کانونی یه‌که‌م 03, 2022 00:04 Asia/Tehran
  • دووھەمین سەردانی سەرۆک کۆمار بۆ پارێزگای کوردستان لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا

گەشتەکەی «ئایەتوڵڵا ڕەئیسی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بۆ پارێزگای کوردستان لە ڕاستیدا جۆرێکە لە پوچەڵ کردنەوەی هەموو ھەنگاوەکانی بەرەی بەرامبەر،کە بەشێوەیەکی ئارام و بە ڕەوتێکی تەواو سروشتی و لە درێژەی گەشتەکەی پێشووی بۆ ئەم مەڵبەندە ئەنجام دەگرێت.

ئەمە یەکەمجار نییە کە باڵاترین کاربەدەستی کارگێڕیی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەردانی ناوچە سنوورییەکانی وڵات و بەتایبەت کوردستان دەکات و لەم ئاراستەیەدا سەرۆکی دەوڵەتی سیانزەھەم لەوەتەی ئەم پۆستەی بە ئەستۆ گرتووە ھەر جۆرە دەرفەتێکی قۆستووەتەوە بۆ ئەوەی سەردانێکی ناوچەکانی کوردستانی ئێران بکات و لەگەڵ خەڵک و بەرپرسانی ناوچەکە دیدارو وتووێژ بکات.

ھێشتا چەند مانگێک زیاتر بەسەر گەشتەکەی پێشووی ئایەتوڵڵا «سەیید ئیبراهیم ڕەئیسی» تێنەپەڕیوە، کە دیسانەوە سەردانی پارێزگای کوردستانی کردو، بە بیانووی بەسەر کردنەوەی پڕۆژەی ئاوی ئەم مەڵبەندە کە لە شوێنی خۆی دا زۆر گرنگە، کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ خەڵک و دەسەڵاتدارانی پارێزگاکەو بەتایبەت زانایانی سوننەو کوردانی ئەم وڵاتە ئەنجام داو دیداری لەگەڵدا تازە کردنەوە. بیانووی سەردانەکەش ھەرچییەک بێت، ئالەم دۆخە نائاساییەدا دەستخۆشانەی ھەیە.

پێش سەفەرەکەی بەڕێزی بۆ ئەم دەڤەرە، بەرەی بەرامبەر بە هەموو ھەست و نەستەوە هاتبووە مەیدان و ئیدی چەندە چنگ و ددانی نیشان داو چەند فێڵی بەکار هێنا با بوەستێ.ھەرلە کوشتنی بەفێڵ و ئاگربەردان لە موڵک و ماڵی گشتی و هێرشکردنە سەر فەرمانبەرانی ئاسایشتەوە بگرە ھەتا بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی کراوە و شاراوەی جۆربەجۆر لەوبەری ئاوەکانەوەو دروستکردنی هاودەنگی لە نێوان ئەو گروپانەی کە ھەتا دوێنێ دەبوو بەسەر لاشەی یەکتردا تێپەڕن بۆ گەییشتن بە ئامانجەکانیان، بە کورتی و بە کوردی ئەوەی پێیان کرا کردیان و بەڵام ئەنجامەکەی بوو بە چی؟!!! ڕاشکاوانەو بەبێ تەقیەکاری دەبێ بڵێین ھیچ!!! بەس بەڵگەیەکی ڕەشی دیکە لە کارنامەی ئەو ئێرانیانەی کە لە ھەل و مەرجی بایکۆت و ھەڕەشەدا پشتی ھاوڵاتیانی خۆیانیان چۆڵ کردو بە ڕیزی بیانییەکانەوە پەیوەست بوون، زیاد کرا.

