, 2022 14:00 Asia/Tehran
  • دەقی پەیامی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی بۆ کۆنگرەی گەورەی حەج

ئایەتوڵڵا خامنەیی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی، بە بۆنەی کۆنگرەی مەزنی حەج پەیامێکی ئاراستەی حاجیان و زیارەتکارانی ماڵی خوا کرد کە دەقی پەیامەکە بەمجۆرەیە :

 

بسم‌اللّه‌الرّحمن‌الرّحیم

والحمد للّه ربّ العالمین و صلّی اللّه علی محمّد المصطفی و آله الطّاهرین و صحبه المنتجبین

سپاسی خواوەندی عەزیز و حەکیم دەکەین کە وەرزی موبارەکی حەجی بۆ جارێکی دیکە کردە ژوانگەی گەلانی موسوڵمان و ئەم قاپیەی فەزڵ و رەحمەتی لە روویان کردەوە .

 ئۆمەتی ئیسلامیی ئێستا بۆ جارێکی دیکە دەتوانێ یەکیەتی و یەکپارچەیی خۆی لەم ئاوێنە روون و ئەبەدیەدا ببینێ و لە پاڵنەری دووبەرەکی و لێکترازان روو وەرگێڕێ .

یەکیەتی موسوڵمانان یەکێک لە دوو بناغەی سەرەکیی حەججە کە بێتوو لە گەڵ زیکر و مەعنەویەت – کە بنچیینەی سەرەکیی دیکەی ئەم فەڕزە پڕ لە راز و نھێنیەیە – ھاوڕێ بێت ، دەتوانێ ئۆمەتی ئیسلامیی بگەیەنێتە لوتکەی سەروەریی و بەختیاریی و بیکاتە نمونەی «وَ لِلَّهِ العِزَّةُ وَ لِرَسولِهِ وَ لِلمُؤمِنین».

حەجج پێکھاتووە لەم دوو توخمە سیاسی و مەعنەویە و ئایینی پیرۆزی ئیسلام ئاوێتەیەکی پڕ شکۆ و مەزن لە سیاسەت و مەعنەویەتە .

دوژمنانی گەلانی موسوڵمان لە مێژووی رابردوودا ، ھەوڵێکی زۆریانداوە بۆ سست کردنی ئەم دوو ھەتوانە ژیانبەخشە یانی یەکیەتی و مەعنەویەت لە نێو گەلانی ئێمەدا .

مەعنەویەت بە برەوپێدانی شێوازی ژیانی رۆژاوایی کە بەتاڵە لە گیانی مەعنەوی و سەرچاوەگرتوو لە کورتبینی ماددیە ، کەمڕەنگ و بێ وزە دەکەن ، و یەکیەتی و یەکڕیزی بە پەرەپێدان و توندکردنی پاڵنەری وەھماویی دوبەرەکیی وەکوو زمان و رەنگ و نژاد و جوگرافیا رووبەڕووی ئاڵنگاری دەکەن .

ئۆمەتی ئیسلامیی کە ئێستا نمونەی بچووکی لە ڕێورەسمی حەجج دا دەبینرێ ، دەبێ بە ھەموو وجودی ، بەرەنگاربێتەوە ، یانی لە لایەک یادی خوا ، کار بۆ خوا ، وردبوونەوە لە کەلامی خوا ، متمانە بە بەڵێنەکانی خوا لە بیر و زەینی ھەموانی خۆی دا بەھێز بکات ، و لە لایەکی دیکەوە بەسەر  پاڵنەرەکانی دووبەرەکیی و ناکۆکی دا زاڵ بێت . ئەوەی کە ئەمڕۆ بەبڕشتانە دەکرێ بووترێ ، ئەوەیە کە بارودۆخی ئێستای جیھان و جیھانی ئیسلام بۆ ئەم ھەوڵە بەنرخە لە ھەمیشە رەخساوترە .

 

چونکە یەکەم ، ئەمڕۆ نوخبەکان و زۆرێک لە ئاپۆرەی جەماوەر لە وڵاتانی ئیسلامیی لایان لە سامانی گەورەی مەعریفەتی و مەعنەوی خۆیان کردووەتەوە و لە گرنگایەتی و بایەخەکەی گەیشتوون . ئەمڕۆ ئیتر لیبرالیسم و کومونیسم وەک گرنگ ترین دیاریی شارستانیەتی رۆژاوا ، خۆنواندنی سەد ساڵ لەمەوبەریان نەماوە .

