ئه‌یلوول 21, 2022 15:04 Asia/Tehran
  • بەرپاکرانی گردبوونەوەی ناڕەزایانە لە ھێندێک لە شار و زانکۆکان بە هاندان و ئانتریکی میدیاکانی بیانیی دەرەوەی وڵات و خۆ تێگەیاندنی کەسانی ڕاسپێردراو

لە کاتێکدا کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئێران بە هۆی گیان لەدەستدانی خوالێخۆشبوو «مەهسا ئەمینی» خەمبارن و چاوەڕوانی ڕاگەیاندنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەی پزیشکی دادوەری دەکەن، هەندێک گردبوونەوەی ناڕەزایانە لە کۆمەڵێک لە شارەکان لەوانە تاران لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو بەڕێوە براو زیان بە موڵک و ماڵی گشتی گەیەندرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی پۆلیسی تاران ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی ڕەزبەر، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی تێکچوونی باری تەندروستیی ئافرەتێکی گەنج لەپاش گوێزرانەوەی بۆ بنکەیەکی پۆلیس، ڕایگەیاند: خاتوو «مەهسا ئەمینی» کە بۆ ڕوونکردنەوە و ئامۆژگاری برا بووە بنکەیەکی پۆلیسی تاران ، توشی کێشەی دڵ ھات و دوابەدوای ئەوە دەستبەجێ بە هاوکاریی پۆلیس و بەشی فریاکەوتن گوێزرایەوە بۆ نەخۆشخانە، کە بە داخەوە گیانی لەدەست دا.دوای ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە، «سەیید ئیبراهیم ڕەییسی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامیی فەرمانی بە «ئەحمەد وەحیدی» وەزیری نێوخۆی ئێران کرد کە بە پەلە و گرنگییەکی تایبەتەوە بەدواداچوون بۆ هۆکار و وردەکارییەکانی ئەو پرسە بکات و ئەنجامەکەی ڕابگەیەنێت.

سه‌رۆک کۆماری ئێران «مه‌هسا ئه‌مینی»ی وەک کچی خۆی ناوبرد و داوای لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌ هه‌موو ڕەھەندەکانی ئه‌م بابه‌ته‌ی کرد.

سەرۆکی دەزگای دادی ئێرانیش دڵنیایی دایە بنەماڵەی خوالێخۆشبوو «مەهسا ئەمینی» کە دوای دەستکەوتنی ئەنجامی تاقیگە، دەرەنجامی لێکۆڵینەوەکان بەبێ هیچ تێبینییەک ڕادەگەیەنرێت.

«عەلی ساڵحی» داواکاری گشتیی تارانیش، باسی پێکهێنانی گروپێکی کاریی تایبەتی کرد بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕەھەندە پزیشکییەکانی ئەم ڕووداوە.

هه‌روه‌ها «محه‌مه‌د باقر قاڵیباف» سه‌رۆکی مەجلیسی شورای ئیسلامیی ئێرانیش کۆمیسیۆنی کاروباری ناوخۆی وڵات و ئه‌نجومه‌نه‌کانی ڕاسپارد بۆ به‌دواداچوونی ڕه‌هه‌نده‌کانی گیان لە دەست دانی خوالێخۆشبوو «مه‌هسا ئه‌مینی».

لە دۆخێکدا کە هەموو دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران داوای لێکۆڵینەوەو شیکرانەوەی تەواوی ڕەھەندەکانی گیان لەدەست دانی «مەهسا ئەمینی»یان کردووە، کەچی وەک جاری جاران، بە هاندانی میدیای سەقامگرتووی ھەندەران و خۆ تێگەیاندنی کەسانی ڕاسپێردراو، گردبوونەوەکان لە ھێندێک لە شارەکانی ئێران دەستی پێکرا.

لە مەشهەددا، ئەفسەرێکی پۆلیس لەلایەن کەسانی گومان لێکراوەوە ئاگری تێبەردراو ئەمەش لە کاتێکدا بوو کە ھەر لە نێو خەڵکە ناڕازییەکەدا کۆمەڵێک کەس بە ھانایەوە چوون و ھەوڵی کوژاندنەوەی جلە ئاگرگرتووەکانیان دا.

لە شاری رەشتی باکووری ئێران، بەشێک لە ئاژاوەگێڕان ئاگریان لە مزگەوتێک بەردا، کە هیچ پەیوەندییەکی بە کلتووری گەلی ئێرانەوە نییە و خۆی لە خۆی دا دەربڕی پێدزە و خۆتێ ئاخنینی  کەسانی ڕاسپێردراوە لە نێو گردبوونەوەکاندا.

هه‌روه‌ها ئیمام زاده‌یه‌ک له‌ شاری هه‌مه‌دان به‌ ئاگرو ھەوڵی سوتاندن بێ ڕێزی پێ کرا.

لە چەند ناوچەیەکی جۆربەجۆریش چەند پۆلیسێک کەوتوونەتە بەر زەبروزەنگی ئاژاوەگێڕانەوە کە دۆخی تەندروستییان بە شپرزە ڕاگەیەندراوە.

سوکایەتی کران بە ئاڵای ئێران، پەلامار دران و تێکشکاندنی ئەمبوڵانسەکان، هێرشکردنە سەر ژنانی باڵاپۆش، هەندێک نمونەی دیکەن کە دەربڕی ناجەماوەری بوونی ئەم جم و جوڵەن و ئەوە دەسەلمێنن کە ھیچیان پەیوەندییان بە شین گێڕان بۆ خوالێخۆشبوو «مەھسا ئەمینی»یەوە نییە.

هەندێک کەس کە لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی تاران ئامادە بوون باسی ئەوە دەکەن کە کۆمەڵێک شانەی نووستوو لەو گردبوونەوانەدا بە شێوەیەکی ھاوتەریب و ھاواھەنگ دەستیان کردووە بە تێک و پێکدانی ئامانجدارو بەربڵاوو بە وەھا شێوازێکی ڕێکمەندو ڕێکخراو دەجوڵێنەوەو جاروبار تاکتیک گەلێک بەکار دێنن کە زۆر دەگمەنەو دیاری پێشتر بۆ وەھا ڕەوشتێک مەشق و ڕاھێنانیان پێ کراوە بۆ شەڕی نێو شەقام و بازاڕ.

لە ئێستادا بۆ ڕوماڵکردنی میدیایی ڕووداوەکان و هاندان و ئانتریک کردن لە ئاراستەی ئاژاوەگێڕان و کردەوەی دژە ئێرانی، میدیای سەعودیی ئێران ئینتەرناشناڵ و بی بی سیی فارسی سەر بە حکومەتی بەریتانیا، وەک ھەموو جارێک پێشەنگی گۆڕەپانەکەن.

هه‌روه‌ها هه‌ندێک که‌ناڵی سه‌ر به‌ مونافقه‌کانیش بە شێوەیەکی بەربڵاو گرته‌ی ڤیدیۆیی سووتاندن و لێدانی پۆلیس و ئافرەتانی باڵاپۆش بڵاو ده‌که‌ەوەو بەشدارانی گردبوونه‌وه‌کان بۆ پەرە پێ دانی ئەم جۆرە کارانە هەڵدەخڕێنن.

لە ئێستادا دۆسیەی خوالێخۆشبوو «مەھسا ئەمینی» ھەروا کراوەیەو بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سوورن لە سەر ڕوونکردنەوەی ڕاستییەکانی ئەم دۆسیەیە بۆ تەواوی جەماوەری ئێرانی ئیسلامی.

سەرپەیڤ