کاتێک نەخۆشخانە و دەرمانخانەکانمان لە بەر دۆخی گەمارۆو بایکۆتەوە بەدەست نەبوونی چەندین دەرمانی گرنگ بۆ خەڵک دەناڵێنن، لایەنگرانی مافی مرۆڤ و خەمخۆرانی خەڵک و بانگەوازکەرانی «ژن، ژیان، ئازادی» لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای وڵاتەوە خەریکی ھاوردەکردنی چەک و تەقەمەنی و کەرەستەو ئامرازی کوشتن و قەڵاچۆی بەکۆمەڵ بوون و مردنیان بۆ خەڵک بەدیاری دەهێنا. ئینجا با پرسیارەکەی پێشوو دووپات کەینەوە کە ئەی ئەنجامەکەی بوو بە چی؟!!! دیارە وەڵامەکەشی ھەمان وەڵامی پێشووە کە ،ڕاشکاوانەو بەبێ تەقیەکاری دەبێ بڵێین ھیچ!!!

ئەنجامەکەی بوو بەوەی کە لە نامەیەکی دزەپێکراوی یەکێک لەو سەرکردانەی کە بانگەشەی مافی هاووڵاتیانی کوردی ئێران دەکەن ڕوو لە ڕیزی باڵای هاولایەنەکانی ھاتووە: «بزوتنەوەکە بەرەو دامرکانەوە دەڕوات، ئەگەر نەتوانین پەرەی پێبدەین، لە داھاتوودا ھەگەری گەییشتنەوە بەم خاڵەی ئێستامان گەلێک زەحمەتە»... کە ھەڵبەت ھەر ئاواشی لێ ھات. ڕێک لە ھەل و مەرجێکدا کە بەرەی بەرامبەر، کوردستانی ئێرانی وەک چڕگەو ناوەندی سەرکردایەتیی نائارامییەکانی ئەم دواییەی وڵات دەناساند و ڕۆژێک نەبوو هەواڵی ناڕاست سەبارەت بە دەست گیران بە سەر شارێکی کوردستانی ئێران لە میدیاکانی  دوژمنەوە بڵاو نەبێتەوە، گەشتەکەی  «ئایەتوڵڵا ڕەئیسی» سەرۆک کۆماری ئێرانی ئیسلامی بۆ پارێزگای کوردستان لە ڕاستیدا جۆرێک لە پوچەڵ کردنەوەی هەموو ھەنگاوەکانی بەرەی بەرامبەر دێتە ئەژمار،کە بەشێوەیەکی ئارام و بە ڕەوتێکی تەواو سروشتی و لە درێژەی گەشتەکەی پێشووی بۆ ئەم مەڵبەندە ئەنجام دەگرێت و خاڵی جێی سەرنجی سەفەرەکەش، جگە لە دیدار لەگەڵ کەسوکاری قوربانیان و شەهیدانی پارێزگاکە، ئامادە بوونی لە شوێنە جیاجیاکان، لەوانەش بازاڕو شوێنە گشتیەکان و وتاردانی لەبەردەم ژمارەیەکی زۆر لە پێشوازیکەران و بەتایبەتی بەشداریکردن لە نوێژی جەماعەتی یەکێک لە مزگەوتەکانی کوردستان و کۆبوونەوە لەگەڵ زانایانی سوننە و شیعەی پارێزگاکە بوو.

تەوەری یەکڕیزیی نێوان شیعە و سوننە زۆرجار لە قسەو لێداونی زۆربەی بەرپرسانی حکومەت جەختی لەسەر دەکرێتەوە، بەڵام کاتێک ھەنگاوێک لەو ئاراستەیەدا ھەڵدەگیردرێت، ئیدی بەشێکە لە مێژووی گەل و وڵات و لەبیر ناکرێ.

هەر لە بەر ئەمەیە کە، ھەنگاوەکەی ئەم دواییەی ئایەتوڵڵا «سەیید ئیبراهیم ڕەئیسی»، سەرۆک کۆماری ئێرانیش لەمەڕ سەردانەکەی بۆ کوردستان، ئەویش بە شێوەیەکی جەماوەری تر لە جاران و، ئامادەبوون لە بازاڕو لە نێو کاسبکاران، بازاڕکردن لە فرۆشگاکان، بەشداریکردن لە نوێژی جەماعەت ، و نوێژ کردن لە پشت سەر یەکێک لە زانایانی سوننەوە بەڕاستی جێگای ستایشە و جێی خۆیەتی کە بڵێین: کاکە سەیید دەستخۆش.

سەرپەیڤ