ئابڕووی دیموکراسی پارەتەوەری رۆژاوایی رووبەڕووی زۆر نیشانەی پرسیار بووەتەوە و بیرمەندانی رۆژاوایی دان بەوەدادێنن کە تووشی سەرلێشێواویی مەعریفەتی و کردارین . لە جیھانی ئیسلام دا ، لاوان ، بیرمەندان ، پیاوانی زانست و دین بە دیتنی ئەم رەوشە ، بە روانگەیەکی نوێ لە بارەی سامانی مەعریفەتیی خۆیان و ھێڵە سیاسیەکانی باو لە وڵاتانی خۆیان دەگەن ، و ئەوە ھەمان بێداریی ئیسلامیە کە ھەمیشە باسی دەکەین .

دوھەم ئەوەی کە ، ئەم وەئاگاھاتنە ئیسلامیە ، دیاردەیەکی سەیر و پەڕجووئاسای لە ناخی دونیای ئیسلام ئافراندووە کە ھێزە ئیستکباریەکان لە بەرامبەری دا بە توندی تووشی کێشەن و ناوی ئەم دیاردەیە " خۆڕاگری" و راستیەکەی دەرکەوتنی ھێزی ئیمان و جیھاد و پشت بەستنە .

ئەم دیاردەیە ھەمانە کە لە بارەی نمونەیەکی لە سەرەتای ئیسلام دا ، ئەم ئایەتە شەریفە نازڵ بوو :

اَلَّذینَ قالَ لَهُمُ النّاسُ اِنَّ النّاسَ قَد جَمَعوا لَکُم فَاخشَوهُم فَزادَهُم ایمانًا وَ قالوا حَسبُنَا اللَّهُ وَ نِعمَ الوَکیلُ* فَانقَلَبوا بِنِعمَةٍ مِنَ اللَّهِ وَ فَضلٍ لَم یَمسَسهُم سوءٌ وَ اتَّبَعوا رِضوانَ اللَّهِ وَ اللَّهُ ذو فَضلٍ عَظیم

گۆڕەپانی فەلەستین یەکێک لە دیمەنەکانی ئەم دیاردە سەرسوڕھێنەرەیە کە توانیویەتی رژێمی ستەمکاری زایۆنی لە حاڵەتی ھێرشبەرانە و نەڕە و گوڕە بباتە رەوشی بەرگری و دەستەوەستانیی و کێشەی سیاسی و ئاسایشی و ئابووریی ئاشکرای ئێستای بەسەرداسەپێنێ . نمونەی درەوشاوەی دیکەی خۆڕاگری و بەرخۆدان دەتوانین لە لوبنان و عێراق ویەمەن و ھەندێ ناوچەی دیکە بە ئاشکرا ببینین .

سێھەم ئەوەی کە ، لە تەنیشت ھەمووی ئەوانە ، دونیا شایەتی مودێلێکی سەرکەوتوو و نمونەی سەرفرازلە ھێز و سەروەریی سیاسیی ئیسلام لە ئێرانی ئیسلامیە . سەقام وپێشکەوتن و سەربەرزیی کۆماری ئیسلامیی ، رووداوێکی زۆر گەورە و پڕ مانا و سەرنج راکێشە کە دەتوانێ بیر و ھەستی ھەر موسوڵمانێکی بێدار بۆ لای خۆی رابکێشێ .

بێ توانایی و کردەوەی ھەندێ جار ھەڵەی ئێمە کارگێڕانی ئەم نیزامە کە گەیشتنی بە تەواوەتیی بە ھەموو خێرو بێری دەوڵەتی ئیسلامیی وەدوا خستووە ، ھەرگیز نەیتوانیوە بناغە قایمەکان و ھەنگاوە پتەوەکان کە سەرچاوەگرتوو لە پڕەنسیپە بنەڕەتیەکانی ئەم نیزامەن ، سست بکات وپێشکەوتنی مادی و مەعنەوی بوەستێنێ .

