تشرینی دووه‌م 09, 2022 22:47 Asia/Tehran
  • بەڵێنەکانی ئەردۆغان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە

سەرۆک کۆماری تورکیا لە ناو یەکێک لە جەنگەی قەیرانێکی ئابووریی بێ وێنەی ئەم وڵاتە بەڵێنی ڕۆژانی باشتری دا.

هەڵاوسان لە سەرووی 85% و دابەزینی بەرچاوی بەهای دراوی نیشتمانیی «لیرە» و دواتر بێکاری و هەژاری، ئاسۆی داهاتووی «ڕەجەب تەیب ئەردۆغان» سەرۆک کۆماری تورکیا و پارتی دەسەڵاتدار دادوگەشەی تاریک کردووە.هەموو ئەو ڕاپرسیانەی کە ئەنجام دراون ئاماژەن بۆ شکستی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی ٢٠٢٣دەکەن.

لە وەھا دۆخێک دا، ئەردوغان لە لێدوانەکانی ئەم دواییەی دا، بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕۆژانی باشتر بۆ دەنگدەران دەدات و چاودێرانی کاروباری سیاسیش ئەو بەڵێنە دوورمەودایانە بە بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ کاندیدی پارتی دەسەڵاتدار وەسف دەکەن.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی ئەنادۆڵ، «ڕەجەب تەیب ئەردۆغان» ڕۆژی سێ شەممە باسی لە بەردەوامیی هەوڵەکان بۆ پەرەپێدان و گەشەی ئابووریی تورکیا و پەیوەندی کردنی ئەو وڵاتە بە گرووپی ١٠ وڵاتی پێشکەوتووی جیهانی کرد.

ئەردۆغان بانگەشەی کرد، بە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانمان، لە ساڵی ٢٠٢٣دا تورکیا دەگەیەنینە شوێنی شیاوی خۆی.

با ئەوەش بوترێت کە شارەزایانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی کە لە ١٤ تا ٢٦ی ئۆکتۆبەر بە ئامانجی لێکۆڵینەوە لە دۆخی ئاڵۆزی ئابووریی تورکیا ڕەوانەی ئەم وڵاتە کرابوون، ڕاپۆرتی کۆتایی خۆیان بڵاو کردەوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەردۆغان بۆ کەمکردنەوەی ڕادەی هەڵاوسانی ئابووری و دەربازکردنی بەهای لیرە، ڕێکارێکی پێچەوانە و نائاسایی گرتووەتەبەر، شارەزایان دوای لێکۆڵینەوە لە دۆخی ئابووریی تورکیا بۆ ماوەی دوانزە ڕۆژ، وێڕای ڕەخنەگرتن لە دەستوەردانەکانی ئەردۆغان و سەندنەوەی سەربەخۆیی لە بانکی ناوەندی، ڕایانگەیاند: بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوودی بانکی تاکە ڕێگایە بۆ ڕزگارکردنی ئابووریی ھەڵشکاوی ئەم وڵاتە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرۆک کۆمار چەند مانگێکە کەمکردنەوەی ڕێژەی سوودی خستووەتە بەرنامەی کاری خۆیەوە.

بەپێی زانیارییەکان، پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی حکومەتی تورکیا 6 هاوپەیمانییان بۆ دوورخستنەوەی ئەردۆغان لە دەسەڵات پێکهێناوە، بە ئامانجی ناساندنی کاندیدێکی ھاوبەش لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا.

سەرپەیڤ