با نەھێڵین بە کرداری تیرۆریستی مافی «مەھسا» بفەوتێنن
گومان لەوەدا نییە کە ئەوەی ڕووی داوە دەبێ بە وردی لێکۆڵینەوەی بۆ بکرێت و گومان لەوەش دا نییە کە دۆسیەی خوالێخۆشبوو «مەهسا ئەمینی» نابێ بکەوێتە ژێر کاریگەریی ڕووداوە کاتیەکانی ئێستاو لەبیر بچێتەوە. بەڵام ئەمەش کە بە ھەنگاوی نایاسایی بە تەمای سەروەریی یاسا بین، ئەوە لە هیچ شوێنێکی جیهان دا باو نییە و دۆخەکە بۆ بنەماڵەی داخداری خوالێخۆشبوو «مەهسا ئەمینی» ئاڵۆزتر دەکات کە دیارە ئەمە بە هیچ شێوەیەک دادپەروەرانە نییە.
ئەگەر بمانەوێت حوکمێکی دادپەروەرانەمان هەبێت سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ئێران، بە ناچاری دەبێ بگەڕێینەوە بۆ ڕابردووی نەهێندە دوور و تێڕوانینێکی گشتیمان لە ڕووداوەکانی ساڵانی ڕابردووی ناوچەکە هەبێت. واتە لەو کاتەوە کە بەپێی دانپێدانانی دەسەڵاتدارانی رۆژئاوا و لە سەرووی هەموویانەوە ئەمریکا، گروپی تیرۆریستیی داعش بە داکۆکی و پشتیوانیی هەمەلایەنەی چەکەمەنی و بارەبووی دارایی و میدیایی هاتە مەیدان و ھەوڵی ناشیرین کردنی ناوی پیرۆزی ئیسلام و تێکدانی ئاسایشتی ناوچەکەی دا - کە ئاشکرایە دیارترین ئامانجی ئەو پیلانگێڕییە دژە مرۆڤی و دڕندانەیەش دەستەبەرکردنی ئاسایشتی ڕژێمی زایۆنی و بە یەکترەوە سەرقاڵ کردنی وڵاتانی ئیسلامی بوو_ ئەوانەی وا خۆیان وتەنی لە ناخی کۆمەڵگا ئیسلامییەکانەوە ھەڵقوڵا بوون، یەکەم ڕوانینی ڕق لە دڵانەیان ڕوو لە موسڵمانان بوو ،کەچی بەم پاساوە گاڵتەجاڕانەیەی کە ئەوانە «ئەھلی کیتابن» لە زایونییە چەپەڵەکان خۆش بوون و هیچ دەستدرێژییەکیان دژی داگیرکەرانی یەکەم قیبلەی موسڵمانان بە ڕەوا نەزانی.
لە وەھا دۆخێکدا کە دابینکردنی ئاسایشت بۆ جیهان و بە تایبەت بۆ دانیشتوانی وڵاتانی دراوسێ ببووە خەون و سەرلێشێواوی و نائەمنی تەنانەت بۆ لایەنگرانی داعش و بە تایبەتی تر تاکە ئەندامی ناوچەیی ناتۆ واتە تورکیا کە ھەتا دوێنێ بە ئاشکرا پشتیوانیی لە گروپە تیرۆریستییەکانی سەقامگرتووی سوریا، وەجمەندییەکی دەست نەکەوتنی بوو، لە سەرزەوینی ئێراندا، سەرەڕای هەموو دوژمنایەتییەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئیستیکباری جیهان، ئاسایشت ئەوەندە جێگیر و ھێزمەند بوو کە بووبووە بابەتێکی تەواو ئاسایی و خەوشان ھەڵنەگر بۆ هەموو ئێرانییەکان، کە دیارە ئەمەش مسۆگەر نەدەبوو مەگەر لە سای ئازایەتی و چاونەترسیی ئەو خەباتکارو بەرگریکارانەی کە بە سەرکردایەتیی پاڵەوانی شەڕی دژە تیرۆر، «حاج قاسم سولەیمانی»، سنوورە ئاسایشتییەکانی ئێرانیان سەدان کیلومەتر کیلۆمەتر لە خاکی ئەم وڵاتە دوور خستبووەوە.