لە سەرووی پێرستی ئەم پڕەنسیپە بنەڕەتیانە ، سەروەریی ئیسلام لە یاسادانان و جێبەجێ کردنی ، پشت بەستن بە دەنگی جەماەر لە گرنگترین پرسەکانی بەڕێوەبەرایەتیی وڵات ، سەربەستیی سیاسی تەواو ، و پشت نەبەستن بە ھێزە ستەمکارەکانە و ھەر ئەم پڕەنسیپانەن کە دەتوانێ جێگای کۆدەنگیی گەلان و حکومەتە موسوڵمانەکان بێت و ئومەتی ئیسلامیی لە ھەڵوێست و ھاریکاریەکان دا یەکپارچە و یەکڕیز بکات .    

ئەمانە بوار و ھۆکارگەلێکن کە رەوشی باشی ئیستای جیھانی ئیسلام بۆ ھەنگاونانی یەکپارچە و یەکگرتوو رەخساندووە . دەوڵەتە موسوڵمانەکان و نوخبە دینی و زانستیەکان و رووناکبیرانی سەربەخۆ و لاوانی پەیجۆری راستی زیاتر لە ھەموان دەبێ بیر لە سودوەرگرتن لەم بوارانە بکەنەوە .ئاساییە کە ھێزە زۆردارەکان و زیاتر لە ھەموان ئەمریکا ، لە ئینتیمایەکی ئەوتۆ لە دونیای ئیسلام دا نیگەران بن و ھەموو ئیمکانیاتی خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەکاربێنن و ئێستاکە بەمجۆرەیە .

 لە ئیمپراتۆریی میدیایی و شێوازەکانی شەڕی نەرم ، تا شەڕنانەوە و ھەڵایساندنی شەڕە بەوەکالەتەکان ، تا کەڵکەڵەگەری و سیخوڕیی سیاسی و تا ھەڕەشە و تەماع بەرخستن و بەرتیل ..... ھەمووی لە لایەن ئەمریکا و زۆردارانی دیکە دەکاردێت تا جیھانی ئیسلام لە رێگەی بێداری و بەختەوەریی خۆی جیا بکەنەوە .

رژێمی تاوانکار و رووڕەشی زایۆنیست لەم ناوچەیەش یەکێک لە کارتەکانی ئەم ھەوڵە ھەمەلایەنەیە . بە فەزڵ و ئیرادەی یەزدانی ئەم ھەوڵانە لە زۆربەی حاڵەتەکان دا ناکام ماون و رۆژاوای زۆردار لە ناوچەی ھەستیاری ئێمە و ئەم دواییانە لە ھەموو جیھان رۆژبەرۆژ لاوازتر بووە . پەرێشانی و ناکامیی ئەمریکا و یاریدەری تاوانکاری یانی رژێمی داگیرکەر لە ناوچەکەدا لەسەر گۆڕەپانی فەلەستین و لوبنان و سوریە و عێراق و یەمەن و ئەفغانستان بە ئاشکرا دەبینین .

لە خاڵی بەرامبەردا ، جیھانی ئیسلام تژیە لە لاوانی پڕ ئامانج و خورت و بە گوڕ . گەورەترین سەرمایە بۆ بنیاتنانی دواڕۆژ ، ھیوا و متمانە بە خۆییە کە ئەمڕۆ لە جیھانی ئیسلام دا بە تایبەت لە وڵاتانی ئەم ناوچەیە شەپۆل ئەدا . ھەموو لەسەرمانە ئەم سەرمایە بپارێزین و زیادی بکەین .

بەم حاڵەوە ، نابێ بۆ ساتێک لە فێڵی دوژمن خافڵ بین . لە لەخۆبایی بوون و خەفڵەت دووری بکەین و ھەوڵ و ھۆشیاری خۆمان زیاتر بکەین و لە ھەر کات دا ، بە لاکردنەوە و پاڕانەوە لە خوای دەسەڵاتدار و حەکیم داوای یارمەتی بکەین . ئامادەبوون لە مەڕاسیم و نەریتەکانی حەج ، دەرفتێکی گەورەیە بۆ تەوەکول و پاڕانەوە و ھەروەھا بۆ بیرکردنەوە و بڕیاردان .

دوعا بۆ برایان و خوشکانی موسوڵمانی خۆتان لە ھەموو جیھان دا بکەن و سەرکەوتن و سەرکەوتوویی ئەوانتان لە خواوەند بوێ . ھیدایەت و یارمەتیی ئیلاھیی بۆ ئەم برایەتان لە دوعاکانی خۆتان دا بگونجێننن .

والسّلام علیکم و رحمة اللّه

سیّدعلی خامنه‌ای

سەرپەیڤ