کانونی دوھەم 09, 2023 20:40 Asia/Tehran
  • ئەردوغان و کێشەی کۆچبەرانی سووری

سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی «کۆماریخوازی گەل»ی تورکیا حکومەتی ئەردۆغانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە ڕێگری لە هەوڵەکانی ئۆپۆزسیۆن کردووە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی سوریا بۆ وڵاتەکەیان.

پرسی پەنابەران و کۆچبەرانی سوریا یەکێکە لە گرنگترین و بەهێزترین کارتەکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بەرامبەر بە حکومەت و «ڕەجەب تەیب ئەردۆغان» وەک سەرۆککۆماری تورکیا، بەتایبەتی لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا، بەو پێیەی کە ئەم بابەتە کاریگەریی لەسەر هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ساڵی ٢٠١٩ ش ھەبوو  کە لە ئەنجامی دا ئۆپۆزسیۆن توانی کۆنترۆڵی گەورەترین شارەکان بەتایبەت ئەنقەرە و ئەستەمۆڵ بەدەستەوە بگرێت.

سیاسەتمەدارانی تورکیا لەم بوارەدا بە لێدوان و قسەکردن بۆ ڕای گشتیی خەڵک، هەوڵ دەدەن ھەتا ئەنجامێکیان دەست کەوێت، تا ئەو جێگایەی کە ئۆپۆزسیۆنی تورکیا حکومەتی ئەردۆغان لە بەر سیاسەتەکانی پارتی دەسەڵاتداری "دادو گەشە" و پچڕاندنی پەیوەندی لەگەڵ دیمەشق، وەک بەرپرسیاری دۆخی ئێستای سوریا دەناسێنێت.

ئینجا لە بەرامبەردا حکومەتی ئەردۆغانیش بە بەرگری کردن لە هەڵوێستەکانی، بە ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ کاربەدەستانی حکومەتی سوریا، هەوڵی بەرپەرچ دانەوەی ئەم پەلامارانە دەدادت.

ھەر لەم پەیوەندییەدا «کەمال کلیچدارئۆغڵو» سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی پارتی کۆماریخوازی گەلی تورکیا لە ڕەوتی چالاکییەکانی شارەوانیی شاری  «ئیسنیورت» لە ئەستەمۆڵ، جارێکی دیکە وتی: ئەگەر ئۆپۆزسیۆن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانیدا سەربکەوێت و دەسەڵات بگرێتە دەست، ئەوا لە ماوەی دووساڵ دا سورییەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ وڵاتی خۆیان. ناوچەی «ئیسنیورت» یەکێکە لە گەورەترین ناوچەکانی ئەستەمۆڵ کە خەڵکی سوریای تێدا نیشتەجێن.

وەک دوا بابەتیش لەم پەیوەندییەدا جێگری بەڕێوەبەری کۆچبەریی تورکیا وەڵامی قسەکانی «کەمال کلیچدارئۆغڵو» سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی پارتی کۆماریخوازی گەلی تورکیای داوەتەوەو وتوویەتی: پرسی گەڕانەوەی پەنابەرانی سووری بۆ وڵاتەکەیان تەنیا ئەرکی ئەم بەڕێوەبەرایەتییەیەو بەس.

سەرپەیڤ