ئیدانەکرانی ھێرشە تیرۆریستییەکەی سەر مەزارگەی پیرۆزی شاچراغ(ع)
کەسایەتی و ڕێکخراوەو وڵاتانی جۆربەجۆری جیھانی ھێرشی تیرۆریستیی سەر مەزارگەی پیرۆزی حەزرەتی ئەحمەدئیبنی موسا(ع) ناسراو بە حەزرەتی شاچرغی شیرازی ناوەندی پارێزگای فارسی ئێرانیان ئیدانەو شەرمەزار کرد.
کردەوەی تیرۆریستیی ڕۆژی چوارشەممەی داعش لە مەڕ هێرشە چەکدارییەکەی بۆ سەر شاچراغ، مەزارگەی پیرۆزی حەزرەتی ئەحمەد ئیبنی موسا (ع) لە شاری شیرازی ناوەندی پارێزگای فارس لە باشووری ئێران، بووە هۆی شەهیدبوونی ١٥ کەس لە زیارەتکاران ،لە نێویاندا دوو منداڵ، و برینداربوونی نزیکەی ٣٠ زیارەتکاری دیکەش. ئەم دڕندەکارییە لە لایەن زۆربەی وڵاتانی جیھان، ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و کەسایەتیە دیارەکان لە ئاستی ناوچەکەو جیھان شەرمەزار کرا.
ھەر لەم پەیوەندییەدا سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دوابەدوای هێرشە تیرۆریستییەکەی سەرمەزارگەی شاچراغ لە شیراز لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: ئێمە بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە دەکەین کە مەزارگەی شاچراغی شیرازی لە ئێراندا کردووەتە ئامانج.
«ئانتۆنیۆ گۆتریش» وتیشی:ئەو کردارانەی کە لە ئەنجام دا ناوەندە ئاینییەکان دەکەنە ئامانج، کردارێکی قیزەونن. دەبێ ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە تیرۆریستییەی سەر ئەو هاوڵاتیانەی کە رێوڕەسمی ئایینییان ئەنجام دەدا، دادگایی بکرێن.
«ستیڤان دوجاریک» وتەبێژی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕایگەیاند:کردەوەگەلی تیرۆریستی بە تایبەت هێرش بۆ سەر ناوەندە ئایینییەکان ئیدانە دەکەین و هاوسۆزیی خۆمان بۆ گەل و حکومەتی ئێران دەردەبڕین.
«ڤیلادیمیر پوتین» سەرۆک کۆماری رووسیاش لە پەیامێکدا بۆ «سەیید ئیبراهیم رەییسی» سەرۆک کۆماری ئێران ، هاوسۆزی خۆی بۆ گەل و حکومەتی ئێران دەربڕی.
سەرۆک کۆماری ڕووسیا وێڕای سەرەخۆشی کردن، ئامادە بوونی وڵاتەکەی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ھاوکاری لەگەڵ ئێران لە خەباتی دژی تیرۆریزم ڕاگەیاند.
«ماو نینگ» وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چینیش ڕایگەیاند: پەکین تووشی شۆک بووە و ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە دەکات کە لە ئێران ڕووی داوە.
وەزیری دەرەوەی فینلاندیش به توندی ئیدانەی هێرشی تیرۆریستیی بۆ سەر مەزارگەی شاچراغی شیرازی کرد . «پیکا ھاویستو» له ڕێگەی بڵاوکردنەوەی په یامێک له تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەرو ، وتی: فینلاند تیرۆر بە ھەموو لق و پۆو شێوازەکانیەوە ئیدانە دەکات.
«ئارارات میرزۆیان» وەزیری دەرەوەی ئەرمینیاش لە پەیامێکدا وێڕای شەرمەزارکردنی هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر مەزارگەی شا چراگ لە شیراز،و هاوخەمیی خۆی بۆ کەس و کاری شەهیدانی ئەم هێرشە دەربڕی.
ئەو دیپلۆماتە باڵایەی ئەرمەنی لە پەیامەکە دا نووسیویەتی: لە بەر ئەو هێرشە تیرۆریستییەی کە لە مەزارگەی شاچراغ لە شاری شیراز ئەنجام دراو گیان لەدەست دانی کۆمەڵێک لە خەڵکی بێتاوانی لێ کەوتەوە، سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆمان بۆ گەل و حکوومەتی ئێران دەردەبڕین، و هیواداریشین کە بریندارەکان بە خێرایی چاک ببنەوە.
وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئازەربایجانیش له پەیامێکدا رایگەیاند که ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر مەزارگەی شاچراغی شیراز دەکەین و وێڕای ڕاگەیاندنی پرسەو سەرەخۆشی خۆمان بۆ کەسوکاری شەهیدانی ئەم هێرشه ، هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین.
ئەم وەزارەتخانەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆماری ئازەربایجان وەک وڵاتێکی ڕووبەڕووی تیرۆر، بە توندی ئیدانەی هەموو فۆرم و دەرکەوتەکانی دەکات.
«عاسیم ئیفتیخار» وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستانیش، هێرشە تیرۆریستییەکەی شیرازی بە جێگای شەرمەزاری زانی و وتی: خەڵکی پاکستان لەم ساتانەی خەم و پەژارەدا هاوپشتیی خۆیان لەگەڵ خەڵکی ئێران ڕادەگەیەنن و ھاودەردیی خۆیان لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکان دەردەبڕن.
هەروەها سەرۆکی پەرلەمانی پاکستان و باڵوێزی ئەم وڵاتەش شەوی ڕابردوو چەند کاژێرێک دوای ھێرشە تیرۆریستییە دڕندانەکەی سەر شاچراغ ئیدانەی ئەو تاوانە تیرۆریستییەی کرد ھاوخەمیی خۆی بۆ دەوڵۆەت و نەتەوەی ئێران دەربڕی و سەرەخۆشیی لێ کردن.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا و «مەولود چاوش ئۆغڵو»ش کە سەرۆکی ئەم وەزارەتەیە، پەیامی جیاجیایان بۆ شەرمەزار کردنی ئەم هێرشە تیرۆریستییە ئاراستە کرد.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەو بارەیەوە پەیامێکی بڵاوکردۆتەوە و نوسیویەتی بەداخێکی زۆرەوە ئاگاداری گیان لە دەست دان و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئێران بووینەوە لە ئەنجامی هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر مەزارگەی شاچراغ لە شاری شیرازی ئەم وڵاتە. ئێمە بە توندی ئیدانەی ئەم هێرشە تیرۆریستییە دەکەین و داوای ڕەحمەتی ئیلاھی بۆ قوربانیان دەکەین و پرسە و سەرەخۆشیی خۆشمان بە کەسوکاری قوربانیان و خەڵک و حکومەتی دۆست و برای وڵاتی "ئێران" ڕادەگەیەنین و بۆ بریندارانی کارەساتەکەش ئاواتی چاکبوونەوەی خێرا دەخوازین.
هەروەها «مەولود چاوش ئۆغڵو» وەزیری دەرەوەی تورکیا بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە پەیامێکدا لە تویتەر نووسیویی: "بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستییە قێزەون و خیانەتکارانەیە دەکەین کە دژی مەزارگەی پیرۆزی شیعەکان لە شاری شیراز ئەنجامی گرتووە. «چاوش ئۆغڵو» دوعای ڕەحمەتی بۆ قوربانیانی ئەم هێرشەو چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکان کرد.
وەزارەتی دەرەوەی سووریاش ڕۆژی پێنجشەممە دەستبەجێ لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی ئەو کارە تیرۆریستییەی کردو ڕایگەیاند کە ، ئەم ڕووداوە جارێکی دیکە نیشانی دا کە تیرۆر یەکێکە لە کەرەستە فەرمییەکانی واشێنگتۆن بۆ بە ئامانج گرتنی سەقامگیریی وڵاتان بە مەبەستی بە چۆک داھاتنیان لە بەرامبەر ئەمریکادا.
لەم بەیاننامەیەدا وەزارەتی دەرەوەی سووریا هاوپشتیی تۆکمەو تەواوی خۆی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران دەربڕی و لە جەماوەرو حکومەتی ئێران و هەروەها بنەماڵەی قوربانییەکان سەرەخۆشیی کرد.
وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش وێڕای ئیدانەکردنی ئەم ھێرشە تیرۆریستییە، جەختی لە ھەڵوێستی نەگۆڕی ئەم وڵاتە کرد بۆ خەباتی دژی تیرۆریزم و توندوتیژی و ئایدۆلۆژیای توندڕەوانە. وهزارهتی دهرهوهی عێراق ھەروەھا هاوسۆزی خۆی بۆ حکومهت و نهتهوهی ئێران دهربڕی و لە کهسوکاری شههیدانی ئهم ڕووداوه تیرۆریستییهش سەرەخۆشیی کرد.
«عەممار حەکیم» ڕابەری ڕەوتی حیکمەتی نیشتیمانیی عێراقیش لە پەیامێکدا وێڕای شەرمەزار کردنی ڕووداوە تیرۆریستییەکەی شاچراغ، سەرەخۆشی لە ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی و نەتەوەی ئێران کرد.
لە پەیامەکەی "سید عەممار حەکیم" دا ھاتووە:لە قوڵایی دڵەوە پرسەو سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی و نەتەوەی موسڵمانی ئێران دەکەین بۆ ئەم ڕووداوە و لە خوای گەورە داواکارین شەهیدانی ئەم کارەساتە بخاتە بەر ڕەحمەتی خۆی و بەهەشت بکاتە جێگەیان و سەبر و ئارامی بە بنەماڵەکانیان ببەخشێ، بریندارانیش شیفا بدات.
«سەیید حەسەن نەسروڵڵا» ئەمینداری گشتیی بزوتنەوەی حزبوڵڵای لوبنانیش ڕۆژی پێنج شەممە ڕایگەیاند: ڕووداوە تیرۆریستییەکەی شیراز دەبێ ببێتە ھۆکارێک بۆ وریا بوونەوەو تێگەییشتنی زیاتری گەلانی ناوچەکە، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئیستیکباری جیهانی بووەتە هۆی نائەمنی و داکۆکیکاری سەرکردەکانی داعش لە سووریا و عێراق و ئەفغانستان و وڵاتانی ناوچەکە.
«سەیید حەسەن نەسروڵڵا» ڕوو لە جەماوەری ئێران وتی: دڵنیابن ئەوانەی سەرکردایەتیی ئاژاوەگێڕییەکانی ئێران دەکەن هەر ئەوانەن کە بکوژەکانیان ناردووە بۆ شیرازو ژوورێکی ڕەشی ھاوبەش هەیە کە ئەمریکا بەڕێوەی دەبات.
وەزارەتی دەرەوەی میسریش لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی کردەوە تیرۆریستییەکەی مەزارگەی شاچراغی شیرازی کرد و داوای یەکڕیزی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە هەموو شێوەکانیەوە.
وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی رزگاریی نیشتیمانیی یەمەنیش ڕایگەیاند که هەرھەنگاوێک که شوێنی کۆبوونەوەی خەڵکی مەدەنی بکاته ئامانج، دژی بەها ئایینی و ئەخلاقی و عورفی و مرۆڤییەکانە .
ئەم وەزارەتخانەبە هاوسۆزیی حکومەتی رزگاریی نیشتیمانی لە شاری سەنعا لەگەڵ حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەرامبەر تیرۆر و تیرۆریستان راگەیاند و وتیشی: تیرۆر بە هەموو شێوەکانیەوە جێگەی قبوڵکردن نییە و بە یەکێک لە مەترسییە هەرە جدییەکان دادەنرێت بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشتی نێودەوڵەتی.
«محەممەد عەلی ئەلحوسی» ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی یەمەنیش وێڕای شەرمەزارکردنی هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر شاچراغی شیراز لە توییتێکدا نووسیویەتی: ئەم هێرشە تیرۆریستییە هاوپشتیی نەتەوەی ئێران بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمن زیاتر دەکات.
بزووتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەلەستین (حەماس)یش، بە ئیدانەکردنی هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر زیارەتکارانی مەزارگەی پیرۆزی حەزرەتی ئەحمەد ئیبنی موسا (ع) لە شیراز کە بووە هۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەک لە زیارەتکاران، لە ڕابەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئایەتوڵڵا خامنەیی و گەلی ئێران سەرەخۆشیی کرد.