تشرینی دووه‌م 17, 2022 06:45 Asia/Tehran
  • ھێرشی تیرۆریستی لە «ئیزە»ی خوزستاندا

لە ئەنجامی هێرشێکی تیرۆریستی لە شاری «ئیزە»ی سەر بە پارێزگای خوزستانی باشووری ڕۆژئاوای ئێران، پێنج هاوڵاتی شەھید و دە کەسی دیکەش بریندار بوون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران،ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی نۆڤەمبەر دوای ئەوەی تیمێکی تیرۆریستی چوونە نێو بازاڕی ناوەندی شاری «ئیزە» و تەقەیان لە خەڵک و بەسیجیەکان کرد، پێنج کەس گیانیان لەدەست داو ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون. بە قسەی سەرچاوەیەکی ئەمنیی ئاگادار، بارودۆخی بریندارەکان جێگیر نییە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، دوابەدوای بانگەوازی ڕۆژانی پێشوو بۆ ئەنجامدانی گردبوونەوەی ناڕەزایانە، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ، کۆمەڵێک بە پرژوبڵاوی و لە دەستەگەلی ٤٠ بۆ ٥٠ کەسی لە هەندێک ناوچەی شاری «ئیزە» گردبوونەوەو وێڕای ھەڵدانی دروشمگەلی نائاسایی، بەردیان لە ھێزەکانی پۆلیس گرت و ئەوانیش بۆ بڵاوە پێکردنیان گازی فرمێسک ھێنیان بۆ ھاویشتن.

لە پەراوێزی ئەم گردبوونەوە سنووردارانەدا، دوو ماتۆڕ سوار پەیدا بوون و لە ھەنگاوێکی  تیرۆریستیدا بە چەکی سەربازی دەستیان لە پارێزەرانی ئاسایشت و خەڵکی ئاساییش کردەوەو تەقەیان لێ کردن. لە ئەنجامی ئەم ھێرشە تیرۆریستییەدا ھەتا ئێستا پێنج کەس شەھید و نزیکەی دە کەسیش بریندار بوونە.

ھەر لەم پەیوەندییەدا پارێزگاری خوزستان لە پەیامێکدا وێڕای ڕاگەیاندنی سەرەخۆشی بە بۆنەی شەھید بوونی ھاوڵاتیان لە ڕووداوە تیرۆریستییەکەی ئیزەی خوزستاندا ، جەختی لەوە کردووەتەوە کە،با بەکرێگیراوان و دوژمنانی کۆماری ئیسلامی بزانن کە ئەو جۆرە تاوانکارییەو ڕشتنی خوێنی خەڵکی چەوساوە و بێ دەرەتان هەرگیز ورەی پۆڵایینی جەماوەری پشوودرێژو خۆڕاگری خوزستان دانابەزێنێ.

«سادق خەلیلیان» وتیشی: بەدڵنیاییەوە کردەوەی وەھا سەرەڕۆیانە قەت بێ وەڵام نابێت و دەزگا ئەمنی و ئاسایشتییەکان وێڕای دەستنیشانکردنی ھاندەرانی ئەم تاوانە دڕندانەیە، وەڵامێکی گورچکبڕو لە بیرنەکراوەی بکەران و پێکەرانی تاوانکارییەکە دەدەنەوە.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە نوێنەری وەلیی فەقیھ  لە پارێزگای خوزستانیش ڕووداوە تیرۆریستییەکەی ئیزەی بە نیشانەی ھیوابڕاویی دوژمنان زانیوەو وتوویەتی: ئەم هێرشه دڕندانەیە که دڵ و ڕۆحی  نەتەوەى ئێرانی ئیسلامیی به گەورەو بچووکەوە ھێنایە ژان، نیشانەیەکی دیکەی ھیوابڕاوی و دۆش دامانی دوژمنانی سوێندخواردووی حکومەت و شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانه .

حوججەتولئیسلام وەلموسلیمین «سەیید محەممەد نەبی موسەوی فەرد» لە پەیامێکدا ڕایگەیاندووە: هێرشی دڕندانەو ترسنۆکانەی دارەدەستە تیرۆریست و چەپەڵەکان لە شاری «ئیزە» کە لە ئەنجامدا شەهیدو برینداربوونی ژمارەیەک لە پاسەوانانی ئاسایشت و هاوڵاتیانی ئازیزو بەشەرەفی لێکەوتەوە، بووەتە ھۆی خەم و پەژارەیەکی زۆری قوڵ و دیارە بەرگەگرتنی وەھا کارەساتگەلێکیش کاتێک ئاسان دەبن کە بکەران و پێکەرانی تاوانەکە بە زووترین کات لەلایەن دەسەڵاتەوە دەستنیشان  و دەستگیر بکرێن و لەسەر کارە دڕندانەکانیان سزا بدرێن.