چەندین ساڵ تێپەڕی و داعش نیوەی وڵاتانی عێراق و سووریای داگیر کرد و وردە وردە لە بەدیهێنانی ئەو خواست و ئامانجانە بۆدیاری کراوەی بەناو «دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام» نزیک دەبووەوە. زۆربەی ئەو وڵاتانە بە تورکیاشەوە کە جگە لە ڕیسوایی پاڵپشتیکردنی داعش، ئاسایشت و داھاتووی وڵاتەکانیشیان لە مەترسیدا دەبینی، لە ھەڵە ستڕاتژییەکانیان پەشیمان بوونەوەو هەوڵیان دا ھەتا سەری ئەو مارەی کە بۆخۆیان پێیان گەیاند بوو، پان کەنەوە. لەم ناوەدا ئێران تاکە وڵاتی بەهێزی ناوچەکە بوو کە دوکتۆرینی بەرەنگاربوونەوەی داعش و یارمەتیدانی دراوسێ داگیرکراوەکانی ، کە ھەر لە ھەمان سەرەتاوە کردبووی بە ئاسۆی سیاسەتە سەربازی_ئاسایشتییەکانی، پاراست و لە سەر ئارمانجەکانی بە نەگۆڕی مایەوەو بگرە مکوڕ تریش بوو.
ئاشکرایە وڵاتێک کە نە تیرۆری زانایانی ئەتۆمی و فەرماندە سەربازییەکانی، نە هێرشکردنە سەر پەرلەمانە ئیسلامییەکەی، نە زەق کردنەوەی ڕووداوە نێوخۆییەکانی و نە پڕوپاگەندەی ژەهراویی میدیاکانی ھەندەران نشین نەیدەتوانی هیچ زیانێک بە سەقامگیری و ئاسایشتەکەی بگەیەنێت، چەندین سەدە لە گەڵ ئەو سازش و بە چۆکداھاتنەی کە ڕۆژئاواییەکان لە خەیاڵیاندا دڵیان پێ خۆش کردبوو، مەودای ھەبوو و دیارە ئەمەش بە کەیفی ئەوان نەبوو. ئەوانە ئێرانێکی وێرانیان دەویست. ئەزمونی ساڵانێکی دوورودرێژ لە کۆلۆنیالیزم و چەوساندنەوە لەم خاکەدا ، لەگەڵ پێپەست کردنی مافی ئەم گەلەدا ڕایھێنا بوون و هێشتا سەرخۆشی بادەی ئەو سەردەمە بوون کە تەنانەت سەگەکانیشیان ھەتا بەرلەوەی کە پاپۆڕی «کاپیتۆلاسیۆن» لە قوڕ بچەقێت، خاوەنی مافی حەسانەو پارێزبەندی بوو. دەسا چۆن دەکرا لە ڕۆژئاوای خاوەن شارستانیەت دا ڕەگەز و زمان و ئایین و تەنانەت ڕەنگی پێستیش وەک سەرەتی بێتە ئەژمارو کەچی لە وڵاتێکی جیهانی سێیەمدا سەرباری جۆراوجۆریی نەتەوە و زمان و ئایین و ئایینزاکانیەوە ھەر هەموویان لە هێڵێکدا بوەستن و بەرگری لە سنوور و بەها هاوبەشەکانیان بکەن؟!!!! جا کەوا بوو ...
خۆیانیان مەڵاس داو چاوەڕوانی ئەو ڕۆژە مانەوە کە ئاژاوەیەک ھەڵایسێ و خێرێکی بۆ ئەمان تیادا بێت، چونکە تەنانەت سیاسەتی خۆبەداماو پیشاندان و قوربانی کردنی "سەلمان ڕوشدی"ی لادەریش بەو مەبەستەی کە ئێرانی پێر تۆمەتبار کەن، ھیچی لێ نەوەشایەوە.
ڕۆژگار تێپەڕی و کچێکی کوردزمانی لە پایتەختی ئێران دا لەگەڵ کچە ھاوڵاتییەکانی دیکەی لە تاران دا بانگ کرایە یەکێک لە ناوەندەکانی پۆلیس، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەک لەسەر پاشخانی زمان و ئایین و ناوچەکەی بەدەست بهێنرێت و تەنیا وەک ئێرانییەک و ھاوڕێ لەگەڵ ھاوتەمەنەکانی دیکەی بۆ ھێندێک ئاگادارکردنەوەوئامۆژگاری، گوێزرایەوە بۆ دامەزراوەیەک کە یەکێک لە پەرۆشی و ئامانجە سەرەکییەکانی دامەزرانی، ڕاسپاردنی کچانی گەنج بوو بۆ پۆشتەکردنی خۆیان لەبەر پارێزرانیان لە چاوی کەسانی ھەرچی و پەرچی و سەرەڕۆ.
