ئاب 09, 2022 17:53 Asia/Tehran
  • سەتەلایتی خەیام، ھەنگاوێکی گرینگە لە ئاراستەی کەڵک وەرگرتنی ئێران لە گەردوون

«عیسا زارع پوور» وەزیری پەیوەندی و تەکنۆلۆژیای زانیارییەکانی ئێران باسی ھەڵدرانی سەتەلایتی ئێرانیی «خەیام» بۆ جەغزی ٥٠٠ کیلومەتریی زەویی کردوە لە ڕۆژی سێ شەممەدا. ناوبراو کەسەردانی کازاخستانی کردووە، بە بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە پەڕەی ئینیستاگرامەکەی دا وتوویەتی: سەتەلایتی ئێرانیی «خەیام» بە ئاڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە سەر سەتەلایتبەری «سایوز» دابەستراوەو ڕۆژی سێ شەممە کاتژمێر یەک و سی خولەک بە کاتی تاران لە بنکەی گەردونگەڕیی «بایکۆنور»ی کازاخستانەوە ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کرا.

«زارع پوور» جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، لە ئێستادا ئێران دەتوانێ سەتەلایتی سوک ڕەوانەی جەغز بکات و سەتەلایتی خەیام بە ٦٠٠ کیلۆگرام قورساییەوە لە جەغزی ٥٠٠ کیلومەتریی زەوی دا جێگیر دەکرێت. ئەم سەتەلایتە بۆ دابین کردنی داتای گەردوونیی پێویستی ئێرانەو ھەنگاوێکی بەرزو کارا دێتە ئەژمار و دەکرێ لە گرتە بە تەفەڕنجەکانی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەکارھێنانی گەردوونیی وڵات لە بوارەکانی ژینگەو کشت و کاڵ کەڵک وەربگیردرێت.

پیشەسازیی گەردونی لە ڕیزی پیشەسازیی خاوەنی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتە دێتە ئەژمار. سەرباری داسەپێندرانی ئەو ھەموو بەرتەسکیە، کەچی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی بە گەڕی تۆکمەی تەکنۆلۆژیای گەردوونی گەییشتووەو لە چوار دەیەی ڕابردوودا ھەنگاوگەلی بەردەوام و ڕوولەپێشی لە بواری دابین کردنی تەکنۆلۆژیای گەردوونی ھەڵگرتووە. لە ئێستادا ئێران لە ڕیزی ١٠ وڵاتی گەردوونی جیھاندایە کە ئەم بابەتە بەرھەم و دەرھاویشتەی پتر لە چوار دەیە ھەوڵ و خەباتی پسپۆڕانی ئەم نیشتیمانەیە و ھەر لە بەر ئەمەش ئێران ئێستاکە جێ و شوێنێکی پتەوی ھەیە لە بواری ئەم پیشەسازییەدا لە نێوان ئەو چەند وڵاتەی کە خاوەنی وەھا تەکنۆلۆژیایەکن.

ھەرچەند دوژمنان بە ھەموو جۆرە بایکۆتێک ھەوڵیان داوە ڕێگربن لە بەردەم پێشکەوتنە ئابووری و زانستییەکان لەوانە لە بواری پیشەسازیی گەردونگەڕیی ئێران، بەڵام سەرباری تەواوی بەرتەسکی و گوشارەکان ، کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستی بە زۆرێک تەکنۆلۆژیای گەردونگەڕی ڕاگەییشتووە کە دەبێ بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ ئێران دابنرێن. ھەر لە بنەڕەت دا جیاوازیی بەرنامەی گەردوونیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا ئەمەیە کە ئێران پشتی بە تواناییە خۆماڵییەکانی بەستووەو کەڵکی لە تەکنۆلۆژیای خۆجێیی و نێوخۆیی وەرگرتووە.

بە سەرنجدانی ڕۆڵی کارای سەتەلایتەکان لە چاخی ئێستا لە تەواوی بوارەکان بە تەلەفۆنخانە و پەیوەندی، دۆزینەوە، ھەواڵگری و ژینگەو زۆر بواری دیکەش، کۆماری ئیسلامیی ئێران سوورە لە سەر پەرە پێ دانی ژێرخان و تەکنۆلۆژیای موشەکی و گەردوونیی خۆشی و لەم ئاراستەیەدا پێشکەوتنی باشی دەستکەوتووەو ئەمەش ھەمان بابەتە کە بۆ ئەمریکاو ڕژێمی زایونی جێگای قەبوڵ نییەو ھەر بۆیە واشێنگتۆن ئەوپەڕی ھەوڵی خۆی دەدا بۆ پێشگرتن بە پێشکەوتنە گەردونییەکانی ئێران.

لەم قۆناغەی ئێستادا ھەڵدانی سەتەلایتی ئێرانیی خەیام بە ھۆی سەتەلایتبەری ڕووسییەوە بە واتای دەستپێکی ھاوکاریی ستراتژیی نێوان ئێران و ڕووسیا لە بواری گەردوونگەڕییە. ھاوکات وەزارەتی پەیوەندی و تەکنۆلۆژیای زانیارییەکانی ئێران لەپاڵ ھاوکارییە ستراتژییەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوداری پیشەسازیی گەردوونی دنیا لەوانە ڕووسیا، پەرە پێ دانی تۆکنۆلۆژیای خۆماڵیی گەردونگەڕیشی لە بەرنامەی کاری خۆی دا داناوەو ھەتا کۆتایی ئەمساڵ ئامانجی جێگیرکردنی سەتەلایتی پێوەر لە جەغزی ٥٠٠ کیلومەتریی گەردوونیش دەپێکێ.

سەرپەیڤ