ھەر پەیوەست بە ھێرشە تیرۆریستییەکەی ڕۆژی چوارشەممەی «ئیزە»ی پارێزگای خوزستانی باشووری ئێران، سەرۆکی دادوەریی پارێزگاکەش ڕایگەیاندووە: لە ھەمان ڕۆژی ڕووداوەکەدا سێ کەس لە ئەنجامدەرانی سەرەکیی ھێرشە تیرۆریستییەکەو ئاژاوەگێڕییەکانی شاری «ئیزە» دەستبەسەر کران و هەوڵەکانیش بۆ ناسین و دەستبەسەرکردنی تاوانبارانی دیکەش بەردەوامە.

«عەلی دیهقانی» وتووشیەتی: لە کارەساتەکەی شاری «ئیزە»دا پێنج کەس لەوانە کوڕێکی تەمەن ٩ ساڵان و ئافرەتێکی  ٤٥ ساڵان و ٣ گەنج شەهید بوونە و ١٠ کەسی دیکەش بریندار کراون. لە ئێستادا سێ لە بکەرە سەرەکییەکانی ھێرشەکەو ئاژاوەگێڕییەکانی ڕۆژی چوارشەممەی شاری «ئیزە» دەستبەجێ دەستبەسەر کران و هەوڵدان بۆ دەستنیشانکردن و دەستگیرکردنی تاوانبارانی دیکەش بەردەوامە.

سەرۆکی دادوەریی پارێزگای خوزستان ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە، داواکاری گشتیی ناوەندی پارێزگاکە ڕاسپێردراوە ھەتا لە شاری «ئیزە» ئامادە بێت و ڕێوشوێن و چاودێریی پێویست بگرێتەبەر بە مەبەستی تەواوکردنی لێکۆڵینەوە و دەستبەسەرکردنی سەرجەم ئەنجام دەرانی ھێرشە تیرۆریستییەکە.

سپای وەلی عەسر (عج) پارێزگای خوزستانیش دوابەدوای ڕووداوە تیرۆریستییەکەی شەهیدو بریندار کردنی کۆمەڵێک لە هاووڵاتیانی شاری «ئیزە» ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوەو تیای دا وێڕای سەرەخۆشی کردن لە کەس و کاری شەھیدان بانگێشتنی جەماوەی پارێزگای خوزستانی کردووە ھەتا لە نەریتی بەڕێ کردنی تەرمی شەھیدانی ئەو ھێرشە تیرۆریستییە دا بەشدارییەکی شکۆمەندیان ھەبێت.

سپای وەلی عەسری پارێزگای خوزستانی لە ڕاگەیەندراوەکەی دا جەختی لەوە کردووەتەوە کە، ئوممەتی شەهیدپەروەرو بەتایبەت خەڵکی ئاوەزمەندو قەدرزانی خوزستان و شاری ئیزە، بە ئامادەبوونی بەرفراوان و بە جۆش و خرۆشیان لە نەریتی بەڕێ کردنی تەرمی پاک و پرشنگداری شەھیدانی ئەم ڕووداوە تیرۆریستییە، جارێکی دیکە ویستی لێبڕاوانەی خۆیان لە بەرەڤانی کردن لە ئارمانجە بەرزەکانی شۆڕشی ئیسلامی و شەھیدانی ڕێزدارمان نومایش دەکەن.

ھەروەھا ئایەتوڵڵا «سەید ئیبراهیم ڕەئیسی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامیش شەوی چوارشەممە لە سەر پێنج شەممە دوابەبە دوای ڕووداوی تیرۆریستی تەقەکردن لە خەڵک و هێزەکانی پۆلیس لە بازاڕی ناوەندیی «ئیزە»، لە وتووێژێکی تەلەفۆنی دا لەگەڵ پارێزگاری خوزستان، وێڕای ئاگاداربوونەوەی لە وردەکارییەکانی ئەو ڕووداوە تیرۆریستییە، فەرمانی بە ھێزەکانی ئاسایشت و پۆلیس دا کە ھەرچی خێراتر بکەران و پێکەرانی ئەو تاوانە دڕندانەیە  دەستنیشان و ڕادەستی دەزگای دادوەرییان بکەن بۆ سزادان.

سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی وێڕای سەرەخۆشی کردن لە بنەماڵەی شەھیدانی ئەم ڕووداوە، فەرمانی دا ھەتا ھەموو پێداویستی و مسۆگەراتێک بۆ ڕاگەییشتن بە بریندارانی ڕووداوە تیرۆریستیەکە ئامادە بکرێت.

جێگای وەبیرھێنانەوەیە کە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە دوابەدوای کردەوەی تێرۆریستیی تەقەکردن لە خەڵک و پاسەوانانی دابینکەری ئاسایشت لە شاری «ئیزە»ی سەربە پارێزگای خوزستانی باشووری ئێران، پێنج هاوڵاتی شەهیدو دە کەسی دیکەش بریندار بوون.

سەرپەیڤ