ئەوەی کە چی کراو چۆن کرا، بەدڵنیاییەوە گێڕانەوەی واوەتر لە بازنەی زانیارییەکانی ئەم وتارەیەو هەر چۆن کاربەدەستان و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیش گەلێک جار جەختیان کردووەتەوە، دەبێ چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بین و پاشان حوکمی لە سەر بدەین. بەڵام ئەوەی کە تا ئێستا هەموو جیهان شاهیدی بووە، پەیوەندی تەلەفۆنی و سەردانی بەردەوامی بەرپرسان چ لە ئاستی پارێزگاکە و چ لە ئاستی باڵادا بووەو، تەنانەت سەرۆک کۆماریش کە باڵاترین دەستەڵاتی جێبەجێکاری وڵات دێتە ئەژمار، لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بنەماڵەی خوالێخۆشبوو «مەهسا ئەمینی»، هاوسۆزیی خۆی بۆ دەربڕین و دڵنیای کردنەوە کە ھەتا گەییشتن بە ئەنجامێکی ڕوون بەدواداچوون بۆ پرسەکە دەکات . کەچی لە ئێستادا پێش ئەوەی تەواوی بەسەرھاتەکە ڕوون بێتەوە، کۆمەڵێک کەس بە هاندان و ھەڵخڕاندنی ئەو سیاسەتبازانەی کە هەستیارترین بڕیارەکانیان لە یانەکانی شەوانەدا دەدەن، پێشوەختە حوکمی خۆیانیان دەرکردووە. ئەوەی کە ڕووداوێکی ناخۆش بوو کە بریا ڕووی نەدەبا، قسەی دڵی ھەموومانە، بەڵام ئەوەی کە چۆن ڕووی دا ئەوە پێویستی بە تێپەڕاندنی قۆناغگەلێکە کە بێگومان هەموو کەس شارەزایی و لێهاتوویی پێویستی لەم بارەیەوە نییە .
بەدڵنیاییەوە ناڕەزایی دەربڕین مافی تاک تاکی جەماوەرەولە ھەموو شوێنێکی دنیاش دا باوەو تایبەتمەندیی کۆماری بوونی حکومەتێکیش بێجگە لەمە نییە، بەڵام ئەوەی کە منداڵی بنەماڵەیەک لە ڕووی جەھر کردنەوە دەفتەرو کتێبەکانی قوتابخانەی پەڕوپوت کات، بە دڵنیایەوە یەکەم لێکەوتەکەی ھەر توشی خۆی دەبێت کە ھەتا ئەوکاتەی کە باوک و دایکی بۆی دەکڕنەوە دەبێ چاوەڕوان بکات. ناڕەزامەندییەکانیش
ھەتا ئەو کاتەی کە زیانیان بە موڵک و ماڵی گشتی نەگەیاندبوو، جێگەی قبوڵکردن بوو و ڕەنگە تەنانەت جوانیش بووبێت، لە زۆرێک لە شارە غەیرە کوردەکانی ئێران، بەبێ گوێدانە زمان و ئایین، هەستی خەڵک لە خەمی لەدەستدانی «مەهسا ئەمینی» ھەڵقوڵا، ئەمە ھەتا ئێرەی جێگای قبوڵە، بەڵام ئەمەی کە ببێتە ھۆی ئەوەی کە کۆمەڵێکی کەس خۆ مەڵاس داوی دۆلاروەرگر دەرفەتەکە بقۆزنەوەوۆ دزە بکەنە نێو خەڵکی ڕەسەن و شەقامی ڕاستەقینەو هەوڵی تێکدانی نەزمی کۆمەڵایەتی و دروستکردنی نائەمنی لە وڵاتدا بدەن، بە دڵنیاییەوە تەنانەت بۆ خودی خەڵکەکەو ناڕەزامەندانیش جێگای قەبوڵ نییە. با لەبیرمان نەچێت کە جینۆسایدکردنی ئازیزانی ئێزدی لە کوردستانی عێراق و بە کۆیلە کردنی ژن و کچەکانیان بەرهەمی ئەو ئاژاوەگێڕییانە بوو کە لە دوو وڵاتی سووریاوعێراقدا روویان داو بووە هۆی سەرهەڵدان و پێشڕەوییەکاتنی تاقمی ڕەشەکوژی داعش.
لە ڕەوتی ڕووداوەکانی ئێستای ئێرانیش دا، کۆمەڵێک کەس بەدوای کەش و دەرفەتێکدا دەگەڕێن ھەتا ھەر جۆرێکیان کردووە، تەنانەت ئەگەر بە بەکوشتن دان و ڕشتنی خوێنی خەڵک بە دەستی خەڵکیش بێت، شارەکان و بە تایبەت ناوچە سەر سنوورییەکان لە ئامادەبوونی دابینکەرانی ئاسایشت ڕابماڵن. لەم ئاراستەیەدا لە تازەترین ھەنگاودا ، تیمەکا دزەکردووەکان لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوای ئێران بە چەک و تەقەمەنی و کەرەستەی جەنگییەوە دەستبەسەر دەکرێن.کەسانێک کە هیچ پەیوەندییەکیشیان بەم دۆخەی ئێستاوە نییە، لە پشت سەرەوە دەکرێنە ئامانج، دیارترین نموونەشیان خوالێخۆشبوو «فۆئادی قەدیمی»ی لە دیواندەرەیە کە بە وتەی باوکی لەکاتی گەڕانەوەی لە دوکانەکەی بۆ ماڵەوە تەقەی لێ دەکرێت.
لە کردەوەیەکی دیکەدا ئەفسەرێکی ئەمنی سەردەبڕدرێت و ئەفسەرێکی دیکەش ئاگری تێبەردەدرێت، کردارێک کە ئیلهام لە کردەوەکانی داعش وەردەگرێت و لەلایەن خۆپیشاندەرانی راستەقینەوە رزگاری دەبێت. لە شارەکانی دیکەش ئۆتۆمبێلی گشتی و ئامبوڵانس و ترۆمبیلەکانی ئاگرکوژێنەوە لەناو دەچن. کەرەستەگەلێک کە بە پارەی خەڵک دابین دەکرێت و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان بەکاردەهێنرێت.
ئاشکرایە کە هێزەکانی پۆلیس دەسەڵاتی پێویستیان بۆ بەرپەرچ دانەوەی کردەوەی داعش ئاسایی ھەیە، بەڵام بەهۆی پابەندبوونیان بە لێبوردەیی و ڕزگارکردنی گیانی ئەو جەماوەرە ڕاستەقینەیەی کە باوەڕیان بە ناڕەزایی ئاشتیانەیە، دان بەخۆیاندا دەگرن.
ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، کام لەم ڕێوشوێنە گێرەشێوێنە و تێکدانی ئاسایشت دەتوانێت کاریگەر بێت لە بەدواداچوونی ئەو کەیسەی کە پەیوەندی بە خوالێخۆشبوو "مەهسا ئەمینی"ـەوە هەیە؟ ئەو سلبێریتیانەی کە پێشتریش قەت خۆیانیان لە قەرەی پۆشتەیی و باڵاپۆشی نەداوە بە ڕووت و قوت کردنەوەی خۆیان بە نیازی وەدی ھێنانی کامە ئاواتی خەڵکی توشی بایکۆت ھاتووی ئێرانن؟ سووتاندنی مزگەوت و ئیمامزادەو قورئان و ھەڵا سازکردن لە کاتی نوێژخوێندن لە سەر تەرمی «مەھسا» و ڕێگری کردن لە دادانی تەڵقین و یاسین بۆ ئەو خوالێخۆشبووە، لەگەڵ کامە کلتووری ئێرانی و کوردی دا یەک دەگرێتەوە؟
بوونی ٦٥ دانە چەکی ئەمریکی لە دیواندەرەدا بە چ ئامانجێک گوێزراوەتەوە بۆ ئەم شارە بچوکەو بەگشتی «مەهسا»ی ئازیزی بێ نازکەوتوومان چ ڕۆڵێکی لەم ئاژاوە پشێوییانەدا ھەیەو بڕیارە چیی بۆ بکرێت؟
گومان لەوەدا نییە کە ئەوەی ڕووی داوە دەبێ بە وردی لێکۆڵینەوەی بۆ بکرێت و گومان لەوەش دا نییە کە دۆسیەی خوالێخۆشبوو «مەهسا ئەمینی» نابێ بکەوێتە ژێر کاریگەریی ڕووداوە کاتیەکانی ئێستاو لەبیر بچێتەوە. بەڵام ئەمەش کە بە ھەنگاوی نایاسایی بە تەمای سەروەریی یاسا بین، ئەوە لە هیچ شوێنێکی جیهان دا باو نییە و دۆخەکە بۆ بنەماڵەی داخداری خوالێخۆشبوو «مەهسا ئەمینی» ئاڵۆزتر دەکات کە دیارە ئەمە بە هیچ شێوەیەک دادپەروەرانە نییە.ئەمە جیا لەوەی کە ڕێپێوانی ملوێنیی خەڵک لە سەرتاسەری ئێرانی ئیسلامیش خۆی لە خۆی دا دەربڕی ئەم ڕاستییەیە کە، ھەموو جەماوەری ئێرانیش خوازیاری بەرپەرچ درانەوەی ئاژاوەو پشێوی و توندوتیژین.